هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە پاسدارانی ئێران شەڕی سوریا ئاڵۆزتر دەکەن

فارس عومران

چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە میلیشیای عەسائیب ئەهل حەق تەرمی هەشت لە هاوڕێیاکانیان هەڵگرتووە کە لە سوریا کوژران و لە 16 ئازاردا لە نەجەف بەخاکسپێردران. [حەیدەر حەمدانی/ ئاژانسی فرانس پرێس]

چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە میلیشیای عەسائیب ئەهل حەق تەرمی هەشت لە هاوڕێیاکانیان هەڵگرتووە کە لە سوریا کوژران و لە 16 ئازاردا لە نەجەف بەخاکسپێردران. [حەیدەر حەمدانی/ ئاژانسی فرانس پرێس]

بە دەیان هەزار عێراقی، کە بەشێكن لەو میلیشیایانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتگیرییان دەکرێت، شانبەشانی رژێمی سوریا شەڕدەکەن لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەی سوریا، پسپۆڕان بە دیارونا دەڵێن.

دەڵێن بوونی ئەم میلیشیا عێراقیانەی سەر بە پاسداران لە سوریا شەڕەکەی درێژترکردۆتەوە و بۆتە خۆشکەری ئاگری ململانێی تائیفی و نائارامیی ناوچەیی.

بەگوێرەی سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق تەها لوعێبی مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی 30,000 عێراقی بەشكێن لەم ململانێ بەردەوامە.

بە دیارونای وت: "ئەمە ژمارەیەکی خەمڵێنراوە و دەکرێت مانگانە بەرزببێتەوە یاخود نزمببێتەوە بەگوێرەی لێکدانەوەکانی فەرماندەیی ئەو میلیشیایەی ئەم چەکدارانە فەرمانیان لێوەردەگرن."

وتی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە پاسداران لە 2011ەوە لە سوریا بوونیان هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەشدارییان لەم شەڕەدا چیتر نهێنی نیە چونکە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم بابەتەیان بەدەرخستووە".

بەگوێرەی لوعێبی، فەرماندەی میلیشیای حەرەکات نوجەبا، ئەکرەم کەعبی وتویەتی گروپەکەی "تەنیا لە یەك مانگدا 10,000 چەکداری ناردوە" بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی رژێم لە حەلەب.

لوعیبی وتی: "سەرەڕای [میلیشیای] نوجەبا، لە ئێستادا نۆ لایەنی شیعەی عێراقی دیکە لە سوریا شەڕدەکەن، بەناوبانگترینیان لیوای ئەبوفەزل عەباس، لیوای یەوم مەوعود، سەرایای خۆراسانی، عەسائیب ئەهل حەق لەگەڵ چەند ئەندامێکی رێکخراوی بەدر."

رایگەیاند: "میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسن لە نائارامی بەردەوام و تائیفیەت لە ناوچەکەدا."

ئامادەیی بەردەوامی میلیشیا عێراقییەکان

وتی لە سەرەتای شەڕی سوریاوە، ئەم میلیشیایانە لە پارێزگای کەربەلای عێراقەوە بە پاس گوازرانەوە بۆ نەخیب، لەوێشەوە بۆ خاڵی سنوری وەلیدی سوریا-عێراق.

لوعێبی وتی: "دوای ئەوە، راستەوخۆ بە فڕۆکە گوازرانەوە بۆ دیمەشق، یان بەیروت کە لەوێوە بەڕێگەی زەمینی نێردران بۆ شارەکانی سوریا تا شانبەشانی حیزبوڵا شەڕبکەن".

وتی: "هەندێك لەو چەکدارانە منداڵ بوون و تەمەنیان لە 13 بۆ 15 ساڵ تێپەڕی نەکردبوو، کە بە پارە هەڵخەڵەتێنرابوون و بەرتیلیان پێدرابوو،" وتیشی: "ژمارەیەکی زۆر گرتەی ڤیدیۆیی ئەوە دەسەلمێنن کە میلیشیاکان منداڵیان راکێشاوە بۆ شەڕکردن لە ناوچەکانی شەڕ".

رایگەیاند: "زۆرێك لەو چەکدارانە لە سوریا مردن و لاشەکانیان گەڕێندرایەوە بۆ عێراق."

توێژەری سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژیەکان یەحیا کوبەیسی وتی لاشەی چەکدارە مردوەکان لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەگوێزرێنەوە.

بە دیارونای وت ئامادەیی ئاشکرای میلیشیا عێراقیەکان لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی گەیشتنی میلیشیای ئەبوفەزل عەباس لە ساڵی 2013دا.

وتی ئەم میلیشیانە دواتر پلە بەپلە بەهێزتربوون، چالاکیەکانیشیان فراوانتربوو: "دواتر گوێبیستی ئەوە بووین چەندین گروپی عێراقی بە باوەڕ و پەیکەربەندی رێکخراوەیی پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەیە و لە خاکی سوریادا شەڕدەکەن."

کوبەیسی وتی لە سەرەتای تشرینی یەکەم دا، بەڵگەی بەهێزی ئەم ئامادەییە دەرکەوت لەڕێگەی گرتەی ڤیدیۆیی کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆوە چەند دیلێکی حەرەکات نوجەبای نیشاندەدا کە کەوتبوونە کەمینی لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە لە حەلەب.

​په‌رله‌مانتاری عێراق محه‌مه‌د کەربولی کە سەرۆکی فراکسیۆنی "‌حەل"ە دەکات رایگەیاند دەستێوەردانی چەکداریی بەشێوەیەکی بەرچاو قەیرانی سوریای درێژکردۆتەوە و ژیانی رژێمی سوریاشی درێژکردووە. وتیشی دەستێوەردانی دەرەکیی ناوچەکەی لە دۆخی نائارامیی و توندڕەویی دینییدا نغرۆکردووە.

وتی: "تا بتوانین بەر بەم توندوتیژییە بگرین، پێویستمان بە دۆزینەوەی ژینگەیەکی فراوانتری گفتوگۆ و چارەسەری سیاسییە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

[وشه‌ی بێمانا] له‌ عێراقیه‌ قاره‌مانه‌كانه‌وه‌.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

ئەو کەسە بەختەوەرە کە خوشکەکەی زەینەبە!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌