هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

فیتەرەکانی موسڵ بە سپانە شەڕی داعش دەکەن

ئاژانسی فرانس پرێس

فیتەری نێو سوپای عێراق حسێن، کار لەسەر زرێپۆشێكی فیرقەی 2ی هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراق دەکات لە گەڕەکی سەماحی موسڵ، 17 تشرینی دووەم. [ئۆد ئەندەرسن/ئاژانسی فرانس پرێس]

فیتەری نێو سوپای عێراق حسێن، کار لەسەر زرێپۆشێكی فیرقەی 2ی هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراق دەکات لە گەڕەکی سەماحی موسڵ، 17 تشرینی دووەم. [ئۆد ئەندەرسن/ئاژانسی فرانس پرێس]

لەجیاتی تفەنگ فیتەرەکان سپانەیان هەڵگرتووە و کەمتر لە بەرەکانی پێشەوە دەبینرێن، بەڵام فیتەرەکانی موسڵ دەڵێن بەشێکی دانەبڕاوی شەڕی دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ن.

موقەدەم ئەنوەر راجدی، کە بەڕێوەبەری یەکەی فیتەرەکانی هێزی بژاردەی ئاژانسی دژە-تیرۆری عێراقە، دەڵێت: "گەر زرێپۆشەکان لەکاربکەون و چەکەکان کارنەکەن بەبێ ئەوەی کەسێك هەبێت چاکیان بکاتەوە، چۆن دەتوانین پێشڕەویی دژی داعش بەدەستبهێنین؟"

ئەو فەرماندە باڵابەرزە بە شانازییەوە دەڵێت کە یەکەکەی "گرنگترین بەش"ی شەڕی یەك مانگەی دووەمین گەورە شاری عێراقە، کە دوایین [شارە] لە وڵاتەکەدا بەدەست داعشەوە مابێت.

بە پێشڕەوی زیاتریان بەرەو خۆرهەڵاتی شارەکە، ئاژانسەکە توشی بەربەستی رۆژانە و فیشەکی نیشانگر دەبنەوە، لەگەڵ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لەلایەن ئەو جیهادیانەی هێشتا زۆربەی موسڵیان لەژێردەستدایە.

فیتەری ئاژانسی دژە-تیرۆر موستەفا موعین دەڵێت رۆژانە لەنێوان 15 بۆ 20 زرێپۆشی لەکارکەوتوو دەهێنرێنە یەکەکەیان لەسەر سنوری شارەکە، لەلایەن دوو لۆری گەورەی سپیەوە رادەکێشرێن.

زۆربەی جامەکانیان شوختی تێکەوتوە بەهۆی تەقەی بەردەوامی نیشانگرەکانی داعشەوە، هەندێکیشیان پێویستیان بە چاککردنەوەی خێرای رادێتەر و مەکینە هەیە.

هەندێکی دیکەیان پێویستیان بە گۆڕینی تایە هەیە دوای ئەوەی بەسەر ئەو بزمارانەدا دەڕۆن کە چەکدارانی داعش لە گەڕەکە تەسکەکانی موسڵدا دایان ناوە تا پێشڕەوی هێزەکان هێواشبکەنەوە.

نەخشەیەك کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ئەعماقی سەر بە گروپە جیهادییەکەوە لە 15 تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە دەڵێت داعش نزیکەی 50 زرێپۆش و چوار تانکی تێکشکاندوە لەکاتی شەڕی موسڵدا.

موعین دەڵێت: "چاککردنەوەی رادێتەر نیوسەعاتی دەوێت، بەڵام مەکینە تاقێکی دەوێت."

'وەك چەکدارانی بەرەکانی پێشەوە'

ئەو چاودێریی دوو هاوڕێی لە رۆن-هەڵکێشراوی خۆی دەکات کە هەوڵدەدەن رادێتەرێکی شکاو دەربهێنن.

بە ئاژانسی فرانس پرێسی دەڵێت: "هەوڵدەدەین زرێپۆشەکە بخەینەوە کار بۆ ئەوەی بتوانین تا شەو کارەکە تەواوبکەین و پشوبدەین."

ئەو رۆژانەی شەڕ چڕوپڕە، فیتەرەکان دەنێردرێنە بەرەکانی پێشەوە تا هەر لە شوێنی خۆیدا ئامێرەکان چاکبکەنەوە.

ئەوان دەخشێنە ژێر ئۆتۆمبیلە شکاوەکانەوە تا بەشەکانیان بگۆڕن، قاچەکانیان بەشێوەیەکی ترسناك لەدەرەوەیە لەکاتێکدا گولەکان ویزەدەکەن بەلای ماڵەکانی دەوروبەریان .

بەڵام کاتێك یەکەکانی دژە-تیرۆر هێزی پاڵپشتیی دەنێرنە هێڵەکانی پێشەوە، رادەی کارکردن کەمترە و فیتەرەکان لە حەوشەیەکی بەر سێبەردا خۆیان بە یاری ئاسنەوە خەریکدەکەن.

ئەسیل شەعلان، کە بەرپرسە لە چاککردنەوەی چەك دەڵێت: "گەر پێشڕەوی روبدات، رۆژانە نزیکەی 20 چەك چاکدەکەینەوە. بەڵام گەر پێشڕەویی نەبێت، بە ئاشکرا دەیبینیت کە ئێستاکە ئیشی وام نیە."

بەشە گەورەکانی ئۆتۆمبیل، وەك مەکینە و رادێتەر، بەشێوەیەکی ئاسایی لە بەغداوە بە ئۆتۆمبیل دەنێردرێن بۆ دەوروبەری موسڵ.

فیتەرەکان هەوڵیش دەدەن ئەو بەشانە دەربهێنن کە کاردەکەن لەنێو پاشماوەی ئەو ئۆتۆمبیلانەی بەهۆی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکانی داعشەوە سوتان و چاکنابنەوە.

فیتەر قوسەی عەدنان دەڵێت: "ئێمە لێرە لە کارگەکە یاریدەی شەڕی دژی داعش دەدەین."

"من سەرباز نیم لە بەرەکانی پێشەوە شەڕبکەم، بەڵام هەر وەك ئەوانم."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

دەستان خۆش چۆن ئەتوانین لاپەرەکەتان لای خۆمان ئەد بکەین

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌