هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

بەڕێوبەرێك هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە لە جەلەولا بەڕێوەدەبات

خالید تائی

خۆبەخشان قوتابخانەی هودا پاکدەکەنەوە لە جەلەولا وەك بەشێك لە هەڵمەتێك بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکە. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی ئیدارەی جەلەولا]

خۆبەخشان قوتابخانەی هودا پاکدەکەنەوە لە جەلەولا وەك بەشێك لە هەڵمەتێك بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکە. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی ئیدارەی جەلەولا]

دوو مانگ پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، بەڕێوبەری قوتابخانەی هودا سەرۆکایەتیی هەڵمەتێکی کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە، کە گۆڕابوو بۆ مەڵۆیەك لە داروپەردوو لەدوای دەستبەسەرداگرتنی شارەکە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە هاوینی 2014.

بەڕێوبەرەکە، لەیلا سڵێمان حەمید، بە دیارونای وت لەئێستادا زیاتر لە 300 خوێندکار گەڕاونەتەوە پۆلەکانیان لە قوتابخانەکە لە پارێزگای دیالە،

خاتو لەیلا وتی: "ئەوکاتەی گەڕاینەوە بۆ جەلەولا لەدوای رزگارکردنی، سەرەتای ساڵی پار، قوتابخانەکەمان بەسەختی زیانی پێگەیشتبوو. دەبوو قوتابیەکان بگوێزمەوە بۆ قوتابخانەی سەرەتایی خالید ئیبن وەلیدی دراوسێمان تا خوێندنیان لەوێ تەواوبکەن."

وتی بەڵام ئەو قوتابخانەیە خۆی گرفتی ئەوەی هەبوو کە پڕبوو، هەروەها دوو دەوامی تیادابوو، بەیانی و پاشنیوەڕۆ. وتی بەم ژمارە زیادەی خوێندکاران دەبوو دەوامی ئێوارانیش زیادبکەن تا بتوانن هەمووان لەخۆبگرن.

وتی: "ئەمەش زۆر ماندووکەر بوو بۆ خوێندکارەکانمان و کاریگەریی هەبوو بۆسەر ئاستی خوێندنیان. هەروەها بۆ مامۆستایانیش ماندووکەر بوو."

وتیشی بۆ رێگرتن لە دوبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆیەی ساڵی پار، خۆی دەستیکرد بە هەڵمەتێك بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە بەهاوکاریی دایکوباوکان.

هەروەها وتی: "زۆربەی دایکوباوکان وەڵامی داخوازیەکەمانیان دایەوە و لەگەڵ کرێکاران دەستمانکرد بە کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە لەسەر خەرجیی خۆم و کۆمەکی پچوك لە هاوڵاتیانەوە." وتی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە 10 ملیۆن دینار (8,600 دۆلار)ی تێچوو.

خاتو لەیلا وتی: "ئێستا قوتابخانەکە کەوتۆتەوە گەڕ" و دەتوانێت لەئاییندەدا خوێندکاری زیاتر وەربگرێت.

هەروەها وتی: "بەم هەنگاوەمان هەوڵیشماندا ئەرکی سەرشانی دەوڵەت کەمبکەینەوە و بەشداریبکەین لە هەوڵە خۆبەخشیەکانی خەڵکدا لەسەر بنچینەی بەشداریی هەرەوەزیی گشتی بۆ بنیاتنانی وڵات."

هێزی خۆبەخشی

بەڕێوبەری ناحیەی جەلەولا، یەعقوب یوسف، بە دیارونای وت: "ئەم هەنگاوە دڵسۆزی و ئینتیما بۆ نیشتمان و حەزی هاوڵاتیان دەسەلمێنێت بۆ سڕینەوەی هەموو شوێنەوارەکانی تێرۆریزم بە هیمەتێك کە هەمان هیمەتی سەربازە قارەمانەکانمانە لە بەرەکانی شەڕدا."

یوسف وتی قوتابخانەکە "ئەوەندەی نەمابوو بەتەواوی وێرانبکرێت،" بەئاماژەدان بەوەی کە بەشی ئیدارە و چوار پۆل بەتەواوی داڕمابوون و بەشەکانی تری بیناکەش بەڕادەی جیاواز زیانیان پێگەیشتبوو.

وتیشی: "بەڵام بە هەوڵەکانی لەیلا [بەڕێوبەر] و دانیشتوانە خێرخوازەکە، قوتابخانەکە نوێژەنکرایەوە و ئێستا لەجارانیش باشترە."

وتی هەروەها ئیدارەی ناحیەکەش پشتگیریی لەو هەوڵانە کرد بە دابینکردنی هەموو رەزامەندیە ئیداریەکان بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارەکان.

یوسف وتی: "ئەمە یەکەمجار نیە خەڵکی جەلەولا بەشداریبکەن لە نۆژەنکردنەوەی ئەو دامودەزگا گشتیانەی لەلایەن داعشەوە داڕمێنراون."

وتی دانیشتوان لەوەبەریش بەشدارییانکردووە لە "چاکردنەوەی یەکێك لە بینا گرنگەکانی شارەکە و پێش ئەوەش خۆبەخشانە بەشدراییانکردووە لە پاکردنەوەی شارەکە و لابردنی پاشماوەکانی شەڕ لە شەقامەکان".

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، خزر موسلیم ستایشی ئەم هەنگاوەی کرد.

موسلیم بە دیارونای وت: "ئێمە هانی ئەم جۆرە هەڵمەتە خۆبەخشانە دەدەین و زۆر بە پێویستیان دەزانین، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا کە وڵات بە قەیرانێکی ئابوریدا تێدەپەڕێت و دەوڵەت ناتوانێت خەرجیی هەموو پرۆژەکانی بیناسازی بدات."

وتیشی: "ئەمڕۆ پێویستمان بە بەشداریی هەموو دانیشتوان و پشتگیریی رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانیەکان و وڵاتانی بەخشندە هەیە بۆ خێراترکردنی گوڕی ئاوەدانکردنەوە و چاکردنەوەی دەزگا خزمەتگوزاریەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500