هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق لەخۆئامادەکردندایە بۆ لانیکەم 300,000 ئاوارەی موسڵ

خالید تائی

کرێکاران لە گوندی حەسەن شام، نزیکەی 45 کیلۆمەتر خۆرهەڵاتی شاری موسڵ، لە 6 تشرینی یەکەم 2016، پەناگا دروستدەکەن بۆ داڵدەدانی ئەو ئاوارانەی چاوەڕواندەکرێت لە توندوتیژیەکان هەڵبێن لەدەرەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا بۆ گرتنەوەی شارەکە. [سەفین حەمەد/ئاژانسی فرانس پرێس]

کرێکاران لە گوندی حەسەن شام، نزیکەی 45 کیلۆمەتر خۆرهەڵاتی شاری موسڵ، لە 6 تشرینی یەکەم 2016، پەناگا دروستدەکەن بۆ داڵدەدانی ئەو ئاوارانەی چاوەڕواندەکرێت لە توندوتیژیەکان هەڵبێن لەدەرەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا بۆ گرتنەوەی شارەکە. [سەفین حەمەد/ئاژانسی فرانس پرێس]

دوای چەندین هەفتە لە پلاندانان، شەڕی رزگارکردنی موسڵ لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رۆژی دووشەممە (17 تشرینی یەکەم) دەستیپێکرد .

دەستپێکردنی ئەم هێرشە دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، بووەتە هۆی نیگەرانییەکی قوڵ دەربارەی سەدان هەزار مەدەنی گیرخواردوو لەم دووەم گەورە شارەی عێراقدا و حکومەتی عێراق رۆژی 8 تشرینی یەکەم پلانێکی فریاگوزاریی مرۆیی دەستپێکرد بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەگەری ئاوارەبوونێکی بەکۆمەڵ لە موسڵەوە.

جێگری وەزیری کۆچ و ئاوارە، جاسم عەتییە، وتی لەئێستادا هەوڵەکانی وەزارەتەکە تەرکیزدەخاتەسەر "خۆئامادەکردنێكی پێشوەخت و سەرتاسەری".

عەتییە بە دیارونای وت وەك بەشێك لەو پلانی فریاگوزاریی مرۆییە، ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ هاریکاریی خێرخوازی لە هەولێر کراوەتەوە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان.

ناوەندەکە هەماهەنگی دەکات لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان، کۆمیسیۆنی باڵای نیشتمانی بۆ کۆمەكی ئاوارەکان، دەزگا ناوخۆییەکان و رێکخراوە خێرخوازیە نێودەوڵەتیەکان.

دابینکردنی کۆمەك و پەناگه

پلانەکە جەخت لەسەر دابینکردنی هەموو خزمەتگوزاریە مرۆییە دەستبەجێکان دەکات بۆ دانیشتوانە هەڵهاتووەکە، لەوانە پەناگە و خۆراك و خزمەتی پزیشکی.

عەتییە وتی لەنێوان لانیکەم 300,000 و یەك ملیۆن کەسدا لە دانیشتوانی موسڵ چاوەڕێدەکرێت لە شارەکە هەڵبێن و ئامانجی پلانەکەش ئەوەیە "بەزوویی" بچێت بەدەم ئەو شەپۆلی ئاوارەبوونەوە.

وتیشی: "لەئێستادا زەخیرەی نزیکەی 50,000 چادرمان هەیە. ئەم چادرانە دابەشدەکرێن بەسەر هەموو ئەو بەرانەدا کە پێدەچێت شەپۆلی ئاوارەبوون بەخۆیانەوە ببینن."

هەروەها وتی کەمپ بۆ ئاوارەکان دادەمەزرێنرێت لە هەموو دەوروبەری موسڵ، هەروەها لە گەیارە و پارێزگای سەڵاحەدین لەلای باشورەوە و لە هەولێر لای خۆرهەڵاتەوە و لە پارێزگای دهۆکیش لەلای باکور و خۆرئاواوە.

وتی هەرچی پەیوەندیی بە کۆمەکیشەوە هەیە، وەزارەتەکە 150,000 سەبەتەی خۆراکی سەرەتایی و پێداویستیی ژیانی ئامادەکردووە. لەوانە بەتانی و راخەر و کەرەسەی چێشتلێنان.

عەتییە وتیشی: "خۆئامادەکردنەکانمان بەردەوامدەبێت لەچوارچێوەی ئەو پلانەدا و هەوڵدەدەین تا دەتوانین ئامادەی ئەگەری رودانی هەر سیناریۆیەك بین.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی: "سوپای عێراق ئەزمون و شارەزاییەکی باشی پەیداکردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی هاوڵاتیان لە شەڕەکانیدا لەگەڵ تێرۆریستان."

سەبری بە دیارونای وت: "لەهەر شەڕێکدا کە تائێستا کردوویانە، هێزە سەربازیەکان راڕەوی ئەمینیان کردۆتەوە بۆ دانیشتوانی هەڵهاتوو تا لە جێگا پێشوەخت راگەیەندراوەکاندا بەپیریانەوە بچن و خواردن و خزمەتگوزاریی پزیشکییان بۆ دابینبکەن پێشئەوەی بیانگوێزنەوە بۆ کەمپەکان."

وتیشی: "لەشەڕی رزگارکردنی گەیارەدا داوامان لە دانیشتوان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و پەیڕەوی رێنماییەکانی فەرماندە سەربازیەکان بکەن."

وتی شەڕەکە "ئاسان و سەرکەوتوو" بوو، شەپۆلی گەورەی ئاوارەبوون نەبینرا.

زاڵبوون بەسەر ئەگەری قەیراندا

سەبری وتی: "پلانمان وایە هەمان ئەزمون دوپاتبکەینەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی ئاییندەدا و هاوکاریی چڕتربکەینەوە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و هەموو لایەنەکانە خێرخوازیەکان بۆ زاڵبوون بەسەر هەر قەیرانێکی ئاوارەبووندا کە دەشێت بێتەئاراوە."

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هاشم بەریفکانی، وتی حکومەتی ناوخۆیی ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی دامەزراندووە کە نوێنەری هەموو فەرمانگە ناوخۆیی و دەزگا حکومیە جیاوانەکان لەخۆدەگرێت.

وتیشی: "بەڕێوبەرایەتی تەندروستی نەینەوا تیمی تەندروستیی گەڕۆکی پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش و بریندارەکان."

بەریفکانی بە دیارونای وت کە بەڕێوبەرایەتیەکە نەخۆشخانەی گشتیی شێخانیشی ئامادەکردووە لە باکوری موسڵ بۆ پێشوازیکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتی ئیمێرجینسی.

وتیشی: "جگە لەمانە، لەگەڵ وەزارەتی کۆچ کاردەکەین بۆ دامەزراندنی پێنج کەمپی ئاوارەی نوێ لەنزیکی موسڵ بۆ داڵدەدانی ژمارەیەکی گەورە لە خێزانە ئاوارەکان."

هەروەها وتی: "چاوەڕێدەکەین [شەڕی موسڵ] شەڕێکی نەوعی و خێرا بێت، هەروەك ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی گەیارە، بەپێچەوانەی هەموو پێشبینیەکان سەبارەت بە سەختبوونی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

بەپەنای خوا موسڵ بەدەست عێراقیە دڵسۆزەکان رزگاردەکرێت و گەندەڵ و تێکەدەر و تێرۆریستەکان تێکدەشکێندرێن. سەرکەوتن نزیکە، بەپەنای خوا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

دەوڵەتی ئیسلامی بە پەنای خوا دەگەڕێتەوە سەرەڕای سەگەکانی ئەمریکا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌