هه‌واڵه‌كانی عێراق
Topic/Iraq/sectionlead

حکومەتی عێراقی فەلوجە لە پاشماوەی شەڕ پاکدەکاتەوە

خالید تائی

کارمەندانی پاکگوزاریی حکومەت شەقامەکانی فەلوجە گسکدەدەن بۆ لابردنی داروپەردو و کەلوپەلە تێکشکاوەکان دوای دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەقفی سونی]

کارمەندانی پاکگوزاریی حکومەت شەقامەکانی فەلوجە گسکدەدەن بۆ لابردنی داروپەردو و کەلوپەلە تێکشکاوەکان دوای دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: وەقفی سونی]

حکومەتی عێراق یەکەم قۆناغی پلانەکەی تەواوکرد بۆ پاکردنەوەی شەقامەکانی فەلوجە لە پاشماوەی ئەو تەقەمەنیانەی لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەجێماون.

بەرپرسانی ناوخۆیی بە دیارونایان وت کە لە دەرەنجامی ئەم هەوڵانەدا هەزاران بۆمبی دەستکرد، ئۆتۆبیلی سوتێنراو و داروپەردو لابراون لە شەقامەکانی ئەم شارەی پارێزگای ئەنبار تا رێگا خۆشبکەن بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی.

تیمە عێراقیەکان ماڵەکانیش دەپشکنن تا دڵنیابن تەقەمەنییان تیادانیە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، محەمەد یاسین، وتی تیمە سەربازی و شارەوانیەکان نۆژەنکردنەوەی نۆ گەڕەکیان لە بەشی باکوری شارەکە تەواوکردووە لە خۆئامادەکردندا بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی.

ناوبراو وتی ئەوانە بریتیین لە گەڕەکەکانی حەی عەسکەری 1 و 2، شورتە، زوبات، موعەلیمین، وەحدە، حوزرەی موحەمەدییە، جوغەیفی و شارع جەدید.

یاسین بە دیارونای وت کە دوای رزگارکردنی شارەکە لە داعش، هێزە ئەمنیەکان و دەزگا گرنگە حکومیەکان دەستیانکرد بە پلانێك بۆ لابردنی هەموو پاشماوەکانی شەڕ.

وتی هاوشانی پاککردنەوەی شەقامەکان و لابردنی بۆمبە نەتەقیوەکان، پلانەکە نۆژەنکردنەوەی فەلوجە و خستنەوەگەڕی خزمەتگوزاریەکانیش لەخۆدەگرێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ پێشوازیکردنی خێزانە گەڕاوەکان.

وتیشی یەکەم قۆناغی پلانی نۆژەنکردنەوەکە تەواوبووە و ئەو گەڕەکانەی باکور کە ناوم بردن، ئێستا "بەباشی لە تەقەمەنی ئەمینکراون و خزمەتگوارییان تێدایە و ئامادەن بۆ پێشوازیکردنی دانیشتوانە ئاوارەکەی".

وتی قۆناغی دووەمی پلانەکەش هەوڵەکانی پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی باشوری فەلوجە لەخۆدەگرێت.

هەروەها وتی :"ئۆتۆمبیلەکانی لابردنی داروپەردو لەلایەن وەزارەتەکانی بیناسازی، پیشەسازی، نەوت و شارەوانیەکانەوە دەستیانکردووە بە کارکردن لە گەڕەکەکانی باشوری فەلوجە."

وتیشی :"هیوادارین لەماوەی مانگێکدا هەموو پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی شارەکە تەواوبێت و هەموو شتێك ئامادەبێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەخوازن بگەڕێنەوە."

دانیشتوانی ئاوارەبوو دەگەڕێنەوە

یاسین وتی هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەکان بۆ فەلوجە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە دەستیپێکرد و دانیشتوان گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی کەرمە، سەقلاویە، نەساف و حەسی لە دەوروبەری شارەکە پاشئەوەی لە مین و تەقەمەنی پاککرانەوە.

وتیشی :"لەڕۆژانی داهاتوودا دەستدەکەین بە گێڕانەوەی ئاوارەکان پۆل پۆل بۆ ناوەندی شارەکە."

هەروەها قائیمقامی فەلوجە، عیسا سایەر، بە دیارونای وت هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە بەخێرایی بەردەوامە.

سایەر وتی :"پێشڕەوییەکی باشمان بەدەستهێناوە وەك بەشێك لە پلانێك بۆ ئاوەدانکردنەوەی فەلوجە و نزیکەی نیوەی گەڕەکەکانی شارەکە ئامادەن بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی."

وتیشی هێزەکانی سوپای عێراق و فەرمانگە حکومییەکان هەموو ئەو تەقەمەنییانەیان لابردووە کە داعش بەجێیهێشتوون و رێگا سەرەکی و لاوەکییەکانیشیان کردۆتەوە.

وتی :"هەروەها دەستیشمانکردووە بە پەمپکردنی ئاو بۆ ماڵەکان، چاکردنەوەی هێڵە زیانپێگەیشتووەکانی کارەبا و محەویلەکان، نۆژەنکردنەوەی رێگاوبان و بوارە خزمەتگوزاریەکانی تر و ئامادەکردنی قوتابخانە بۆ پێشوازیکردنی منداڵانی ئاوارەبووەکان."

هەروەها وتی کاروباری نۆژەنکردنەوە لە گەڕەکەکانی باکوری شارەکە تەواوبووە و خێزانە ئاوارەبووەکانی ئەو ناوچانە دەستدەکەن بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.

وتی لە بەشەکانی باشوری شارەکە هێشتا هێزە ئەمنیەکان خەریکی پوچەڵکردنەوەی بۆمبە دەستکردەکانن.

هەوڵەکان بەردەوامن

سایەر وتی هەر کە تەقەمەنیەکان لە گەڕەکێك لابران، دەستبەجێ لە داروپەردو پاکدەکرێتەوە و ژێرخانە زیانپێگەیشتووەکەی چاکدەکرێتەوە.

پاش ئەوە، دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی داوەتدەکرێن بۆ گەڕانەوە.

وتیشی :"هەوڵەکانی گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەوروبەری فەلوجە بەردەوامن،" لەکاتێکدا تیمە سەربازی و شارەوانییەکان ناوچەی زیاتر ئەمیندەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، فەرحان عوبەیدی، بە دیارونای وت حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ خێراکردن لە ئاوەدانکردنەوەی فەلوجەدا و کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکەی.

عوبەیدی وتی :"ئەو پاشماوە و تەقەمەنییانەی لەلایەن تێرۆریستەکانەوە بەجێهێڵراون، زۆرن و کاتێکی زۆری دەوێت بۆ لابردنیان و چاکردنەوەی ژێرخانی زیانپێگەیشتوو. بەڵام بە هەوڵە هاوبەشەکانی هێزە ئەمنیەکان و دەزگا حکومیەکان، بەسەر زۆر لە تەحەدا و سەختیەکاندا زاڵدەبین."

وتیشی برێکی زۆر کارکراوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان لەناو و دەوروبەری فەلوجەشدا کە راستەوخۆ کۆمەکی کردووە بە گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووکەی.

هەروەها وتی :"هیوادارین هەموو رێکخراوەکان و وڵاتانی جیهان کۆمەکمان بکەن بۆ تەواوکردنی هەڵمەتەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارەکانمان و بەشداریبکەن لە بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی دانیشتوانە گەڕاوەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500