هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزە خێڵەکیەکانی ئەنبار 4 سەرکردەی داعش دەکوژن

خالید تائی

هێزێکی هاوبەشی پۆلیسی ئەنبار و ئەندامانی خێڵەکان هێرش دەکەنەسەر مۆڵگەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە عامریەی فەلوجە. [خاوەنی وێنە: عارف جەنابی، فەرماندەی بنکەی پۆلیسی عامریەی فەلوجە]

هێزێکی هاوبەشی پۆلیسی ئەنبار و ئەندامانی خێڵەکان هێرش دەکەنەسەر مۆڵگەیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە عامریەی فەلوجە. [خاوەنی وێنە: عارف جەنابی، فەرماندەی بنکەی پۆلیسی عامریەی فەلوجە]

هێزە خڵێەکیەکان لە پارێزگای ئەنبار، بە پشتیوانیی سوپا و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چوار سەرکردەی باڵای "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان کوشت لەنزیك ناحیەی بەغدادی لەکۆتایی ئەم مانگەدا.

چەکدارانی لیوای سێی حەشدی خێڵەکیی ناحیەکە "ئەمیرەکان"یان رۆژی 21 ئەیلول کوشت، فەرماندەی هێزە خێڵەکیەکانی ناحیەکە و سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی، مالەڵڵا عوبەیدی، بە دیارونای وت.

عوبەیدی وتی: "دوان لە سەرکردەکان بیانی بوون و دوانەکەی تر عێراقی بوون کە ئێمە دەمانناسین."

وتیشی: "ئێمە چاودێریی جموجۆڵەکانیانمان دەکرد لەڕێگای سەرچاوە چاودێری و هەواڵگریەکانمانەوە." هەروەها وتی لە کۆبوونەوەیەکدا کوژران کە لە دورگەی دولاب لەنزیك بەغدادی ئەنجامیاندەدا.

بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی داعش

عوبەیدی وتی جەنگاوەرانی خێڵەکی بە هاوکاری و سەرپەرشتیی هێزە ئەمنیەکان و پشگیریی ئاسمانی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، توانییان "بەقووڵی دزەبکەنە ناو دورگەکەوە، خۆیانبگەیەننە جێگای ئامانجەکە، چوار تێرۆریستەکە بکورژن و دەستبگرن بەسەر چەکەکانیاندا".

وتیشی: "تێرۆریستە بەئامانجکراوەکان فەرماندەی باڵای داعش بوون و راستەوخۆ بەرپرسیاربوون لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و دارایی لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار."

وتی مردنیان زەبرێکی قورسە لە داعش و "پشتی دەشکێنێت" و وتیشی "هێزە خێڵەکیەکان بە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە بێوێنەیە سەلماندیان کە دەتوانن بەگژ تێرۆریزمدا بچنەوە و سەرکردەکانی بکەنە ئامانج".

هەروەها وتی: "ئێستا جەنگاوەرەکانمان لەئاستێکی توانایی شەڕکردنی بەرزدان و بەشدارییان [لەشەڕدا] کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە."

وتیشی هێزە خێڵەکیەکان و سوپا و پۆلیس دورگەی بەغدادییان بەتەواوەتی لە داعش پاککردۆتەوە.

وتی: "دەورەی ناوچەکەمان دا کە لە شارۆچکەی بەروانەوە درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەی فورات و گەڕەکی بەکر لە خۆرهەڵاتی بەغدادی. هەموو رێڕەوەکانمان داخست و هەموو بنکەکانی داعش و لانەکانی تێرۆریزممان وێرانکرد."

هەروەها وتی: "ئێستا ئێمە لە پێگەی هێرشکردنداین و هەموو بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی داعش لە پارێزگاکەماندا."

هاریکاریی ئەمنی

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە سەربازیە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ، وتی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کوشتنی چوار سەرکردەکەی داعش ئەنجامدرا "بەهەماهەنگیەکی هاوبەشی خێڵەکان، سەرکردایەتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دورگەکە، فیرقەی حەوتی سوپا و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی [نێودەوڵەتی]".

ناوبراو بە دیارونای وت: "ئەندامانی خێڵەکانی ناحیەی بەغدادی زانیاریی پێشوەختیان هەبوو دەربارەی جێگا و جموجۆڵی ئەو سەرکردانە."

وتی هیچ ئەندامێکی هێزەکانی عێراق بریندار نەبوو.

هەروەها وتی ئەندامانی خێڵەکان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی دورگەی بەغدادیدا رۆڵێکی "دیار"یان هەبوو. "هێزەکانمان توانییان دەستبگرن بەسەر ناوچەیەکدا کە بە 35 کیلۆمەتر دەخەمڵێنرێت و چەندین گوندی لەخۆگرتووە و دەیان تێرۆریستیشیان کوشت و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دەستکردیشیان تەقاندەوە."

ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات عەیفان، وتی ئەمە یەکەم جار نیە سەرکردەکانی داعش بکرێنە ئامانج لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە.

عەیفان بە دیارونای وت: "بەڵام ئەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە سەرکردەکانی ریزی یەکەمی داعشی لە خۆرئاوای ئەنبار کردە ئامانج کە بەرپرسیاربوون لە بەڕێوەبردنی شەڕ لەو بەرەیەدا."

وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە پاشماوەی چەکدارەکانی داعشی لە ناوچەکە ناچارکرد هەڵبێن بەرەو شارۆچکەکانی عەنە و راوە کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی گروپەکەدان.

هەروەها وتی هێزە خێڵەکیەکان سەلماندیان کە پشتگیریکردنیان بۆ هێزە ئەمنیەکانی عێراق گرنگە و "ئیرادەیان بەهێزە و زۆر سوورن لەسەر تێکشکاندنی تێرۆریزم لە ناوچەکانیاندا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

پاڵەوانەکانی عامریەی خۆڕاگر!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌