هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

منداڵە خۆکوژەکان لاوازیی داعش دەردەخەن

خالید تائیی

image

پۆلیسی عێراق منداڵێك دەستگیردەکەن کە مانگی پێشوو هەوڵیدا لە گەڕەکی تسعینی کەرکوك پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو بتەقێنێتەوە. [خاوەنی وێنە: تۆڕی میدیای عێراقی]

لە دوایین هەوڵی ناکامیاندا بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان لەسەر دەستی هێزە عێراقیەکان، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) پەنایبردۆتە بەر بەکارهێنانی منداڵان بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژیی، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان راگەیاند.

بەمدواییانە پۆلیسی عێراق دوو هەوڵی هێرشی خۆکوژیی لەلایەن منداڵانەوە پوچەڵکردەوە، کە نێردرابوون تا خۆیان لەنێو هێزە ئەمنیەکان و مەدەنیەکانی شاری کەرکوکدا بتەقێننەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوك عەمید خەتاب عومەر عارف بە دیارونای راگەیاند پۆلیس زانیاری پێشوەختی هەبوو دەربارەی نیازی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەرکوك لەڕێی دوو خۆکوژەوە. ئاماژەی بەوەشکرد هەنگاوی پێویستیان نا بۆ شکستهێنان بە پلانەکانی گروپەکە.

وتی: "باڵاترین دۆخی ئامادەباشییمان راگەیاند. هێزەکانمان توانیان لە 21ی ئابدا تەقە لە یەکێك لە خۆکوژەکان بکەن و بیتەقێننەوە پێش ئەوەی بتوانێت بگاتە ناوەندی ئیسلامی جەعفەر سادق لە گەڕەکی واسیتی باشوری کەرکوك."

وتی هێرشبەرە خۆکوژەکە منداڵێك بوو.

وتی: "دوای ئەو هەوڵە، لە هەمان رۆژدا هێزەکانمان توانیان شکست بە دووەمین هێرشی خۆکوژیی بهێنن، کە منداڵێکی 15 ساڵانی دیکە بوو، لە نزیك سەنتەری گەنجانی کۆن لە گەڕەکی تسعینی ناوەندی کەرکوك."

وتی ئەندامانی داعش سەرەتا لە دوورەوە بۆمبێکیان تەقاندەوە. وتیشی دوای ئەوەی قەرەباڵغی دروستبوو، خۆکوژەکە دزەیکردە ناو کارمەندانی تەندروستی و ئەمنی، بەنیازی ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە و قوربانی زیاتر بخاتەوە.

رایگەیاند: "بەڵام پۆلیس هەستیان پێکرد و توانیان بیگرن و پشتێنە بۆمبییەکەی پوچەڵبکەنەوە."

عارف وتی: "لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ لە منداڵەکە دەکەین تا بزانین چۆن راکێشراوە و کێ یارمەتیداوە و شوێنی کردۆتەوە."

مێژوویەك لە خراپ بەکارهێنانی منداڵ

عارف رایگەیاند گروپە توندڕەوەکانی وەك داعش پێشتریش منداڵانیان بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی کردەی خۆکوژیی دوای ئەوەی مێشکیان بە ئایدۆلۆژیای توندڕەوانە شۆردۆتەوە.

وتی: لە ئەنجامی شکستە گەورەکانیەوە، داعش هەوڵدەدات بگەڕێتەوە سەر ئەم میتۆدە، بۆ بەکارهێنانی منداڵانی بێتاوان، و پاوانکردنی هەست و مێشکیان تا بتوانێت ئامانجە تیرۆرستیەکانی بەجێبگەیەنێت و شکست و لاوازییەکانی خۆی پێ بشارێتەوە."

"کاردەکەین بۆ نوێکردنەوەی پلانە ئەمنیەکانمان بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر پلانێکی تیرۆرستی لەمشێوەیە،" عارف رایگەیاند: "رێ بە داعش نادەین هیچ رەشکوژییەکی دیکە ئەنجامبدات، بەدواشیاندا دەگەڕێین."

"لە ئێستادا داعش بە خراپترین رۆژەکانی خۆیدا تێپەڕدەبێت،"بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ سەعد مەموزینی رایگەیاند: "بەکارهێنانی منداڵان وەك خۆکوژ دوایەمین کارتیەتی و ئاماژەیەکی روونە بە نابوت بوون، بێئومێدیی و بێتوانییان لە شەڕکردن."

مەموزینی وتی دوای ئەوەی داعش دوو ساڵ لەمەوپێش موسڵی گرت، ئەو گروپە سوپای بەناو "بێچوەشێرەکانی خەلافەت"یان دامەزراند، پەیکەربەندییەك کە نزیکەی 2,000 منداڵی خوار تەمەنی 15 ساڵان لەخۆدەگرێت.

راشیگەیاند: "منداڵەکان، کە داعش بە زۆر لە خێزانەکانیانی سەندوون، لە کامپی راهێنانی ئەندامە نوێیەکاندا لە موسڵ مەشقی سەختیان پێکراوە لەسەر شەڕی دەستەویەخە و بەکارهێنانی چەك."

وتیشی لەو کامپی راهێنانانەدا، داعش کاریکردووە بۆ شۆردنەوەی مێشکی لاوەکان و ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدانی هێرش، لەنێویاندا هێرشی خۆکوژیی.

پێویستە منداڵان بپارێزرێن

مەموزینی رایگەیاند هەوڵە خۆکوژییە شکستپێهێنراوەکانی کەرکوك "نیازی تیرۆرستان دەردەخەن لە ئامادەکارییان بۆ ئەو قۆناغەی دوای شکستی حەتمییان لە موسڵ دەستپێدەکات" بە گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی منداڵانی خۆکوژ بۆ ئەنجامدانی هێرش.

وتیشی پێویستە هەموو هەوڵە ئەمنیەکان بەگەڕبخرێن تا رێ لەمە بگیرێت.

ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق عێراق فازل غەڕاوی بە دیارونای راگەیاند کۆمسیۆن بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی داعش دەکات بۆ بەکارهێنانی منداڵان وەك چەکی کوشتار.

رایگەیاند: "دوای ئەو گورزە گورچکبڕانەی بەمدواییانە بەر تیرۆرستان کەوت، گەڕاونەتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان لە بەکارهێنانی منداڵان لە تەقینەوەی خۆکوژی تا وێنای خۆیان بکەن وەك ئەوەی هێشتا بەهێزن و دەتوانن زیان بگەیەنن."

غەڕاوی وتی کۆمسیۆنەکە سەرکۆنەی هەمو تاکتیکە تیرۆرستییەکانی داعش دەکات و داوا دەکات هەموو هەنگاوێکی دروست بنرێت بۆ سڕینەوەی هەرچی زووتری گروپە توندڕەوەکان و رێگرتنە لە بەکارهێنان و راکێشانی منداڵان لەلایەن ئەوانەوە.

وتیشی "منداڵیی لە عێراقدا بەدەست داعشەوە تووشی ناهەموارترین جۆری خراپ بەکارهێنان بۆتەوە." و کە "گرنگە کاربکەین بۆ سڕینەوەی هەر کاریگەرییەك لەسەر مێشك و رەفتاری منداڵەکانمان کە تیرۆرستان جێیانهێشتووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دروست گەورەببن و ببنە ئەندامێكی چالاکی کۆمەڵگە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500