هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

حکومەتی عێراقی کۆمەکی هەزاران کەس دەکات کە لە موسڵ هەڵدێن

خالید تائی

ژنێکی عێراقی کە لە شەڕ هەڵاتوە لە موسڵ کۆمەکی پێدەگات لە کەمپی خازر بۆ ئاوارەکان. [خاوەنی فۆتۆ: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

ژنێکی عێراقی کە لە شەڕ هەڵاتوە لە موسڵ کۆمەکی پێدەگات لە کەمپی خازر بۆ ئاوارەکان. [خاوەنی فۆتۆ: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

حکومەتی عێراق داڵدە و کۆمەك دەبەخشێتە هەزاران خێزان کە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەڵاتون، بە پێشڕەوی هێزەکانی عێراق بۆ رزگارکردنەوەی شاری موسڵ.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران سێشەممە (8 تشرینی دووەم) رایگەیاند ژمارەی ئاوارەی ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری موسڵ گەیشتۆتە 37,184 کەس

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "تیمەکانی وەزارەت ئەمڕۆ پێشوازییان لە 1,823 ئاوارەی مەدەنی کرد لە مەحلابیە، قەراج، موسڵ و سەماحی پارێزگای نەینەواوە، هەروەها لە حەویجەی پارێزگای کەرکوکەوە."

ئەوان گوازرانەوە بۆ کەمپەکانی حەسەن شام و دیبەگە، دەکەونە خۆرهەڵاتی موسڵەوە، کە لەوێ خواردن و کۆمەکی جۆربەجۆریان پێشکەشدەکرێت.

بەڕێوەبەری لیژنەی باڵای فریاکەوتنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دیە سەڵاڵ وتی کەمپەکانی دیکە لەپێش دەستپێکی شەڕەکەوە ئاوارەیان پێدەگات، لەنێویاندا کەمپەکانی جەدە، گەیارە، خازر لە هەولێر و زلێخان لە شێخان.

بە دیارونای وت: "هەر کە ئاوارەکان گەیشتنە بنکە سەربازییەکانمان، لە هێڵەکانی شەڕەوە بە یارمەتی هێزە ئەمنیەکانمان دەیانگوازینەوە بۆ کەمپەکان."

وتیشی دواتر و دەستبەجێ کۆمەکی کەلوپەلی نیشتەجێبون، خواردن و فریاگوزاریان پێدەدرێت.

دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە

"زۆر کارمان کردوە بۆ زاڵبون بەسەر تەحەداکاندا،" وتی: "تەحەداکان گەورەن بەڵام دەتوانین روبەڕویان ببینەوە و دۆخەکە کۆنترۆڵبکەین."

محەمەد حسێنی لە وەزارەتی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بە دیارونای وت وەزارەتەکە بە هەزاران کۆمەکی خواردنی بۆ ئاوارە نیشتەجێکان دابینکردوە.

وتی: "لەنێویاندا بوخچەی خواردنی وشککراوە، جلوبەرگ، دۆشەك، لێفە، تەباخی چێشتلێنان و کەلوپەلی ناوماڵ."

وتی بە هاوکاری وەزارەتی نەوت، نەوتی سپیش دابەشکرا بەسەر زیاتر لە 2,000 خێزان، 200 لیتر بۆ هەر خێزانێك.

حسێنی وتی: "دابەشکردنی کۆمەك بەردەوامە و ئێمەش ئامادەین خزمەتی خەڵکە ئاوارەکەمان بکەین."

لە هەمانکاتدا، هەندێك گوند و ناوچە رزگارکراون و لەئێستادا دانیشتوانە هەڵاتوەکەیان دەگەڕێنەوە.

جێگری وەزیری کۆچبەران جاسم عەتیە وتی لە ناوچەی گەیارە و گوندەکانی دەوروبەری لە باشوری موسڵ، لانیکەم 4,000 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان لە کۆتایی مانگی ئابەوە.

وتی وەزارەت سوورە لەسەر ئەوەی هەمو ئاوارەکان زوو بگەڕێنەوە ماڵەکانیان دوای ئەوەی ئاسایش گەڕێندرایەوە.

وتی: "کاتێك ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەوە باری ئاوارەیی سوك دەکات و یارمەتیمان دەدات تەرکیز بخەینە سەر ئاوارە نوێکان."

'سەلامەتین'

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی محەمەد حەمدانی بە دیارونای وت وەزارەت خۆراکی گواستۆتەوە بۆ ناوچە رزگارکراوەکان لە باشوری موسڵ.

کۆمەکی خۆراك ئارد، شەکر، رۆن و برنجی تێدایە و دابەشدەکرێن بەسەر خێزانەکانی گەیارە و گوندە رزگاکراوەکانی وەك هود، لازاخە و ئوم مەنسیسدا.

حەمدانی وتی: "ئازوقەی خۆراکمان لایە کە بەشی هەمو دانیشتوانی موسڵ و دەوروبەری دەکات."

وتی: "ئامادەییمان زۆرە و بەردەوامین لە دابینکردنی پێداویستی خۆراك بۆ هەر ناوچەیەك کە لە چەوساندنەوەی داعش رزگاریدەبێت."

ئەبو وەدحە کە کەسێکی ئاوارەوبوە داوایکرد ناوی خوازراوی بەکاربهێنرێت وتی ئەو و دەیان خێزان لە گوندی بەزوایا هەڵاتون لە خۆرهەڵاتی موسڵ دوو هەفتە لەمەوبەر، پەنایان بردۆتە بەر هێزە ئەمنیەکان.

بە دیارونای وت: "هێزەکانی پێشمەرگە رزگاریان کردین. ئەوان خواردن و خواردنەوەیان پێداین و گواستیانینەوە بۆ کەمپی خازر."

وتی: "ئێستا چاودێریمان دەکرێت، خواردنمان پێدەدرێ و لەهەموی گرنگتر سەلامەتین."

وتیشی: "ئەوە ئەو شتەبوو پێویستمان بوو. چیتر تیرۆریزم و کوشتار و کۆتوبەند نەما. سوپاس بۆ خودا رزگارمان بوو."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500