هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق خاڵەکانی پشکنین کەمدەکاتەوە لە بەغدا

عەلاء حسێن لە بەغدا

هێزەکانی عێراق ناوچەیەك ئەمیندەکەن بۆ زیارەتکەرانی مەرقەدی ئیمام کازم لە کازمییەی بەغدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق ناوچەیەك ئەمیندەکەن بۆ زیارەتکەرانی مەرقەدی ئیمام کازم لە کازمییەی بەغدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق دەستیانکردووە بە لابردنی خاڵەکانی پشکنین لە ژمارەیەك لە شەقامەکانی بەغدای پایتەخت، لە هەنگاوێکدا کە بەڕای شارەزایان نیشانەی باشتربوونی تواناییەکان و کاری هەواڵگرییە.

دەیان خاڵی پشکنین بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە بەغدا دانرابوون و سەرباز یان پۆلیسیان تیادا جێگیرکرابوو بۆ رێگرتن لەو هێرشانەی لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی وەك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئەنجامدەدرێن.

جگە لە شێواندنی هاتوچۆ، ئەم خاڵی پشکنینانە نەیانتوانیوە کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر پایتەخت بهێنن، شارەزایان وتیان.

فەرماندەی فیرقەی پیادەی 6، لیوا روکن ئەحمەد سەلیم، بە دیارونای وت کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بەمدواییانە دەستیکرد بە لابردنی خاڵەکانی پشکنین لە ژمارەیەك لە شەقامە سەرەکیەکانی شارەکە.

ناوبراو وتی: "فیرقەی پیادەی 6 کە سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدایە، زیاتر لە 25 خاڵی پشکنینی لابردووە لە هەندێك ناوچەی دیاریکراوی پایتەخت و گۆڕیونی بۆ بنکەی ئەمنیی کاتی یان هەر بەتەواوی هەڵیوەشاندونەتەوە."

وتی زیاتر لە 75 شەقامی سەرەکی و لاوەکیش کراونەتەوە و ئەم هەنگاوانەش پشتیان بە توێژینەوەی ورد بەستبوو دەربارەی باری ئاسایشی ئەو ناوچانە.

وتیشی هێزە ئەمنیەکان لە ماوەی داهاتوودا لەجیاتی ئەوانە تەرکیز دەکەنەسەر هەواڵگری بۆ روبەڕوبوونەوەی گروپە توندڕەوە توندوتیژەکان و نەهێشتنی هێرشە تاوانکارییەکان.

باشتربوونی هەواڵگری

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ، وتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی پشتیان بە زانیاریی هەواڵگری بەستووە توانیویانە ژمارەیەك هێرشی تێرۆریستی پوچەڵبکەنەوە لە پایتەختدا و ژیانی چەندین بپارێزن.

رەسوڵ وتی: "دیارترین ئۆپەراسیۆنی رێگریی پشتبەستوو بە هەواڵگری بەمدواییانە پوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی داعش بوو بۆ تەقاندنەوەی لۆرییەکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەی کازمییەی بەغدا لەکاتی زیارەتە ئایینیەکاندا بۆ مەرقەدی هەردوو ئیمام جەواد."

وتیشی: "هێزەکانی بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی سەربازی توانییان، لە ڕێگای سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە، بگەنە جێگای لۆرییە بۆمبڕێژکراوەکە."

هەروەها وتی یەکەیەکی هەواڵگری ناوچەکەی ئەمینکرد --گەراجێکی ئۆتۆمبیل لە دۆرە لە باشوری بەغدا-- و شۆفێرەکەیان دەستگیرکرد، لەکاتێکدا تیمە ئەندازیارییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بۆمبەکانیان پوچەڵکردەوە.

رەسوڵ وتی لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەگەڵ شۆفێرەکە گەیاندنی بە دەستگیرکردنی تۆڕێك لەپشت ئەو هێرشە پلانبۆدانراوەوە و توانییان ئەو کەسە بدۆزنەوە کە بەنیازبوو خۆی بتەقێنێتەوە و لە ڕوبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارییدا کوشتیان.

وتی هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی تردا هێزێکی سەربە بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی سەربازی دەستیانگرت بەسەر لۆرییەك دا لە پارێزگای دیالە کە ئامادەکرابوو بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ بەغدا.

وتی لۆرییەکە بارکرابوو بە بڕێکی زۆر لە گوللە هاوەن و موشەك و پشتێنی بۆمبڕێژکراو.

پشتگیری بۆ لابردنی خاڵەکانی پشکنین

ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، سەعد مەتلەبی، بە دیارونای وت کە پشتگیری دەکات لە بڕیاری لابردنی خاڵەکانی پشکنین لە بەغدا.

وتی زیاتر لە 170 خاڵی پشکنین لە سەرانسەری پایتەختدا هەیە، لەوانە خاڵی پشکنینی سەرەکی لە ناوەندی شاردا و هی تریش لە گەڕەکەکانی دەوروبەریدا.

مەتلەبی وتیشی: "دەبێت تەرکیز بکرێتەسەر پشکنین لە دەروازەکانی پایتەختدا نەك دانانی خاڵی پشکنین لەناوشاردا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500