هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق ئامادەن بۆ روبەڕوبوونەوەی تاکتیکە نائومێدانەکانی داعش لە موسڵ

خالید تائی

کچێکی عێراقی سوپاسی هێزە ئەمنیەکان دەکات بۆ رزگارکردنی خێزانەکەی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

کچێکی عێراقی سوپاسی هێزە ئەمنیەکان دەکات بۆ رزگارکردنی خێزانەکەی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق دەڵێن ئامادەن بۆ روبەڕوبوونەوەی ژمارەیەك رێوشوێنی نائومێدانە و تاکتیکی خافڵگیرانە کە رەنگە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بیانگرێتەبەر، لەکاتێکدا هێرشی رزگارکردنی موسڵ گوڕدەسێنێت.

یەکێك لەو تاکتیکانەی داعش دەیخاتەگەڕ بەکارهێنانی مەدەنیەکانە وەك قەڵغانی مرۆیی.

سەربازێكی فەوجی 15 لە سوپای عێراقیدا، سەلام عەلی، وتی ئەندامانی داعش لە روبەڕوبوونەوەی سەربازانی عێراق دەترسن لە شەڕدا و ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرجار لەنێو مەدەنیە بێچەکەکاندا خۆیاندەشارنەوە.

ناوبراو بە دیارونای وت: "بەڵام ئێمە ئامادەین بۆیان و ناهێڵین ئازاری خەڵك بدەن."

هێزەکانی عێراق خۆیان خستە مەترسیی تەقەی نیشانگرەکانی داعشەوە و رژانەناو گوندی سەڵاحییەوە لەکاتی پێێشڕەوییە سەربازیەکەیاندا بۆئەوەی دوو ژن و پێنج منداڵ رزگاربکەن کە بەهۆی تەقەکردنەکانەوە گیریانخواردبوو.

وتی: "خۆخستنە مەترسیەوە گرنگ نیە. ئەوەی گرنگە ئەوە بوو توانیمان ژیانی حەوت کەسی بێگوناه رزگاربکەین."

داعش رێوشوێنی نائومێدانەی تریشی گرتۆتەبەر بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەویی سوپای عێراق بەرەو موسڵ، قەڵای سەرەکیی گروپەکە لە عێراق.

دەیان چەکدار و خۆکوژی داعش بەمدواییانە هێرشیان کردەسەر کەرکوك و روتبە لەهەوڵێکدا بۆ "خافڵکردنی هێزە سەربازیەکان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر چەکدارەکانی لە موسڵ"، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت.

رەسوڵ وتی: "بەڵام ئەم دوو هێرشە زۆر بەخراپی نشوستیان هێنا بەهۆی وریایی و جەربەزەیی هێزە ئەمنیەکانەوە."

وتیشی: "کاتێك پلانی شەڕی موسڵمان دانا، رەچاوی ئەوەمان کرد کە رەنگە چەتەکانی داعش پەناببەن بۆ هەموو شێوازێكی پاراستنی خۆیان."

هەروەها وتی ئەندامانی داعش هەوڵیاندا بەرەی تر بکەنەوە لە کەرکوك و روتبە لە هەوڵێکدا بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی میدیایی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خۆیان، بەڵام لەکۆتاییدا دۆڕاندیان و هەوڵەکانیان بێفەڕ بوو.

لە رەمادیش، هێزەکانی عێراق بەهاوکاریی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی هێرشێکی داعشیان شکست پێهێنا لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمدا .

'کردەوەی ترسنۆکانە'

رەسوڵ وتی: "شێوازی ئەوان خۆشاردنەوەیە لەنێو دانیشتواندا و گەمارۆدانیان لەو ناوچانەدا کە شەڕیان تێدایە، بەڵام جەربەزەیی سەربازەکانمان، کە لەئاستێکی باڵادا راهێنراون بۆ شەڕی سەرشەقام، پلانەکانیانی هەڵوەشاندۆتەوە."

وتی گروپەکە پەناشی بردۆتەبەر ئاگرخستنەوە و ئاماژەی کرد بە گڕتێبەردانی ئەمدواییانەی کارگەی کبریتی میشراق و لەوەپێشیش بیرەنەوتەکانی گەیارە .

وتیشی: "لە هەوڵێکی بێوێنەدا و بە کۆمەکی لێپرسراوانی شارەزا، هێزەکانمان توانییان بەتەواوی کۆنترۆڵی ئاگرەکان بکەن و بیانکوژێننەوە."

هەروەها وتی: "چرکەبەچرکە چاودێریی گۆڕانکاریەکان دەکەین. داعش کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و ئەندامەکانی تێکشکاون هەر لەسەرەتای شەڕەکەوە. ئێستا هەر خەریکی چاندنی بۆمبی سەرڕێگا و هێرشێكن لێرەو لەوێ."

رەسوڵ وتی هەرچۆنێك بێت، "هەموو شتێك چاوەڕێدەکەین لە دوژمن و ئامادەین بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر سیناریۆیەکی شەڕ."

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر، سەباح نوعمان، بە دیارونای وت شەڕی موسڵ یەکلاییکەرەوە و مێژووییە و ئاماژەی بەوەش دا کە "ئامادەییمان لەگەڵ ئەو تەحەدا و سەختیانەدا دەگونجا کە ئەم شەڕە دەیسەپێنێت."

وتی: "هەموو هەوڵەکانی دوژمن شکستی هێنا چونکە ئێمە زۆر بەباشی ئامادەبووین بۆ چاوەڕوانکردنی چاوەڕواننەکراو."

وتیشی: "ئێمە شەڕەکە دەبەینەوە و هەموو شتێك بەگوێرەی پلان دەڕواتبەڕێوە. هێزەکانمان لە مانۆردان و پێشڕەوی دەکەن بەرەو ئامانجەکانیان بێئەوەی کاتی پێویست بدەن بە تێرۆریستەکان کردەوە ترسنۆکانەکانیان ئەنجامبدەن."

هەڵکۆڵینی داعش

نوعمان وتی هێزەکانی زانیارییان هەیە دەربارەی حەشارگاکانی داعش لەناو موسڵدا و دەزانن چەکدارەکانیان لەکوێدا گردبوونەتەوە و ژمارەیان چەندە و کەلوپەلەکانیان چیە.

وتی: "سەرچاوە هەواڵگریەکانمان وێنەیەکی تەواوی بارودۆخەکە و ئەو کارتانەیان پێداین کە داعش بەدەستیەوەیە شەش مانگ پێش دەستپێکردنی شەڕەکە."

وتیشی لەم کاتەدا توانایی و ورەی چەکدارانی داعش "لە هەموو کاتێك نزمترە و ئێمەش بەرەو کۆتایی یارییەکە دەکشێین".

شارەزای بواری گروپە تێرۆریستیەکان، هاشم هاشمی، بە دیارونای وت داعش لەئێستادا هێزی پێویستی نیە بۆ کۆنترۆڵکردنی موسڵ بۆ ماوەیەکی درێژ.

وتی پێناچێت گروپەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان سیاسەتی زەویی سوتاو بگرێتەبەر لە موسڵ لە وەڵامی شکستەکانیدا لە بەرەی شەڕدا.

وتیشی: "رەنگە لە کۆتایی شەڕەکەدا گروپەکە تەنها بتوانێت هێرشی خۆکوژی ئەنجامبدات لە هەوڵیدا بۆ شێواندنی سەرکەوتنەکە. بەمەش راهاتووین. خۆکوژان چەکێکی قێزەونن و دەبێت زۆر وریابین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500