لەگەڵ بەردەوامی شەڕی سوریادا، رژێم و هاوپەیمانەکانی، لەنێویاندا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی، ستراتیژێکی ورد جێبەجێدەکەن بۆ ئاسانکاریی بۆ داهاتوی سوریا، شیکاروانان بە دیارونا دەڵێن.
دەڵێن ئەم ستراتیژە تەرکیزی لەسەر گۆڕانکاریی دیمۆگرافییە لە ناوچەکانی دەوروبەری بنکەکانی رژێمدا تاکو ناوچەیەکی بەربەست بەو خەڵکانە دروستبکەن کە هاوسۆزی رژێمن و ئۆپۆزسیۆن بکەنە دەرەوە.
رژێم و هاوپەیمانەکانی زیاتر ئەم ناوچانە ناودەبەن بە "سوریای بەسود".
شیکاروانان دەڵێن سیاسەتەکە لە چەند بەشێکی سوریا جێبەجێدەکرێت، به‌شێوازی جۆراوجۆر، لەوانه پێدانی هاندەری دارایی بە خەڵکە سوننیەکە تا واز لە موڵکەکانیان بهێنن و هه‌روه‌ها به دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و زه‌ویی ئاوارەکان.
دەڵێن دانیشتوان و ناوچە ستراتیژیەکانی دەوری ناوەندەکانی شار، وەك دیمەشق و حومسیش دەرکراون بەهۆی گەمارۆ یان هێرش و بەئامانجگرتنەوە.
'سوریای بەسود'
شیکاروانی ستراتیژی، لیوا یەحیا محەمەد عەلی، کە ئەفسەرێکی میسریی خانەنشینە وتی: "بە چاودێریکردنی رەوتی شەڕی بەردەوام لە سوریا، دەتوانیت بە ئاسانی جێبەجێکردنی پلانێکی ئاشکرا ببینیت بۆ چۆڵكردنی هەندێك ناوچە لە دانیشتوانه‌كانیان."
ناوبراو بە دیارونای وت ئەمە جێبەجێدەکرێت بە ئامانجی دروستکردنی "پشتێنەیەکی ئەمنی بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی بەتەواوەتی لەلایەن رژێمەوە کۆنترۆڵکراون".
وتیشی بۆ نمونە لە شاری حومس، رژێم و هاوپەیمانەکانی قەزای باب عەمرویان گرت، دواتر باب درێب، باب تەدمور، باب سەباع، جەب جوندەلی، رەفاعی، نازحین، کەرەم زەیتون، عەدەویە و مەریجە.
وتی ئەم ناوچانە بە "تۆپبارانی هەڕەمەکی قورس و دواتر شاڵاوکردنە سەر ماڵەکان" هێرشیانکرایە سەر.
هه‌روه‌ها وتی ژمارەیەك شارۆچکە و گوندی ناوچە کەناریهکان، لەنێویاندا گوندەکانی جەبەل ئەکراد وەك جەنکیل و بابونا، چارەنوسێکی هاوشێوەیان هەبوو، وەك هەندێك گەڕەکی سوننەی شاری لازقیە، کە بنکەیەکی سەرەکی رژێمە.
عەلی وتی هەمان سیناریۆ لە هەندێك ناوچەی دەوروبەری پایتەختی سوریا دوبارەبووهوە، لەنێویاندا قەلەمون و غۆتە، بەبیلا و یەڵدا و قەزاکانی دیمەشقی بەرزە و قەدەم.
وتی: "ئەمە لە شاری داریا لەهەمو شوێنێك رونتربوو، کە دانیشتوانەکەی کەمکرایەوە بۆ رادەیەکی زۆر کەم لەکاتی گەمارۆیەکی خنکێنەری شارەکە کە نزیکەی چوار ساڵ بەردەوامبوو."
وتیشی ئه‌و دانیشتوانەی مابووه‌وه و نزیکەی 10,000 کەس ده‌بوون "رێیانپێدراوە بە هەمیشەیی جێیبهێڵن".
دەستبەسەراگرتنی موڵك
بەگوێرەی پارێزەری سوری، بەشیر بەسام، کە لە قاهیرە نیشتەجێیە، ژمارەیەك پارێزەر کە سەر بە رژێم بوون "دەسەڵاتی بریکاری دادوەریان بۆخۆیان دروستکرد بۆ ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی سوریادا بوون و موڵکیان بە لایەنی دووەم فرۆشت لە زنجیرەیەك لە مامەڵەی داراییدا کە ئه‌وه زه‌حمه‌تده‌كات فرۆشراوه‌كان بدۆزرێنه‌وه له مامەڵە [سەرەتاییەکەدا]".
به‌سام بە دیارونای وت ئەمەش وادەکات بۆ قوربانیەکان زه‌حمه‌ت بێت بچنە دادگا و تەحەدای دەسەڵاتی بریکاری دادوەریی بکەن.
وتیشی ئەم شتە بە کەیسی تاك تاك دەستیپێکرد کە سەرەتا وەك کەیسی جودای ساختەکاری سەیردەکران، وتیشی "دواتر ئاشکرابوو کە زیاتر لە 150 حاڵه‌تی لەوشێوەیە روویداوە".
وتی گوایە زیاتر لە 50 لەم کەیسانە لە موڵکەکانی گەڕەکی قودسیەی دیمەشق بوون، وتیشی ئەمانە بە کۆمپانیایەکی پشکدار فرۆشراون کە پەیوەندی بە رژێمەوە هەبووە.
هه‌روه‌ها وتی: "ئەم فرۆشانە تەنیا ماڵ و موڵکی دانیشتوانە سونیەکانیان بەئامانجگرتبوو بۆ نەهێشتنیان لەو شوێنە بەهەمیشەیی."
وتیشی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانی میدیای سوریا و نێودەوڵەتی ئاماژە بە بەشداری راستەوخۆی ئێران دەکەن لەم پرۆسەی دابەشکارییە دیمۆگرافییەدا، لەڕێی کۆمپانیا و خاوەنکارە ئێرانیەکانەوە کە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا کاردەکەن كه نزیکن لە رژێمەوە.
بەسام وتی ئامۆزاکانی، دانیشتوی قەزای بەرزەی دیمەشق، بەردەوام هەراسانکراون و دواتر لە ناوچەکە هەڵاتوون بۆ تورکیا.
وتی بە گەیشتنیان بۆ تورکیا، ئۆفەریان پێگەیشت بۆ فرۆشتن، دواتر ناچارکران قایلبن بەهۆی ئەو فشارە داراییەی لەسەریانبوو.
بەسام وتی دواتر زانی کە زۆرێك لەو سوریانەی لە ناوچەکانیان هەڵاتبوون روبەڕووی هەمان دۆخ کراونەتەوە.
وتی: "ئەم چالاکیانە ناکەونە بەرچاو تا ئەوکاتەی دەبینیت بۆردێك دانراوە دەڵێت ئەو ناوچەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی موڵکەوە خاوەنداریی دەکرێت کە پلانی هەیە [بیناکانی ئێستا]ی بڕوخێنێت و لەجێیاندا یەکەی نیشتەجێبوونی گەورە دروستبکات."
هەماهەنگی سوپای پاسداران و رژێم
بەسام وتی قسەی لەگەڵ چەند شایەتێك کردوە کە پێیانوتووە پرۆژە بیناسازیەکانی غۆتە و قەلەمون پرۆژەی سەربازی نین بەڵکو پرۆژەی بازرگانیی مەدەنی و پرۆژەی نیشتەجێبوونن.
وتی هەندێك لە بینا نوێیەکان بەکارهێنراون بۆ جێکردنەوەی سوریە شیعە عەلەویه‌كان و ئەندامانی لوبنانیی حیزبوڵا.
بەسام وتی: "پرۆژەی پاککردنەوەی ناوچە سورییەکان لە سوننە جێبەجێدەکرێت بە هەماهەنگیی تەواو لەنێوان رژێم و هێزەکانی سوپای پاسداران."
وتیشی ئەم هێزانە "رێگاخۆشدەکەن بۆ گروپێك خاوەنکار لە ئێران و سوریا بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامانجی سەرەکیی دروستکردنی پشتێنەیەکی نیشتەجێبوون بەدەوری ئه‌و ناوچانه‌دا كه زۆرینەی عەلەویین و لەلایەن رژێمی حوکمداری دیمەشقەوە کۆنترۆڵدەکرێن."
رونیشیکردەوە کە ئەم ناوچانە پێکەوە ئەوە پێکدەهێنن کە ناودەبرێت بە "سوریای بەسود"، بە مانای ئەوەی ئەم ناوچانە مانەوەی رژێم مسۆگه‌رده‌كه‌ن و دەیپارێزن.
رۆژنامەنوسی سوری محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت دابەشکاریی دیمۆگرافیی نهێنی لە ناوچەی دیکە جێبەجێدەکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش.
وتی چەند ناوچەیەکی دیاریکراو چۆڵكراون لە سونی لەژێر هەندێ پاساودا کە پەیوەندییان بە شەڕەکەوە نیە، له‌وانه گەڕانەوەی دانیشتوان و چەکداران لە ناوچە گەمارۆدراوەکان و پێشکەشکردنی هاندەری دارایی بۆ فرۆشتنی خاك و موڵك.
پەرتکردنی شیرازەی کۆمەڵایەتی
لە ئەیلولی 2012 سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد فەرمانێکی بڵاوکردەوە کە رێیدەدا بە دروستکردنی دوو ناوچەی پلان بۆدانراوی شاری لەنێو پارێزگای دیمەشقدا، بەگوێرەی راپۆرتێك له 2015 دا له‌لایه‌ن نامی شامه‌وه، کە گروپێكی چالاکوانن و تەرکیز دەخەنە سەر ئاشکراکردنی رۆڵی رژێمی ئێران لە سوریا.
به‌گوێره‌ی راپۆرتەکە ئەمە وا نمایشکرا وه‌ك بەشێك بێت لە "پلانێکی گشتی بۆ شاری دیمەشق و بۆ گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی کە پێشتر مۆڵەتی دروستکردنی نشینگەیان بۆ نەبوو" تەرکیزیش دەخاتە سەر ناوچەکانی باشوری خۆرهەڵاتی مازح و باشوری شاڕێگەی باشور.
هه‌روه‌ها به‌پی راپۆرته‌كه: "فەرمانەکە مامەڵە پێوەکردنی موڵك لەم ناوچانە و رێگەدان بە هەر پرۆژەیەکی بیناسازی نوێی قەدەغەکرد. هەروەها داوای لە ئەنجومەنی شار کرد لە ماوەی مانگێکدا لیستی هەموو خاوەن موڵکەکانی ئەم دوو ناوچەیە ئامادە بکەن؛ داواشی لە هەموو خاوەن موڵکەکانی ئەو ناوچانە کرد کە بەئاشکرا خاوەندارێتی موڵکەکانیان رابگەیەنن و بژاردەی ئەوەی دانێ پشکی خۆیان لە موڵکەکان بفرۆشن. بڕیارەکانی 'لیژنەی پسپۆڕان' کە بە فەرمانەکە دروستکرابوو دەبوو 'کۆتا و بێ پێداچونەوە' بن."
عەبدوڵا وتی ئەم فەرمانە پاساوێکی لاوازی شەرعیی بەخشیە پلانەکانی دابەشکردنەوەی دانیشتوان بەجۆرێك لەخزمەتی رژێمدا بێت، بە ئاماژەکردن بەوەی نیازە راستەقینەکان دەرکەوتوون.
وتی ئەو قەرەبوەی دراوەتە دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە 300,000 پاوەندی سوری (1,000 دۆلار) زیاتر نەبووە، بە ئاماژەکردن بەوەی لەوکاتەوە گروپ و خێزانی سوری و ئێرانی و لوبنانی لەم ناوچەیە نیشتەجێبوون.
عەبدوڵا وتی دەستەپێشخەرییەکە لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ "گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی و دانیشتوان بە گۆڕینی راستەوخۆی رێژەی سەددی لە ئایین و تائیفە و گروپی ئێتنی".
وتی ئەم پلانانە کاردانەوەی جددی دوورمەودایان هەیە، کە دەکرێت پێکدادانی نوێی تێدابێت بۆ نەهێشتنی تازەهاتووەکان کە شوێنی ئەو کەسانەیان گرتووه کە بەزۆر دەرکراون.
هەتا ئێران لە ناوه‌وه بێت، سوریا و ئه‌وانه‌ی له سوریان لەدەست دەچن!
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت
شیكاریهكهت تاڕاده‌یه‌ك په‌سه‌ند ده‌بوو، ئه‌گه‌ر ئێران و سوریا هه‌مان زمانیان هه‌بووایه و له‌وه‌ش گرنگتر، ئه‌گه‌ر ئاسایش له سوریادا سهقامگیربوایه و شه‌ڕی ناوخۆ له‌و وڵاته‌دا نه‌بوایه. له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌مانتوانی بڵێین ئێرانیه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ندێك خه‌ڵكی وڵاتانی تریش ده‌یانگواسته‌وه بۆ ئه‌وێ و شتی له‌و بابه‌ته. به‌ڵام براكه‌م! چه‌ند ئێرانی ده‌ناسین كه بیه‌وێت زمان و وڵاتی خۆی به‌جێبهێڵێت بۆئه‌وه‌ی بگوازێته‌وه بۆ وڵاتێك كه شه‌ڕ وێرانیكردووه و له هه‌ر ساتێك‌دا كه‌سێك ده‌توانێت له‌وێ بمرێت و بارودۆخی حكومه‌ته‌كه‌ی ته‌واو نادیاره؟ ئه‌گه‌ر باسی لوبنانت بكردایه یان یه‌مه‌ن، یان هه‌ر وڵاتێكی هه‌ژاری تری به شه‌ڕ وێرانبوو، زۆر په‌سه‌ندتر ده‌بوو. به‌هه‌رحاڵ، نكوڵی له‌وه ناكه‌م كه هه‌ر حكومه‌تێك سیاسه‌تی تایبه‌تیی هه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی. به‌ڵام دیسان، تۆ هیچ ره‌چاوی ئه‌و راستیه‌ت نه‌كردووه كه كه‌سانی به‌ته‌ماح هه‌ن كه هیچ ره‌حمێكیان له‌دڵدا نیه بۆ پڕكردنی گیرفانیان له پاره. هه‌ر فڕوفێڵێك هه‌بێت به‌كاریده‌هێنن بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وی و موڵكوماڵی خه‌ڵكدا بۆ سودی خۆیان و هه‌زار هۆی تریش هه‌ن.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت
نوسینەکەت زۆر سەرنجڕاکێشە؟ رونکردنەوەی زۆری تێدایە دەربارەی دۆخی سوریا. باشتر لە تێکشکاندنی پلان بۆدانراو دەگەم و ئەو خاڵەش کە بەشار ئەسەد لەدوای خۆی وێرانکاری جێدەهێڵێت.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه3 كۆمێنت