هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

نزیکەی 800 چەکداری داعش کوژراون لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی موسڵ

دیارونا

هێزەکانی عێراق ئاماژەی سەرکەوتن دەکەن لەکاتێکدا لەسەر ئۆتۆمبیلێکی سەربازی راوەستاون و بەناوچەی شورادا لە باشوری موسڵ تێدەپەڕن، رۆژی 24 تشرینی یەکەم. [ئەحمەد روباعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی عێراق ئاماژەی سەرکەوتن دەکەن لەکاتێکدا لەسەر ئۆتۆمبیلێکی سەربازی راوەستاون و بەناوچەی شورادا لە باشوری موسڵ تێدەپەڕن، رۆژی 24 تشرینی یەکەم. [ئەحمەد روباعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزە فیدراڵیەکانی عێراق و ئەو پێشمەرگانەی بەرەو موسڵ دەکشێن، لە زۆر ناوچەوە لەکۆتایی هەفتەدا پێشڕەوییان بەدەستهێنا، بەڵام روبەڕووی بەرگرییەکی سەختی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بوونەوە رۆژی دووشەممە (24 تشرینی یەکەم)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەپۆلێکی بێوێنەیان لە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا بۆ پشتگیرکردنی ئەم هێرشەی هەفتەیەکە دەستیپێکردووە، بەڵام توندڕەوەکان بەرپەرچیان دەدانەوە بە بۆردومان و نیشانگر و خۆکوژ و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو.

داعش هەوڵیشیداوە سەرنج لەسەر شکستەکانی لە دەوروبەری موسڵ دوربخاتەوە بە هێرشکردنەسەر هێزەکانی عێراق لە جێگاکانی تری وڵات ، دواهەمینیان رۆژی یەکشەممە بوو بۆسەر شارۆچکەی روتبە لەنزیك سنوری ئەردەن.

سەدان چەکداری داعش دەمرن

هێرشەکە، کە رۆژی 17 تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، ئامانجی گرتنەوەی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری موسڵە پێشئەوەی هێزە تایبەتەکان بڕژێنەناو شارەکەوە و بکەونە شەڕی کۆڵانە و کۆڵانەوە لەگەڵ داعش دا.

وەزارەتی بەرگری عێراق رۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە لەماوەی هەفتەی پێشوودا، هێزە ئەمنیەکان بە پشتگیریی هاوپەیمانی نیشتمانی 772 چەکداری داعشیان کوشتووە و 127 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو، 27 هاوەن، 16 چەکی تر، حەوت چاکەتی بۆمبڕێژکراو و خەزێنەیەکی گەورەی چەکیشیان تێکشکاندووە.

بەیاننامەکە وتی هەروەها هێزە ئەمنیەکان "چوار خانوی بۆمبڕێژکراویان پوچەڵکردۆتەوە، 397 بۆمبی دەستکردیان تەقاندۆتەوە، 11 خانوی حەوانەوە، سێ تونێل، ناوەندێکی فەرماندەیی داعش، شەش چەکی دژەفڕۆکە و سێ دۆشکەشیان تێکشکاندووە.

بەیاننامەکە وتیشی هێزەکان "دەستیانگرت بەسەر 1.5 تەن نیتراتی ئامۆنیا، نۆ هاوەنی 120 ملیمەتری، 380 هاوەن، یەك هاوەنی 60 ملیمەتری، 61 کاتیوشا، سێ بیکەیسی و چوار ئاڕبیجیدا".

دوابەدوای سەردانێکی عێراق لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمریکاوە، ئاشتۆن کارتەر، لە کۆتایی هەفتەدا، بەرپرسانی ئەمریکی وتیان تائێستا هاوپەیمانان زۆرترین پشتگیریی ئاسمانییان لە ئۆپەراسیۆنەکە کردووە.

نێردراوی باڵای ئەمریکی لای هاوپەیمانان، بێرت مێکگورك، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا نوسیی: "هەفتەیەك لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، تائێستا هەموو ئامانجەکان بەدەستهاتوون و زۆرترین هێرشی ئاسمانی کراوە لە هەر حەوت رۆژێکی تر لە شەڕدا دژی داعش."

رۆژی یەکشەممە، هێزەکانی عێراق بەناو بۆمبڕێژ و نیشانگر و ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکانی خۆکوژاندا شەڕیاندەکرد بۆ چڕکردنەوەی گەمارۆ بەدەوری موسڵدا، لەکاتێکدا بەدوای چەکدارانی داعشیشدا دەگەڕان کە لەپشت هێرشەکانی جێگاکانی تری وڵاتەوە بوون.

هێزە کوردیەکان گوژمێکی تریشیان بەرەو بەعشیقە لە بەرەبەیاندا راگەیاند، لە باکوری خۆرهەڵاتی موسڵ، کە نزیکەی 10,000 چەکدار بەشدارن لە هێرشێکی گەورەدا بۆ گرتنەوەی ئەم شارۆچکەیەی ژێردەستی داعش. تائێستا هەشت گوندیان لەنزیکی بەعشیقە ئەمینکردووە.

لە خۆرهەڵاتی موسڵیش هێزە فیدراڵیەکان رۆژی دووشەممە لە قەرەقوش دژی داعش شەڕیاندەکرد، کە گەورەترین شارۆچکەی مەسیحی بوو لە وڵاتدا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، هێزەکانی سوپا سێ رۆژ لەسەر یەك چوونەناو شارۆچکەکەوە بەڵام ئەو کاروانە زریپۆشانەی بەدەوروبەریدا بڵاوبوونەتەوە روبەڕووی بۆمباران بوونەوە لەناوەوەی شارەکەوە.

هەروەها هێزە فیدراڵیەکان لە بەرەکانی باشورەوە دەستکەوتیان هەبوو کە پێشڕەویی خێرایان بەدەستهێنا و گوند بەدوای گوند دەیانگرتەوە لەکاتێکدا بە دۆڵی دیجلەدا تێدەپەڕین.

مەدەنیەکان لە شەڕەکە هەڵدێن

فەرماندەی هاوپەیمانان، فەریق ستێفان تاوسئێند، رۆژی شەممە وتی بەرەنگاریی داعش سەخت بوو.

تاوسئێند لە بەغدا وتی: "ئەمە زۆر گرنگە، ئێمە باس لە تەقەی ناڕاستەوخۆی دوژمن دەکەین، چەندین بۆمبی دەستکرد، چەندین بۆمبی دەستکردی ناو ئۆتۆمبیل، هەموو رۆژێك، تەنانەت هەندێك موشەکی ئاراستەکراوی دژە تانکیش."

پزیشکێك لە نەخۆشخانەی خۆرئاوا لە هەولێر، لەوەند میران، وتی: "کەموکورتییمان هەیە لە سەرچاوەی مرۆیی، کەرەسەی پزیشکی، دەرمان و پزیشکی شارەزای بوارەکان."

"بەمزوانە، ئەگەر 1,000 بریندارمان هەبێت، ئەوەی هەمانە بەشناکات."

چەندین هەزار مەدەنی لەدەست شەڕ و داعش هەڵهاتوون بۆ کەمپەکانی ئاوارەبووان لە باشوری موسڵ .

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "زیاتر لە 5,000 کەس تائێستا ئاوارەبوون و پێویستیان بە کۆمەکی مرۆیی هەیە."

بەیاننامەکە راشیگەیاند: "جوڵەی خەڵك لە هەڵکشان و داکشاندایە بەپێی جوڵەی بەرەکان، لەناو ئەوانەشدا ئەو خەڵکەی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان دوای باشتربوونی باری ئاسایش لە ناوچەکانیاندا."

هێزەکانی عێراق ئێستا لەو ناوچانەدا شەڕدەکەن کە خەڵکی کەم تێدایە، بەڵام کاتێك لە سنورەکانی شارەکە خۆی نزیکببنەوە، گروپە خێرخوازیەکان لەوە دەترسن شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە دەستپێبکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500