هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بەگژداچوونەوەی خێرا: هێزێکی هەڵبژاردەی عێراق لە پێشڕەویدایە بەرەو موسڵ

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەم وێنەیە کە لە 21 تشرینی یەکەم گیراوە هێزە هەڵبژاردە عێراقیەکانی فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێرا پیشاندەدات کە لە ریزی پێشەوەی بەرەی پێشڕەویین بەرەو موسڵ و لەنزیکی گوندی تەل تیبە جێگیرکراون. [بولەنت کیلیج / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەم وێنەیە کە لە 21 تشرینی یەکەم گیراوە هێزە هەڵبژاردە عێراقیەکانی فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێرا پیشاندەدات کە لە ریزی پێشەوەی بەرەی پێشڕەویین بەرەو موسڵ و لەنزیکی گوندی تەل تیبە جێگیرکراون. [بولەنت کیلیج / ئاژانسی فرانس پرێس]

فیرقەی هەڵبژێردراوی عێراقی، بەگژداچوونەوەی خێرا، کە ئێستا لە ریزی پێشەوەی بەرەی پێشڕەوییە بەرەو موسڵ، وەك هێزێکی سەرەکیی هێرشبەر دەرکەوتووە لە شەڕی وڵاتەکەدا دژی چەکدارە توندڕەوەکان.

بەپشتگیریی تۆپخانە و راهێنراو بەپێی بەرنامەیەك بە سەرپەرشتیی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا، ئەم یەکەیەی وەزارەتی ناوخۆ رۆڵێکی گەورەی بینیوە لە شەڕدا دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، بۆنمونە لە فەلوجە.

فەرماندەی فیرقەکە، لیوا سامر محەمەد ئیسماعیل، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کە ئێستا بەگژداچوونەوەی خێرا "یەکەم هێزە کە هەڵبژێردراوە بۆ چوونەناو موسڵەوە لە بەرەی باشورەوە" و "پێشەنگی هێزەکانە لەو بەرەیەدا".

ناوبراو وتی ئەمە لوتکەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ هێزەکە کە لەسەرەتادا پێکهاتبوو لە "گروپی بچوك لە پارێزگاکاندا" و ئەرکیان دەستگیرکردنی تاوانباران و دژایەتیکردنی تێرۆریزم بوو.

ئێستا بەگژداچوونەوەی خێرا چەکدارە بە تفەنگی هێرشبەری کرواتی نوێ و لە ئۆتۆمبێلی زریپۆشی هەمڤیدا دەجوڵێن کە دۆشکەی بەسەرەوەیە و لەلایەن یەکەکانی تۆپ و موشەکی خۆیانەوە پشتگیری دەکرێن.

وتی ئەم گۆڕانکاریانە کاتێك هاتنەئاراوە کە "ئەرکەکان لە 2014 گۆڕان" کاتێك داعش بەخێرایی دەستیگرت بەسەر خاکێکی زۆردا لە باکور و خۆرئاوای بەغدا.

وتیشی: "فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێرا پێویستی بە کەلوپەلی شەڕ بوو... بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیسپێردرابوو."

هەروەها قەوارەی یەکەکەش زۆر گەورەتر بووە لەم ساڵانەدا و ئێستا هەزاران ئەندام لەخۆدەگرێت.

راهێنانی سەخت

بۆ بوون بە ئەندامی بەگژداچوونەوەی خێرا، دەبێت ئەفسەران و سەربازانیش بە چەند خولێکی راهێنانی سەختدا تێپەڕن.

یەکێك لە خولەکان جەخت لەسەر راهێنانی جەستەیی دەکات و یەکێکی تر لەسەر چەك و سێهەمیش ناودەبرێت بە هەڵبژاردن.

ئیسماعیل وتی ئەم خولەیان پێکهاتەکانی خولەکانی تریش لەخۆدەگرێت لەگەڵ "هەندێك تەکنیکی شەڕی تایبەتی بۆ چوونەناو ماڵان و پاککردنەوەیان و هەروەها پاککردنەوەی شاران و شەقامەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ بۆمب و دەرمان و پەیوەندیگرتن"، جگە لە کۆمەڵێك شتی تریش.

وتی لەوەوپێش رێژەی دەرچوون لە راهێنانەکاندا لەسەدا 45 بوو، بەڵام بەهۆی پێویستیی سەربازییەوە بەرزبووەوە و ئێستا گەیشتۆتە دەوروبەری لەسەدا 60.

نەقیب ویسام عەمار کە لە 2008 پەیوەندییکردووە بە فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێراوە و ئێستا نێردراوە بۆ شەڕی موسڵ لە پارێزگای نەینەوا، باسی لە رێژەیەکی یەکجار بەرزتر کرد لە دەرنەچوون لە راهێنانەکەدا.

وتی: "لەبیرمە 800 کەس لەگەڵ ئێمە هاتنەناو خولەکەوە، کە ئەفسەر و سەرباز پێکەوە دەچینەناوی. لە 800 کەس... نزیکەی 97 کەس دەرچووین."

وتیشی هەر کەسێك سەر بە هێزی بەگژداچوونەوەی خێرا بێت "مافی ئەوەی هەیە شانازیبکات... بەم هێزەوە، مافی ئەوەی هەیە شانازیبکات بەخۆیەوە."

دەربارەی پرسیار لەوەی چ ئەزمونێکی خۆی زۆر دیارە لەماوەی خزمەتیدا، عەمار ئاماژەی کرد بە چەندین حاڵەتی شەڕکردنی زۆر نزیك و رووبەڕوو (شەڕی دەستەویەخە) لەگەڵ داعشدا.

'وەك شەیتان'

ئەفسەرێكی یەکەی پزیشکی، مولازمی دووەم حسێن سوڵتانی، ساڵێك لەمەوبەر پەیوەندیی کردوە بە فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێراوە و ئێستا ئەویش نێردراوە بۆ نەینەوا.

سوڵتانی وتی لەکاتی هەڵبژاردنەکەدا، "ئەفسەر و سەرباز پێکەوە دەچنەناوەوە، روتبەکەت لێدەکەیتەوە و پێکەوە دەچیتەناوەوە".

کێبڕکێیەك هەیە لەنێوان فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێرا و دەزگای دژەتیرۆردا کە ناسراوترین هێزی تایبەتی عێراقە.

عەمیدی کارگوزار قوسەی کازم حەمید، وتی ساڵی 2015 لە شەڕی گرتنەوەی تکریتدا لەدەست داعش، کە شارێکی تری باکوری عێراقە، دەزگای دژەتیرۆر ئەو هێزە بوو کە ئاڵای عێراقی هەڵکرد.

بەڵام ئەمساڵ ماوەیەك لەمەوبەر لە فەلوجە "فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێرا ئاڵاکەی هەڵکرد لەپێش هێزە تایبەتەکانەوە و ئەوانیش کەمێك بەوە دڵتەنگ بوون".

حەمید باسی لە گفتوگۆیەکی گوێلێگیراوی داعش کرد لەکاتی شەڕی فەلوجەدا کە وتبوویان هێزەکانی بەگژداچوونەوەی خێرا "وەك شەیتان وان، نازانم... چۆن پێشڕەوی دەکەن".

حەمید دەربارەی فیرقەی بەگژداچوونەوەی خێرا وتی: "مانای ئەوە نیە هیچ ترسێکیان نیە -- کەس نیە نەترسێت."

بەڵام "کاتێك دەستدەکەن بە پێشڕەوی، ناگەڕێنەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

من ئەندامی یەکەی وەڵامدانەوەی خێرام. شانازی پێوەدەکەم. لە موسڵەوە، بەمزوانە سەردەکەوین.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌