هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

قوتابخانەکانی رەمادی و فەلوجە دەکرێنەوە سەرەڕای تەحەداکان

عەلاء حسێن لە بەغدا

یەکێك لە تەحەدا سەرەکیەکانی لێپرسراوان روبەڕووی دەبنەوە حاڵەتی قوتابخانەکانی پارێزگای ئەنبارە. ئەم قوتابخانەیە کە بە گولـلە داغانکراوە لە ناحیەی گەرمە لە پارێزگای ئەنبار، کە وێنەکەی لە 2015 گیراوە، بەکاردەهێنرا وەك بنکەیەك بۆ چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: ئەحمەد روباعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

یەکێك لە تەحەدا سەرەکیەکانی لێپرسراوان روبەڕووی دەبنەوە حاڵەتی قوتابخانەکانی پارێزگای ئەنبارە. ئەم قوتابخانەیە کە بە گولـلە داغانکراوە لە ناحیەی گەرمە لە پارێزگای ئەنبار، کە وێنەکەی لە 2015 گیراوە، بەکاردەهێنرا وەك بنکەیەك بۆ چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: ئەحمەد روباعی / ئاژانسی فرانس پرێس]

سەرەڕای ئەو تەحەدا زۆرانەی روبەڕووی بواری خوێندن دەبنەوە لە شارەکانی رەمادی و فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار، خوێندکاران گەڕاونەتەوە پۆلەکانیان لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دوای دوو ساڵ دابڕان، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

بەرپرسان وتیان لەماوەی حوکمی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەم دوو شارەدا، گروپەکە بەرنامەی خوێندنی خۆی سەپاندبوو کە پڕبوو لە ئایدیۆلۆژیای توندوتیژ. لەدەرەنجامدا زۆر لە دایکوباوکان رازینەدەبوون منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.

حکومەتی عێراق دەستیگرتەوە بەسەر ئەم دوو شارەدا دوای ئەو شەڕە قورسانەی دەرەنجامیان رزگارکردنی رەمادی بوو لە کانونی یەکەم و فەلوجە بوو لە حوزەیراندا.

لەوکاتەوە هەڵمەتی چڕ دەستپێکراوە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و خزمەتگوزاریەکان پێشئەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکان بگەڕێنەوە.

حکومەتی عێراق قوتابخانەکانی فەلوجەی بیناکردۆتەوە بۆ پێشوازیکردنی خوێندکارانی گەڕاوە پاش تێکشکاندنی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزیری پەروردە و خوێندنی عێراق، محەمەد ئیقبال]

حکومەتی عێراق قوتابخانەکانی فەلوجەی بیناکردۆتەوە بۆ پێشوازیکردنی خوێندکارانی گەڕاوە پاش تێکشکاندنی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەزیری پەروردە و خوێندنی عێراق، محەمەد ئیقبال]

قوتابخانەکان دەکرێنەوە سەرەڕای تەحەداکان

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عەزال فەهداوی، بە دیارونای وت حکومەتی ناوخۆی ئەنبار توانیی بەسەر زۆر تەنگەژەدا زاڵببێت کە دەهاتنەبەردەم خوێندن و بەمەش ساڵی خوێندنی نوێ توانیی لەکاتی خۆیدا دەستپێبکات.

"کێشەی سەرەکی لەبەردەم ساڵی یەکەمی خوێندندا لە رەمادی دوای تێکشکانی داعش بینای قوتابخانەکانە، چونکە هەر رەمادی بەتەنها 39 قوتابخانەی لەدەست دا کە لە شەڕەکاندا بە تەواوی وێرانبوون ،" فەهداوی وتی.

وتی لەکاتێکدا ئەو زیانەی لە قوتابخانەکانی تریش کەوتووە لەنێوان لەسەدا 30 بۆ 90 دەبێت.

لە موسڵ، زیاتر لە 50 قوتابخانە وێران بوون دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرت.

فەهداوی وتی: "پارێزگاکە توانی بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵبێت بە تێکەڵکردنی زیاتر لە قوتابخانەیەك لە یەك بینادا،" کە ئەمەش وایکردووە هەندێك بینا خوێندکارانی چوار یان پێنج قوتابخانەی جیاواز لەخۆبگرن لە دەوامی یەك لەدوای یەکدا و کاتژمێرەکانی خوێندن کورتبکەنەوە بۆ رۆژی سێ کاتژمێرێك بۆ هەر دەوامێك.

وتیشی تەحەدایەکی تر کەمیی مامۆستایە، چونکە هەندێکیان ئاوارەبوون و هێشتا نەگەڕاونەتەوە. هەروەها وتی ناوچەکانی دورگەی خالیدیە و تاش و عەنکور هێشتا دەبێت لە پاشماوەکانی شەڕ پاکبکرێنەوە و ئەمین نین بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکان.

وتی بەڕێوبەرێتی پەروەردە و خوێندنی پارێزگاکە چەند رێوشوێنێکی گرتۆتەبەر بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتیی کارمەندانی خوێندن، لەوانە گواستنەوەی ئیداری لەنێوان قوتابخانەکانی پارێزگاکەدا.

مامۆستایانی داعش روبەڕووی دادگا دەبنەوە

فەهداوی وتی ئەو مامۆستایانەی هاوکاریی داعشیان کردووە لەو ماوەیەدا کە دەستیان بەسەر پارێزگاکەدا گرتبوو روبەڕووی "دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و زیندانیکردن" دەبنەوە.

وتیشی: "هێزە ئەمنیەکان ژمارەیەك لەو مامۆستایانەیان دەستگیرکرد لەکاتی رزگارکردنی شارەکانی رەمادی و فەلوجەدا. بەتۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخراوێکی تێرۆریستی دەستگیرکراون."

هەروەها بەڕێوبەرێتی پەروەردە و خوێندنی ئەنبار هەر مامۆستایەك لە کار دووردەخاتەوە کە بسەلمێنرێت هاوکاریی داعشی کردووە یان تاوانباربکرێت بە کردەی تێرۆریستی بەگوێرەی بەندی ژمارە 4 لە یاسای دژەتێرۆر لە عێراق.

فەهداوی وتی: "بیروباوەڕی توندڕەوانە و تێرۆریستانە بە هیچ جۆرێك جێی نابێتەوە لە ئاییندەی پارێزگای ئەنباردا."

وتیشی: "دەبێت نەوەی نوێ بە بەهاکانی لێبووردەیی و برایەتی و پەسەندکردنی ئەوی دی پەروەردەبکرێت."

ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانەکان

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە و خوێندن، هەدیل عامری، وتی وەزارەتەکە بەمدواییانە چاککردنەوەی ژمارەیەك قوتابخانەی بەئەنجامگەیاند لەو ناوچانەی لەدەست داعش لە پارێزگای ئەنبار رزگارکراون لەپێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن.

عامری وتی: "وەزارەتەکە 79 قوتابخانەی لە رەمادی و 50 قوتابخانەی تری لە فەلوجە و سەقلاویە [ی نزیکی] ئاوەدانکرۆتەوە."

بە وتەی قایمقایمی فەلوجە، عیسا سایەر، لە باکوری فەلوجە، قوتابخانەکانی گەڕەکەکانی شورتە و زوبات و حەی عەسکەری چاککراونەتەوە و دەستیانکردووە بە پێشوازیکردنی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

سایەر بە دیارونای وت: "ئێستا لێپرسراوانی ناوخۆ لە ناحیەکە کار بۆ چاککردنەوەی قوتابخانەکانی تر دەکەن کە بە گەڕەکەکانی باشوری شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە بۆئەوەی ئامادەیان بکەن بۆ پێشوازیکردنی خوێندکاران لە کاتێکی دواتری ئەمساڵدا."

عامری وتی: "خوێندن و زانین باشترین بەرپەرچدانەوەن بۆ تێرۆزیزم و نەفامی و ناعەدالەتی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500