هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی موسڵدا، داعش دەستبەرداری کارتی تائیفیەت دەبێت

عەلا حسێن لە بەغدا

سەربازێکی عێراقی ئاماژەی سەرکەوتن دەکات لە ئوتومبێلە زرێپۆشەکەیەوە لە ئوم مەهاهیر، باشوری موسڵ، 28 تشرینی یەکەم، دوای ئەوەی گوندەکە لە دەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' سەندرایەوە. [ئەحمەد روبەیعی/ ئاژانسی فرانس پرێس]

سەربازێکی عێراقی ئاماژەی سەرکەوتن دەکات لە ئوتومبێلە زرێپۆشەکەیەوە لە ئوم مەهاهیر، باشوری موسڵ، 28 تشرینی یەکەم، دوای ئەوەی گوندەکە لە دەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' سەندرایەوە. [ئەحمەد روبەیعی/ ئاژانسی فرانس پرێس]

لەگەڵ نزیکبونەوەی بەتاوی هێزەکانی عێراق لە موسڵ، وادەردەکەوێت "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) وازی لە گشت هەوڵێکی بەکارهێنانی دابەشبونی تائیفی هێنابێت بۆ کۆکردنەوەی خەڵك، بەرپرسان بە دیارونایان راگەیاند.

وتیان گروپەکە پێشتر هەوڵیدەدا خۆی وەك "پارێزەری سوننەکان" نمایشبکات، هێزەکانی عێراقیان بەوە تۆمەتباردەکرد کە شەڕێکی تائیفیان بەرپاکردوە.

بەڵام ئەم تۆمەتە دەمێكە رەتکراوەتەوە، بەوەی کە عێراقییەکان لە هەمو ئایین و ئێتنیکێکی جیاوازەوە، لەنێویاندا سوننەکان، بەشداری دەکەن لە شەڕی موسڵدا، لەگەڵ بەهێزبوونی خەباتی جەماوەریی دژی گروپەکە لەنێو شارەکەدا.

وتەبێژی دار ئیفتا لە عێراق عامر بەیاتی وتی: "ئێمە ناڵێین ئەمە سوننەیە، شیعەیە، کوردە، مەسیحیە، یان ئێزدییە، بەڵکو دەڵێین هەمومان عێراقیین و بەرگری لە ماڵی عێراقمان دەکەین بۆ پێکەوەژیان تیایدا."

وتی: "بانگەشەکانی داعش بۆ بەرگرییکردن لە سوننە پوچن چونکە ئەوان پسپۆڕی کوشتار و لادانن، جیا لە توندڕەویی بە بەرنامە و ئایدۆلۆژی."

ئەو پرسیاری کرد، "کێ گەنجی سوننەی موسڵی کوشتوە چەکدارانی داعش نەبێت؟" بە ناوزەدکردنی چەکدارانی گروپەکە بە "خەواریجی ئەم زەمانە".

وتیشی بە پێچەوانەوە "ئەو دەستانەی ئەمڕۆ شەڕ لەدژی تیرۆیرزم دەکەن دەستی عێراقیین و نوێنەری هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقن ".

سوننەکان دژی داعشن

سەرکردەی حەشدی خێڵەکیی شێخ میقداد سەبعاوی وتی چەکدارانی خێڵە سوننیەکان لە پارێزگای نەینەوا، سەبعاوی، جەبور و لەهیب شانبەشانی هێزە عێراقییەکان دەوەستن.

بە دیارونای وت حەشدی خێڵەکیی نەینەوا "ئەمڕۆ دەستینەکردوە بە شەڕی دژی داعش، بەڵکو هەر بە کەوتنی شاری موسڵ لە حوزەیرانی 2014 دروستبوو".

وتی چەکدارە خێڵەکییەکان لەو کاتەوە شەڕی ئەو گروپە دەکەن، بە ئاماژەکردن بەوەی چەکدارانی خێڵەکی لە پارێزگاکەدا باش ناوچەکە شارەزان، دەشتوانن ئەو کەسانە بناسنەوە کە هاوکاریی داعشیان کردوە.

سەبعاوی وتی: "حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا پشتگیریی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی کرد، چەکداری کردن و موچەی مانگانەی بۆ ئەندامانی بڕییەوە."

وتی بە پاڵپشتیی هێزەکانی عێراق، چەکدارانی خێڵی سەبعاوی توانیان 14 گوند لەدەستی داعش رزگاربکەن، وەك مژدانەی خەڵکی ناوچەکە، چەندین ئەندامی داعشیان دەستبەسەرکرد و رادەستی هێزە ئەمنییەکانیان کردن.

مەسیحیەکان پەیوەندی بە شەڕەکەوە دەکەن

یەکەکانی پاراستنی دەشتی نەینەوا، کە زۆرینەیان مەسیحی ئاشورین، شانبەشانی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە شەڕدەکەن بۆ ئازادکردنەوەی ناوچە مێژووییەکانی کلدانی، سریانی و ئاشوریی، وتەبێژ رۆمیۆ هەکاری وتی.

بە دیارونای وت ئەرکی نیشتیمانی لێمان دەخوازێت بەشداری بکەین لە رزگارکردنەوەی ئەو شارۆچکانەی داعش گرتونی.

وتی ئەو تراژیدیا و ناعەدالەتی و چەوسانەوەیەی بەسەر مەسیحییەکان و ئێزدییەکاندا هات لە موسڵ، وا دەخوازێت ئەم خەڵکانە لە داهاتودا رۆڵێکی گەورەتریان هەبێت لە دەزگا ئەمنییەکاندا بۆ پاراستنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

هەکاری وتی: "مەسیحییەکان سوورن لەسەر ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان دوای ئەوەی ئازادکردنیان تەواوبوو."

وتیشی ئەو خێزانانەی بۆ هەرێمە کوردییەکە ئاوارەبوون دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان هەر کە ناوچەکە لە بۆمبی دەستکرد پاککرایەوە.

پەرلەمانتاری عێراقی عەلی فەیاز وتی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئێتنیکیەکان لە شەڕی دژی داعشدا لە موسڵ دەستەبەری یەکێتیی و پێکەوەیی وڵاتەکە دەکات.

بە دیارونای وت، "ئەم پێکهاتانە بە هاندەرێکی بەهێز دەجوڵێن بۆ ئازادکردنەوەی شارۆچکە و گوندەکانیان و تۆڵەکردنەوە لە داعش،" و بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە کاردەکەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500