ئۆپەراسیۆنەکان لە دورگەی بەغدادی لە ئەنبار بەردەوامن بۆ پاکردنەوەی پاشماوەکانی شەڕ و خستنەوەگەڕی خزمەتگوزاریەکان بۆ خۆئامادەکردن بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی.
ئەم ناوچەیە کە کەوتۆتەسەر کەناری باکوری خۆرهەڵاتی روباری فورات لە ناوچەی حەدیسە، رۆژی 21 ئەیلول لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکرا، تەنها رۆژێك دوای ئەوەی هێزە ئەمنیەکانی عێراق، بەپشتگیریی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی، ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکرد.
فەرماندەی حەشدی خێڵەکی لە ناحیەی بەغدادی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، وتی یەکەمینی ئەو رەوشانەی گیرانەبەر بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بریتیبوو لە بڵاوکردنەوەی سێ فەوجی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی بەکەناری روبارەکەدا لە دورگەی بەغدادی بۆ ئەمینکردنی ناوچەکە.
وتیشی زۆربەری جەنگاوەرانی حەشدی خێڵەکی خۆبەخشن و خەڵکی ناوچەکەن کە ئەرکی سەرەکییان گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیرییە.
سەمەرمەد بە دیارونای وت: "گرنگترین دەستکەوت پاکردنەوەی دورگەی بەغدادی بوو لە داعش و ئێستا ئیتر هەرشتێکی تر ئاساندەبێت، لەوانە پاکردنەوەی ناوچەکە لە بۆمبی دەستکرد و مینەکان و ئەمینکردنی رێگاکان و خستنەوەگەڕی خزمەتگوزاریەکان."
وتیشی: "چیتر لانکە بۆ داعش لە بەغدادی و سەرانسەری پارێزگای ئەنبار نەماوە، جگە لە چەند لایەنگر و هەوادارێکی کەم لە شاری قائیم لەسەر سنوری سوریا کە خێزانەکانیانی لێ نیشتەجێن."
پردێك بۆ پێکەوەبەستنەوەی شارەکانی ئەنبار
یاریدەدەری قایمقامی هیت، محەمەد زیبار، بە دیارونای وت بەتالیۆنی ئەندازیاریی سەربە فیرقەی پیادەی حەوتی سوپا و یەکە ئەندازیاریە سەربازیەکانی تر پردێکی سەرئاوکەوتوویان لەسەر روباری فورات داناوە بۆ پێکەوەبەستنەوەی ناحیەی بەغدادی لەگەڵ دورگەی دولاب و گوندەکانی خۆرئاوای دورگەی هیت.
وتیشی پردی وەحید "جێگای ئەو پردانە دەگرێتەوە کە لەلایەن گروپی تێرۆریستیی داعشەوە تەقێندراونەتەوە". وتی: "هەروەها پشتگیری و گەیاندنی هێزی پاڵپشت دابیندەکات بۆ ئەو یەکە سەربازیانەی لە دورگەی بەغدادی جێگیربوون و کارئاسانی بۆ پەڕینەوەی خێزانە ئاوارەبووەکان دەکات بۆ ناوچە رزگارکراوەکانیان دوای ئەوەی لە بۆمبی دەستکرد و تەقەمەنی پاکدەکرێنەوە."
زیبار وتی: "سەرەڕای ئەو وێرانکاریە گەورەیەی داعش لە 105 گوندی بەغدادیدا ئەنجامیداوە، چاکردنەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان لە تەنها یەك مانگدا تەواودەبن لە گوندە سەرەکیەکانی دورگەکە تا ئامادەبکرێن بۆ گەڕانەوەی خەڵکە ئاوارەبووەکە".
وتیشی هەندێك لە پێداویستییە سەرەکیەکانی ناوچەکە لە قۆناغی داهاتوودا بریتیە لە خستنەوەگەڕی وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە، راکێشانی وایەری کارەبا، چاکردنەوەی محەویلەکان و پاکردنەوەی رێگاکان لە پارچە و داروپەردوو.
هاریکاری بۆ ئاوەدانکردنەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی ناحیەی بەغدادی، شێخ مالەڵا عوبەیدی، ستایشی رۆڵی هێزەکانی حەشدی خێڵەکیی کرد لە گێڕانەوەی سەقامگیریدا بۆ ناوچەکە.
عوبەیدی بە دیارونای وت: "ئەوان بەنۆرە پاسەوانی دەگرن و بەشەو ئاسایشی ناوچەکە دەپارێزن و بەرۆژیش کاردەکەن بۆ پاکردنەوەی رێگاکان و لابردنی داروپەردووەکان."
وتیشی هەرچەندە هەوڵەکانیان بەراورد بە فەرمانگەکانی شارەوانی مامناوەندیە، رەنگدانەوەی ویست و خواستی خەڵکی ناوچەکەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و هێنانی سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان.
عوبەیدی داوای لە هەردوو حکومەتی ناوخۆ و فیدراڵی کرد بۆ زیادکردنی پشتگیری لە دورگەی بەغدادی تا بتوانێت بەزووترین کات کاروبارەکانی ئاوادانکردنەوە تەواوبکات.
وتی دورگەی بەغدادی ناوچەیەکی زۆر گرنگە. "رزگارکردنی بووەتە هۆی ئەمینکردنی تەواوی فڕۆکەخانەی سەربازیی عەین ئەسەد لە هێرشە موشەکیەکانی داعش کە لەوێوە دەهاوێژران و هەروەها موجەمەع سەکەنی لە شاری هیت ئەمینکردووە."