هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

خوێندن و پەروەردەی داعش لە رەققە: مەنهەجێکی پڕ لە توندوتیژی یان هەر هیچ

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

پیاوانی لاو دەچنە قوتابخانەیەك بەناوی موسا بن نوسەیر لەژێر چاودێریی داعشدا لە رەققە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵڵا]

پیاوانی لاو دەچنە قوتابخانەیەك بەناوی موسا بن نوسەیر لەژێر چاودێریی داعشدا لە رەققە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵڵا]

لەکاتێکدا رەققە هێشتا لەژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دایە، هەزاران منداڵ لە خوێندن بێبەشکراون، چالاکوانان و مامۆستایانی ناوخۆ هۆشداری دەدەن.

وتیشیان گروپەکە دەیان قوتابخانەی داخستووە و مەنهەجە پڕ لە توندوتیژیەکەی خۆی سەپاندووە بەسەر ئەوانەدا کە بەکراوەیی ماونەتەوە.

نزیکەی 100 قوتابخانە کە چوار ساڵ لەمەوبەر داخران، هێشتا بەداخراوی ماونەتەوە، ئەبو محەمەد رەققاوی، وتی، کە یەکێکە لە چالاکوانەکانی 'رەققە بەبێدەنگی سەردەبڕدرێت'.

رەققاوی رۆژی 15 ئەیلول بە رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی وت: "نزیکەی 36,000 خوێندکاری قوتابخانەی سەرەتایی، 15,000خوێندکاری قوتابخانەی دواناوەندی و 12,000 خوێندکاری قوتابخانەی ناوەندی لە قوتابخانە نین."

لاپەڕەیەك لە پەرتوکی بیرکاریی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ قوتابخانەکانی رەققە هێڵکاریی چەکێك دەردەخات. هەزاران منداڵی رەققە یان لە قوتابخانە نین یان پەروەردەیەکی توندوتیژانە وەردەگرن لە قوتابخانەکانی ژێردەستی داعشدا. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵڵا]

لاپەڕەیەك لە پەرتوکی بیرکاریی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ قوتابخانەکانی رەققە هێڵکاریی چەکێك دەردەخات. هەزاران منداڵی رەققە یان لە قوتابخانە نین یان پەروەردەیەکی توندوتیژانە وەردەگرن لە قوتابخانەکانی ژێردەستی داعشدا. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵڵا]

وتیشی هەزاران منداڵ، نەوەی سەردەمی جەنگ، گەیشتوونەتە تەمەنی نۆساڵان بێئەوەی هەرگیز چووبێتنە قوتابخانە.

رەققاوی ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵی تاکەکەسی هەیە لەلایەن مامۆستایانی پێشو و چالاکوانانەوە بۆ وانەوتنەوە بە کۆمەڵە منداڵانێك تا لانیکەم فێری خوێندنەوە و نوسین ببن.

بەگوێرەی 'رەققە بەبێدەنگی سەردەبڕدرێت'، لەوکاتەوەی داعش لە 2014 دا دەستیگرت بەسەر رەققەدا، گروپەکە تاڕادەیەك رۆژانە بڕیار دەردەکات بۆ داخستنی قوتابخانەکان و گۆڕینی هەندێك بابەت و هەڵوەشاندنەوەی هەندێکی تر بەبیانوی هەڵگەڕانەوە لە ئایین.

رەققاوی وتی گروپەکە مامۆستایانی شارەکەشی ناچارکردووە بە وەرگرتنی کۆرسی "تۆبەکردن" و بەڵێندان بەوەی بەپێی مەنهەجی کۆن وانەنەڵێنەوە.

گۆشکردنی زۆرەملێی داعش

ئەو مامۆستایانەی لە رەققە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا دەناڵێنن، بە دیارونایان وت کە زۆر لە دایکوباوکان ئێستا ئەوەیان پێباشترە منداڵەکانیان لەماڵەوە بهێڵنەوە وەك لەوەی بیاننێرنە قوتابخانەکانی داعش.

مامۆستایەکی خەڵکی رەققە، ناسر عەلی، وتی زۆر لە دایکوباوکان بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لە بیروباوەڕی داعش منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە و بەنهێنی وانەیان پێدەڵێن بەکۆمەکی ئەو مامۆستایانەی لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.

عەلی کە لەبەر هۆکاری سەلامەتی داوایکرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت، بە دیارونای وت ئەو پەرتوکانەی داعش بەکاریاندەهێنێت "ئامانجیان مێشکشتنەوەی منداڵان و گۆڕینیانە بۆ ئامێری کوشتن و تاوانکاری".

وتی مەبەستیان بەخشینی زانین نیە بە منداڵان "کە خۆی [خوێندن] دەبێت وابێت".

وتیشی بەرنامەکانی خوێندنی داعش و ئەو پەرتوکانەی بینیوە کە لە رەققەدا بڵاویانکردۆتەوە و بەڕای ئەو زۆر دوورن لەوەی بەرنامەی خوێندن بن.

بەبڕوای ئەو تەنها لەسەدا 10 یان کەمتری دەتوانرێت بە زانیاریی پەروەردەیی باش لەقەڵەمبدرێت کە دەبێت لە بەرنامەکانی خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیدا هەبێت.

عەلی وتی: "مەبەستی بەرنامەی خوێندنی داعش ئاشکرایە: دروستکردنی نەوەیەکی نوێی لاوانی سوریە کە تەنها بیروباوەڕەکانی داعش دەزانن، لە کوشتنەوە بۆ لەقەڵەمدانی هەرکەسێك بە کافر کە دژ بە دونیابینییان بێت."

نەوەیەکی نوێ لە شەڕکەران

مامۆستایەکی کۆمەڵناسی لە زانکۆی قاهیرە، باسیمە حوسنی، وتی داخستنی قوتابخانە و سنوردارکردنی خوێندن بۆ تەنها ئەو قوتابخانانەی بەتەواوی لەلایەن داعشەوە بەڕێوەدەبرێن، رەوشی کاری گروپەکە بووە لە دوو ساڵی رابردوودا.

خاتو حوسنی بە دیارونای وت: "مەترسیی ئەم مەسەلەیە گەورەتر دەبێت هەرچی زیاتر داعش لەدەسەڵاتدا بێت و بەردەوامبێت لەسەر پەروەردەکردنی نەوەی نوێ لەسەر ئەم رەوشە."

بەبڕوای حوسنی کەمتەمەنترینی منداڵەکانی رەققە زیاتر لەژێر مەترسیدان، وەك ئەوانەی کە خوێندکاری قوتابخانە سەرەتاییەکانن کە هیچ شێوازێکی تری خوێندنیان نەبینیوە.

وتی یان لە قوتابخانە نین یان دەچنە قوتابخانەکانی داعش کە لەوێ بەپێی بیروباوەڕەکانی گروپەکە پەروەردەدەبن، "کە بە ڕاستی دەزانن چونکە هیچ بەرامبەرێکی راستەقینەی تر بوونی نیە".

وتیشی ئامانجی داعش "بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی خوێندنێتی تا نەوەیەکی نوێ لە شەڕکەران دروستبکات کە تەواو دڵسۆز بن بۆی".

وتی هەروەها گروپەکە ئامانجی ئەوەیە ئایدیۆلۆژیاکەی لە زەینی کچانی گەنجدا بچەسپێنێت "تاکو هانیان بدات شوو بە جیهادیەکان بکەن و منداڵیان ببێت کە زۆر ترسناکتر دەبن لە نەوەکانی پێشوو".

داخستنی قوتابخانەکان لە کەمپی یەرموك

ماجد حومسی، مامۆستایەکی خانەنشینی خەڵکی رەققە کە لە کەمپی پەنابەرانی یەرموك لە دیمەشق دەژی، وتی: "پاشئەوەی گروپی داعش دەستیگرت بەسەر ناوچەیەکی گەورەدا لە کەمپی پەنابەرانی یەرموك، بەتەواوی دەستیکرد بە پیادەکردنی ئەوەی لە رەققە و دەیر زور کردی."

حومسی بە دیارونای وت: "هەموو قوتابخانەکانی لە کەمپەکەدا داخست دووان نەبێت، یەکێك بۆ کوڕان و ئەوی تریش بۆ کچان، کە تیایاندا منداڵان مەنهەجەکانی گروپەکەیان دەخوێند."

وتیشی ئەندامانی داعش پارە لە دایکوباوکانی دەوڵەمەند دەسێنن، لەکاتێکدا وانە بە منداڵانی تر بەخۆڕایی دەڵێنەوە و خواردن و کۆمەکیش دەدەن بە هەندێك دایکوباوکان بۆ ئەوەی هەڵیانبفریوێنن تا منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانەکانی گروپەکە.

حومسی وتی لەگەڵئەوەشدا دانیشتوانی کەمپەکە رەوشەکانی داعش رەتدەکەنەوە و زۆر لە دایکوباوکان منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە لەترسی بیروبۆچوونەکانی داعش.

وتیشی: "سەرجەمی ژمارەی قوتابخانەکانی کەمپەکە زیاتر لە 20 دانە بوو، کە کۆمەکیان لە رێکخراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەکانی کەمپەکە وەردەگرت."

وتی ئەو رێکخراوانە هەوڵیاندا خوێندن لە کەمپەکەدا بپارێزن، "بەڵام ئەمە گۆڕا کاتێك داعش دەستی بەسەردا گرت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500