ئاساییش

عێراق دورگەی خالیدیە لە مینەکانی داعش پاکدەکاتەوە

عەلاء حسێن لە بەغدا

image

هێزەکانی عێراق ئەو ناوچانەی پارێزگای ئەنبار لە تەقەمەنیەکانی پاش شەڕ پاکدەکەنەوە کە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکراون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

مانگێك پاش رزگارکردنی دورگەی خالیدیە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، هێزەکانی عێراق کاردەکەن بۆ لابردنی پاشماوەکانی دوای شەڕ لە ناوچەکە تا دانیشتوان بتوانن بگەڕێنەوە، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

بەرپرسان وتیان دوای ئەوەی مین و بۆمبە دەستکردەکان و پاشماوەکانی تری شەڕەکان لابران، خزمەتگوزایەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ دورگەکە.

هێزەکانی عێراق دورگەی خالیدیەیان گرتەوە لە 27 ئابدا دوای شەڕێکی قورس کە 28 رۆژی خایاند و تیایدا داعش زیاتر لە 1,200 چەکداری لەدەستدا. .

یاریدەدەری فەرماندەی حەشدی خێڵەکی ئەنبار، ئەحمەد بیلاوی، بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق و تیمە ئەندازیاریەکان دەستیانکردووە بە لابردنی بۆمبە دەستکردەکان و مین و پاشماوەکانی شەڕ لە دورگەی خالیدیە.

بیلاوی وتی: "کاروبارەکان بە خێراییەکی زۆر لە پێشڕەویدان و تائێستا نیوەی ناوچەکە ئەمینکراوە."

وتیشی: "تەنها چەند رۆژێكی تر پێویستە بۆ بەئەنجامگەیاندنی هەموو کاروباری پاکردنەوەی دورگەکە لە پاشماوەکانی شەڕ." وتی پاش ئەوەش یەکەکانی فریاگوزاریی پۆلیسی ئەنبار و هێزەکانی حەشدی خێڵەکی باری ئاسایش کۆنترۆلدەکەن.

ئەمەش رێگا بە هێزەکانی سوپا دەدات جوڵەبکەن بەرەو ناوچەکانی تری ژێردەستی داعش.

بیلاوی ئاماژەی کرد بە راپۆرتی تیمێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەمدواییانە سەردانی ناوچەکەی کردبوو، وتی: "تێرۆریستانی داعش زۆربەی شەقام و ماڵەکانی ناوچەکەیان بۆمبڕێژکردووە و زیانیان بە نیوەی بیناکانی ئەوێ گەیاندووە."

وتیشی دوورخستنەوەی خێرای پاشماوەکانی شەڕ و چاکردنەوەی خزمەتگوزاریەکان گەڕانەوەی سەلامەتی هاوڵاتیانی ئاوارەبوو خێراتردەکات بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان کە تا ئەمدواییەش مۆڵگەیەکی داعش و بنکەیەکی سەرەکی بوو بۆ جموجۆڵەکانیان.

گەڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان

سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات، وتی تیمەکانی شارەوانی دەستدەکەنە کارکردن بۆ خستنەوەگەڕی خزمەتگوزاریەکان لە ناوچەکە هەر ئەوەندەی دواهەمین تەقەمەنی و پاشماوەکانی شەڕ لابران.

بەرەکات بە دیارونای وت ئۆتۆمبیلەکانی شارەوانی و کارمەندانی تەکنیکی کاردەکەن بۆ دورخستنەوەی پاشماوەکان، کردنەوەی رێگاکان، خستنەوەگەڕی تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە، چاکكردنەوەی بورجەکانی کارەبا و ئەمینکردنی ئەو هێڵی کارەبایانەی لە بەغداوە دێن بۆ دورگەکە.

وتی ئەمە دەبێتە پڕۆژەیەکی گەورە لە دورگەی خالیدیە "بەهۆی سروشتی کشتوکاڵیی ناوچەکەوە کە پێویستی بە هەوڵێکی زۆر تایبەتی هەیە لەلایەن بەڕێوبەرێتی شارەوانیی پارێزگاکەوە".

بەرەکات وتی وەزارەتی ئاوەدانی و خانوبەرە و شارەوانیەکان بەڵێنی داوە ئامێر و تەکنیکار لە پارێزگاکانی ترەوە دابینبکات تا بەئەنجامگەیاندنی کارەکە مسۆگەربکات بەزووترین کات.

هەروەها وتی: "حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار نیازێتی پشتگیریی وەزارەتی کۆچ و ئاوارەبوون و ریکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەدەستبهێنێت بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری لە دورگەی خالیدیە و خۆی ئامادەبکات بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی بەزووترین کات."

بنکەیەکی پۆلیسی نوێ

سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی قەزای خالیدیە، عەلی داود، وتی وەزارەتی ناوخۆ بنکەیەکی پۆلیسی لە دورگەی خالیدیە کردۆتەوە کە "پێشوەخت کاردەکات بۆ ئامادەکردنی تەزکیەی ئەمنی بۆ خێزانەکان پێشئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکە".

داود بە دیارونای وت: "بنکەکە کاردەکات بۆ تۆمارکردنی شکاتی مەدەنی دژ بە تیرۆریستان و لێکۆڵینەوە لە کەیسە جۆراوجۆرەکانی تاوانکاری لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتیی خۆیدا."

وتیشی دورگەی خالیدیە ئامادەدەبێت بۆ پێشوازیکردن لە خێزانە ئاوارەبووەکان "دوای ئەوەی تێرۆریستان دەستنیشانکران و رێگایان لێگیرا بێنەناو دورگەکەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)