هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سەرکەوتن لە دورگەی رەمادی رێگا خۆشدەکات بۆ کۆتایی داعش لە ئەنبار

عەلاء حسێن لە بەغدا

سەربازێکی عێراقی ئاماژەی سەرکەوتن دەکات لەکاتێکدا لەبەردەم لافیته‌یه‌كی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا راوەستاوە پاشئەوەی هێزە ئەمنیەکان چەکدارەکانیان لە دورگەی رەمادی دەرپەڕاند. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

سەربازێکی عێراقی ئاماژەی سەرکەوتن دەکات لەکاتێکدا لەبەردەم لافیته‌یه‌كی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا راوەستاوە پاشئەوەی هێزە ئەمنیەکان چەکدارەکانیان لە دورگەی رەمادی دەرپەڕاند. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

رزگارکردنی دورگەی رەمادی لە ئەنبار به‌یه‌کجاری کۆتایی هێنا بە هەر پلانێك کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رەنگبوو هەیبێت بۆ گەڕانەوە و جارێکی تر هەڕەشەکردن لە ئاسایشی رەمادی و فەلوجە، بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت.

بەرپرسەکان وتیان راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری لە 6 تشرینی یەکەم کە هێزەکانی عێراق سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە دەرپەڕاندنی داعش لە سەرتاسەری دورگەی رەمادی، رێگای خۆشکرد بۆ لەناوچوونی تەواوەتیی گروپەکە لە پارێزگاکە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، لیوا ئیسماعیل مەحلاوی، وتی ئەو ئۆپەراسیۆنە کە لەلایەن یەکەکانی فیرقەی 10 ی زریپۆشی سوپای عێراقەوە ئەنجامدرا، بە پشتگیریی جەنگاوەرانی حەشدی خێڵەکی، بەتەواوەتی هەڕەشەی گەڕانەوەی داعشی نەهێشت.

مەحلاوی بە دیارونای وت دورگەی رەمادی کە پێکهاتووە لە ناوچەکانی ئەلبو زیاب، ئەلبو عەلی جاسم، ئەلبو عەساف و تەرابیشە، ئێستا لەژێردەستی هێزەکانی عێراق و حەشدی خێڵەکیدایە و چیتر داعش بوونی نیە لەو ناوچانەدا.

هێزەکانی عێراق قسە لەگەڵ دانیشتوانی دورگەی رەمادی دەکەن دوای ئەوەی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکرا لە 6 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

هێزەکانی عێراق قسە لەگەڵ دانیشتوانی دورگەی رەمادی دەکەن دوای ئەوەی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکرا لە 6 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

وتیشی: "ئەم ناوچەیە گرنگیەکی ستراتیژیی بۆ داعش هەبوو چونکە هێڵی گەیاندن و جوڵەی چەکدارانی گروپەکە بوو لە قائیم و موسڵەوە بۆ رەمادی و فەلوجە."

وتی هەروەها خاڵێکی گواستنەوەی گرنگ بوو کە ناوچەکانی پێشووی ژێردەستی گروپەکەی لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین پێکەوە دەبەستەوە.

هەروەها وتی گەڕانەوەی دورگەی رەمادی و دورگەی هیت بۆ ژێردەستی دەوڵەت مانای ئەوەی داعش چیتر بوونی نیە لە ئەنبار، جگە لە هەندێك ناوچەی بەرتەسك لە کەنارەکانی سەرووی روباری فورات لە شارۆچکەکانی راوە و عانە و قائیم.

وتی ئەم ناوچانەش بەڕیز رزگاردەکرێن لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بادیە و جەزیرەوە.

مەحلاوی وتی لەکاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی دورگەی رەمادیدا هێزەکانی عێراق و حەشدی خێڵەکی زیاتر لە 120 چەکداری داعشیان کوشت، لەکاتێکدا ئەوانی تر هەڵهاتن بۆ دورگەی هیت و لەوێوە بۆ راوە و عانە.

وتیشی زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە ئاوارەبوبوون پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، جگە لە نزیکەی 250 خێزانی گوندنشین و شوان کە لە ناوچەکەدا مابوونەوە و لەوکاتەوە بەدواداچوونی ئەمنی کراوە بۆ زانیاری دەربارەیان.

گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ دورگەی رەمادی

سەرۆکی ئەنجومەنی خێڵەکانی ئەنبار، شێخ رافع فەهداوی، وتی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئاسایش بەتەواوەتی گەڕاوەتەوە، دەبێت هەموو ئەو چەکدارانەی سەربە داعش بوون راوەدووبنرێن و بدرێن بە دادگا تا سزای دادپەروەرانە بدرێن لەسەرئەوەی ئەنجامیانداوە.

فەهداوی داوای لە حکومەتی عێراق کرد پشتگیری لە جەنگاوەرانی حەشدی خێڵەکی بکات کە بەشدارییان کردووە لە رزگارکردنی دورگەی رەمادیدا و کۆبکرێنەوە لەژێر فەرماندەییەکی یەکگرتوودا تا بتوانن پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق بکەن لە پاراستنی ئاسایشدا.

هەروەها داوای لە حکومەت کرد تا پەلەبکات لە کردنەوەی بنکەی پۆلیسی ناوچەکە کە 15,000 هەلی کار زیندوودەکاتەوە و یارمەتیی پاراستنی ئاسایشیش دەدات.

هەر وەك شارە رزگارکراوەکانی تری پارێزگاکە ، هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی دورگەی رەمادی دەستپێدەکات و سەقامگیری دەگەڕێتەوە پاشئەوەی دورخستنەوەی پاشماوەکانی شەڕ و تەقەمەنی تەواوبوو، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، کەریم کەربولی، بە دیارونای وت.

کەربولی وتی دورگەکە بەئەندازەی شاری رەمادی زیانی پێنەگەیشتووە و دەتوانرێت قوتابخانە و خانوبەرە و ماڵوموڵکە تایبەتیەکان لە ماوەیەکی کورتدا نۆژەنبکرێنەوە.

وتیشی هێشتا ئەنبار بەشی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بۆ پلانی گەشەپێدانی پارێزگاکان وەرنەگرتووە و پێدانی ئەو پارەیە دەتوانێت هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان خێراتربکات.

کەربولی ستایشی ئەو پشتگیرییە داراییانەی کرد لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێگەیشتووەکانی وەك دورگەی رەمادی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500