ئابوری

رەمادی بوژانەوەی ئابوری بەخۆیەوە دەبینێت

عەلاء حسێن لە بەغدا

image

بازاڕەکانی رەمادی جمەیان دێت لە کڕیاردا، لەکاتێکدا چالاکیی ئابوری لەزیادبووندایە دوای ئەوەی زۆربەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکە گەڕانەوە بۆ شارەکە. [عەلاء حسێن / دیارونا]

رەمادی ‌هەڵکشانێکی لەناکاوی چالاکیی ئابوریی بەخۆیەوە بینیوە، لەکاتێکدا کاسبکاران دەرگاکانیان کردۆتەوە و بانگەشە دەکرێت بۆ وەبەرهێنەرە گەورەکان و بانقەکان بۆ زیاتر پارەخستنەگەڕ لە شارەکەدا تا بوژانەوەی ئابوری خێراترببێت.

لە شەڕی گرتنەوەی پایتەختی پارێزگای ئەنباردا زۆربەی شارەکە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکرا لە کانونی یەکەمی 2015 دا. لەوکاتەوە، وردەوردە ژیان دەگەڕێتەوە بۆ رەمادی و هەزاران دانیشتووی ئاوارەبوو دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

قائیمقامی رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، بە دیارونای وت زۆر لە بازاڕ و مۆڵەکان دەرگاکانیان کردۆتەوە.

وتی ئابوری بەهێواشی لەبوژانەوەدایە، لەکاتێکدا هەرچی زیاتر خەڵك دەگەڕێنەوە شارەکە و بازرگانیی کەرەستەی خانوبەرە و خۆراك و کاڵای تر زیاترین بوژانەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.

کارئاسانی بۆ گواستنەوەی کاڵا

عەوسەج وتی: "چالاکیی ئابوریی گەورە هێشتا زۆر خاوە، نەك هەر تەنها لە ئەنبار بەڵکو لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە."

وتیشی هەر چۆنێك بێت، کردنەوەی چاوەڕوانکراوی ئەو خاڵە سنورییەی ئەنبار دەبەستێتەوە بە سوریا و ئەردەنەوە ، گوڕێکی تر دەدات بە ئابوریی ناوخۆ و هەلی کاری نوێ بۆ نزیکەی لەسەدا 70 ی بێکاران دەهێنێتەکایەوە.

عەوسەج داوای لە حکومەتی عێراق کرد گوشار بخاتەسەر بانقەکانی، لەوانە بانقی پیشەسازی و بانقی کشتوکاڵی، تا قەرزی سوك بدەن بە دانیشتوان بۆ دابینکردنی پارەی دەستمایە بۆیان.

هەروەها بانگەشەی کرد بۆ کردنەوەی ئەو رێگا نێودەوڵەتییەی بەغدا بە رەمادیەوە دەبەستێتەوە بۆ کارئاسانیکردن بۆ گواستنەوەی کاڵا، "لەجیاتی بەکارهێنانی رێگاکانی تر و تێپەڕبوون بە پارێزگای کەربەلا و ناحیەی نەخیبدا".

یاریدەدەری پارێزگاری ئەنبار و بەرپرسی لیژنەی باڵای گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگاکە، عەلی فەرحان، بە دیارونای وت: "چالاکیی ئابوری لە بازاڕەکانی رەمادیدا لەزیادبووندایە سەرەڕای بەرزبوونەوەیەکی کەمی نرخی کاڵاکان بەهۆی زەحمەتی گواستنەوەیان لە بەغداوە."

فەرحان وتی: "رۆژانی داهاتوو بوژانەوەی ئابوریی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت ئەگەر بانقەکانی پارێزگاکە بکرێنەوە و موچە دابەشبکرێت."

وتیشی حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار پلانی هەیە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا و جەختیشی لەسەر ئەوە کرد کە ئەمە قەرەبوی ئەو کورتهێنانە لە بودجەی فیدراڵی و نەبوونی دەرماڵە حکومیەکان دەکاتەوە.

ئارامی هانی گەڕانەوەی بازرگانان دەدات

فەرماندەی فەوجی پۆلیسی فریاگوزاریی ئەنبار، عەمید خالید جعەیجیر، بە دیارونای وت کە باشتربوونی باری ئاسایش لە شەقام و بازاڕەکاندا هاندەرێکە بۆ دوکانداران و وەبەرهێنەرانیش.

جعەیجیر وتی: "هەموو بازاڕەکان و کۆمەڵگا بازرگانیەکانی پارێزگاکە بەتەواوی ئەمینن و هاوڵاتیان بەئازادی بازاڕدەکەن" بێ ترس لە سەلامەتییان.

وتیشی باری ئاسایش گەڕاوەتەوە بۆ ئەو حاڵەتەی پێشئەوەی داعش دەستبگرێت بەسەر شارەکەدا.

جعەیجیر داوای لە بازرگانان و وەبەرهێنەرە گەورەکان کرد تا بگەڕێنەوە شارەکە و بەشداریبکەن لە ئاوەدانکردنەوەیدا.

وتی سەرکەوتنەکانی ئەمدواییەی سوپای عێراق لە دورگەی رەمادی و دورگەی هیت و پێشڕەوییەکانی بەرەو کەنارەکانی باکوری روباری فورات هەمووی "ئاماژەی دڵنیاکەرەوەن بۆ دانیشتوان و بازرگانانیش کە چیتر پێویستناکات بترسن لە بوونی مؤڵگەکانی تێرۆریستان لە ناوچەکانی دەوروبەر کە دەشیا هەڕەشە لە وەبەرهێنانەکانیان بکەن".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)