هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق ئامادەکاریەکانیان تەواودەکەن بۆ پاکردنەوەی ئەنبار لە داعش

عەلاء حسێن لە بەغدا

سەربازانی عێراقی ئاڵای عێراق هەڵدەکەن لەسەر بینایەك لە هیت لە پارێزگای ئەنبار دوای رزگارکردنی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

سەربازانی عێراقی ئاڵای عێراق هەڵدەکەن لەسەر بینایەك لە هیت لە پارێزگای ئەنبار دوای رزگارکردنی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

هێزەکانی عێراق و جەنگاوەرانی حەشدی خێڵەکی ئامادەکاریەکانیان تەواوکردووە بۆ هەڵکوتانەسەر دواهەمین ناوچەکانی ژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە پارێزگای ئەنبار، بەرپرسانی سەربازیی عێراق رایانگەیاند.

بەرپرسەکان بە دیارونایان وت هەر کاتێك راوە و عانە و قائیم لەوپەڕی خۆرئاوای ئەنبار رزگارکران، رایدەگەیەنن کە پارێزگاکە بەتەواوی لە داعش پاککراوەتەوە.

راوە و عانە لەسەر کەنارەکانی سەرووی روباری فوراتن، لەکاتێکدا قائیم راستەوخۆ کەوتۆتەسەر سنوری سوریا و لەلایەن داعشەوە بەکاردەهێنرێت بۆ نیشتەجێبوونی سەرکردە باڵاکانی و گرتنی کۆبوونەوە گرنگەکانیان بەهۆی جێگا ستراتیژیەکەیەوە لەنزیك سنوری خۆرهەڵاتی سوریاوە.

فەرماندەی فیرقەی 7، لیوا نوعمان زەوبەعی، بە دیارونای وت: "یەکە سەربازیەکانی فیرقەی 7 ی سوپای عێراق و هێزەکانی جەزیرە و بادیە ئامادەکاریە ئەمنی و لۆجستیەکانیان تەواوکردووە بۆ رزگارکردنی ئەم شارۆچکانەی خۆرئاوای ئەنبار لەدەست داعش."

داعش هێرشدەکاتە سەر روتبە

رۆژی یەکشەممە (23 تشرینی یەکەم) چەکدارانی داعش دەستیانگرت بەسەر هەندێك بەشی روتبەدا، شارۆچکەیەکی دووردەست بەڵام ستراتیژی لە پارێزگای ئەنبار لەنزیك سنوری ئەردەن. .

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، داعش بۆماوەکی کورت دەستیگرت بەسەر نوسینگەی قائیمقامدا پێشئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پاشەکشێیان پێبکرێت، بەڵام هێشتا بە هەندێك گەڕەکی شارۆچکەکەدا بڵاوبوبوونەوە.

عەقیدێکی سوپای عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "خەڵکیان دەستگیرکرد -- مەدەنی و پۆلیس -- و کوشتیانن." هەروەها وتی "لانیکەم پێنج کەس کوژران،" رۆژی یەکشەممە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆرئاوای ئەنبار، فەریق ئیسماعیل مەحلاوی، کوژرانەکانی پشتڕاستکردەوە، بەڵام وتی هێزەکانی عێراق باڵادەستییان بەدەستهێناوەتەوە.

مەحلاوی وتی: "یەکە سەربازیەکانی فیرقەی 8 و لیوایەکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بەرەو روتبە جوڵان و لەوێ بڵاوبوونەوە بۆ گرتنەوەی ئەو جێگایانەی داعش لە شارۆچکەکەدا دەستی بەسەرداگرتن."

هێرشەکەی سەر روتبە سەیردەکرێت وەك هەوڵێکی نوێی داعش بۆ راکێشانی سەرنج و دورخستنەوەی هێزە سەربازیەکانی عێراق لە موسڵ ، کە دواهەمین قەڵای سەرەکییانە لە وڵاتەکەدا.

هەوڵە یەکگرتووەکان

مەحلاوی وتی دوای رزگارکردنی دەریاچەی سەرسار لە مانگی ئاداردا و ئەمینکردنی رێگای نێوان بێجی و حەدیسە، هێزەکانی عێراق ئێستا ئامادەن بۆ هەڵکوتانەسەر دواهەمین قەڵاکانی داعش لە ئەنبار.

وتیشی: "ژمارەی چەکدارانی داعش کە دەستیان بەسەر ئەو شارۆچکانەدا گرتووە هیچ گرنگیەکی نیە بۆ هێزەکانی عێراق کە سورن لەسەرئەوەی لەناویان بەرن یان لەسنورەکەوە دەریانپەڕێنن."

هەروەها وتی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزی ئاسمانیی عێراق و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانانەوە پشتگیری دەکرێت و "هێزەکانی حەشدی خێڵەکیش لە ناوچە رزگارکراوەکاندا دەمێننەوە بۆ پاراستنی".

فەرماندەی حەشدی خێڵەکی لە ناحیەی بەغدادی، شێخ قەتەر سەمەرمەد، بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەم شارۆچکانە بەمزوانە دەستپێدەکات.

سەمەرمەد وتی: "جەنگاوەرە خێڵەکیەکان رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە شەڕەکەدا، لەوانە خێڵەکانی جەغایفە و ئەلبو نەمر و ئەلبو مەحەل، هەروەها ئەو حەشدە نوێیەی پێکهێنراوە لە ناوچەکانی خۆرئاوای راوە و عانە."

وتیشی هەماهەنگیەك لەئاستی باڵادا لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان هەیە و هێزەکانی فیرقەی 7 چەك و تفاق بۆ جەنگاوەرە خێڵەکیەکان دابیندەکەن.

هەروەها وتی: "ئەرکەکان لەنێوان هەردوولادا دابەشکراون، سوپا بەرپرسیارە لە هەڵکوتانەسەر شارۆچکەکان و جەنگاوەرە خێڵەکیەکانیش بەرپرسیارن لە راگرتن و پاراستنی خاكەکە."

داڵدەدانی دانیشتوانە ئاوارەبووەکە

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، فەهد راشد، بە دیارونای وت: "حکومەتی ناوخۆی ئەنبار پلانێكی سەرتاسەریی ئامادەکردووە بۆ گرتنەخۆ و داڵدەدانی ئەو خێزانانەی دەشێت ئاوارەببن لەو ناوچانەوە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان."

راشد وتی پلانەکانی داڵدەدانی ئاوارەکان هاوشێوەی ئەوانەن کە لە ناوچەکانی تری پارێزگاکە پیادەکران، وەك رەمادی و فەلوجە. هەروەها وتی: "بەرپرسانی ناوخۆ ئێستا ئەزمونێکی باشیان لەم بوارەدا هەیە."

وتیشی: "داعش ناتوانێت زۆر بەرگری بکات لەو شارۆچکانەدا بەهۆی دابەزینی ورەی چەکدارەکانیەوە."

هەروەها وتی: "هەر بەهۆی ئەوەشەوە، شەڕێکی وێرانکەر روونادات لەوێ و پلانەکان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارۆچکانە پێدەچێت زۆر ئاسانتربێت لە بەشەکانی تر [ی ئەنبار]."

راشد وتی بەهۆی ئەوەی شارۆچکەکان کەوتوونەتە نزیکی سنورەکان لەگەڵ سوریا و ئەردەن، هێزەکانی عێراق "دەبێت کاربکەن بۆ ئەمینکردنی ئەو سنورانە بۆ رێگەگرتن لە هەوڵەکانی دزەکردنی تێرۆریستان لە وڵاتانی دراوسێوە".

وتیشی: "ئەو سنورە نێودەوڵەتیانەی ئەنبار دەبەستنەوە بە وڵاتانی دراوسێوە بە خاکێکی دورودرێژدا تێدەپەڕن و هێزی گەورە و پشتگیریی نێودەوڵەتییان پێویستە بۆ پاراستنیان بەباشی."

هەروەها وتی تێکشکانی داعش لە فەلوجە و سەقلاویە و رەمادی زەبرێکی گەورەی لە گروپەکە داوە لە ئەنبار چونکە لەسەدا 70 ی چەکدارەکانی لەو شارانە جێگیرکرابوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500