هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

رەمادی یەکەم جەژنی قوربان دەکات پاش رزگاربوون لە داعش

عەلاء حسێن لە بەغدا

هاوڵاتیان و بەرپرسان لە مزگەوتی گەورەی رەمادی کۆبوونەتەوە بۆ نوێژی جەژنی قوربان. [عەلاء حسێن / دیارونا]

هاوڵاتیان و بەرپرسان لە مزگەوتی گەورەی رەمادی کۆبوونەتەوە بۆ نوێژی جەژنی قوربان. [عەلاء حسێن / دیارونا]

دانیشتوانی رەمادی جەژنی قوربان بە دڵێکی خۆشتر و شادییەکی زیاترەوە دەکەن، بەهۆی باشتربوونی باری ئاسایشەوە پاش دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"، بەرپرسانی ناوخۆ و مەلاکان دەڵێن.

لە بەرەبەیانی رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا کە ئەمساڵ کەوتبووە رۆژی دووشەممە (12 ئەیلول) بەتەمەنان و لاوانیش جلوبەرگی سپییان پۆشیبوو، بەرەو مزگەوت دەچوون بۆ نوێژی جەژن.

دواتر، منداڵان شەقامەکەیان پڕکرد و شیریینیەکانیان دەگۆڕییەوە و خۆیان بە دیاری و ئەو پارانەوە بادەدا کە لە کەسوکاریان وەرگرتبوو، لەکاتێکدا خێزانەکان و هاوڕێیان سەردانی یەکتریان دەکرد.

ژیان دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی

قائیمقامی رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، بە دیارونای وت: "ئەمە یەکەم جەژنە لە شارەکەدا لەدوای لەناوچوونی داعشەوە."

ئاوارەکان دەستیانکرد بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە رەمادی پاشئەوەی هێزەکانی عێراق شارەکەیان لەدەست داعش رزگارکرد لە کانونی یەکەمی پاردا.

عەوسەج وتی: "سوپاس بۆ خوا بە خۆشییەکی گەورەوە پێشوازیمان لە جەژن کرد. بازاڕەکان پڕن لە هاوڵاتیان و جموجۆڵی ناو شەقامەکان تەنانەت دوو رۆژیش پێش جەژن لە برەودا بوو، کاتێك خەڵك خۆیان [بۆ جەژن] ئامادەدەکرد."

وتی: "تا کاتژمێری دووی بەرەبەیان لە شەوی پێش جەژندا بە بازاڕەکاندا دەسوڕاینەوە و چاودێریی سەقامگیری و ئاسایشی شارەکەمان دەکرد."

هەروەها وتی شارەکە پلانێکی ئەمنیی تایبەتی بۆ جەژن گرتبووەبەر کە بریتیبوو لە بڵاوکردنەوەی فەوجەکانی فریاکەوتنی خێرای (تەواری) سەر بە پۆلیس و هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بە سەرتاسەری شارەکەدا.

وتیشی: "شارەکە هیچ پێشێلکردنێکی ئەمنیی ئەوتۆی تۆمارنەکردووە."

عەوسەج وتی: "دەتوانیت هەست بەوە بکەیت کە دانیشتووان بەختەوەرن بە جەژنکردن لە شارەکەیاندا و لەناو خێزانەکانیاندا."

وتیشی: "تائێستا لەسەدا هەشتای ئاوارەکان گەڕاونەتەوە رەمادی و تەنانەت ئەوانەشی گەڕاونەتەوە ماڵە وێرانکراوەکانیان پێدەچێت دڵخۆشتربن بە جەژنکردن لەناو داروپەردووی خانووەکانیاندا نەوەك بەدەست ئاوارەییەوە بناڵێنن."

پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە جەژندا

هەرچی پەیوەندیی بە خزمەتگوزاریە گشتیەکانەوە هەبێت لە پارێزگاکەدا، عەوسەج ددان بەوەدا دەنێت کە هەندێك کێشەی پچوك هەبوون و بەڵێنی دا نەیانهێڵێت.

وتی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانی رەمادی لەپێش و لەکاتی پشووەکەشدا کاریانکردووە بۆ دابینکردنی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاریەکانی ئاوەڕۆ بۆ دانیشتوان، تەنها پشوویەکی کورت درابوو بە کارمەندان لە رۆژی یەکەمی جەژندا.

وتیشی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و مسۆگەرکردنی ئاسایش چڕکراونەتەوە بەهۆی گرنگیی ئەم جەژنی قوربانەوە بۆ خەڵکی ئەنبار.

هەروەها وتی: "ئەندازەی دڵخۆشیی دانیشتوان پێناسەناکرێت. بە ئازادی و سەلامەتی هاتوچۆی یەکتر دەکەن و ئێمەش وەك ئیدارەی ناوخۆ ئەرکی سەرشانمانە ئەم رەوشە بپارێزین و کار بۆ بەردەوامبوونی بکەین."

عەوسەج هیوای خۆی دەربڕی بەوەی بارودۆخەکە بەردەوام لە باشتربووندا بێت لە چەند رۆژی داهاتوودا و باری ئابوریش باشبوون بەخۆوە ببینێت لەگەڵ گەڕانەوەی ژیان بۆ شارەکە.

بانگەشە بۆ یەکڕیزی و میهرەبانی

وتارخوێن لە مزگەوتێکی رەمادی، شێخ محەمەد فەهداوی، وتی لە مزگەوتەکاندا کە پڕبوون لە نوێژکەرانی رۆژی جەژن، مەلا و وتارخوێنەکان تەرکیزیان کربووە سەر هاندانی خەڵك بەرەو یەکڕیزی و میهرەبانی.

وتی ئەمساڵ جەژنی قوربان تاموچێژێکی تایبەتیی هەیە، چونکە یەکەم جەژنە لەوکاتەوەی شارەکە لەدەست داعش رزگارکراوە و خێزانە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە، سوپاس بۆ هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هێزە خێڵەکیەکان.

فەهداوی بە دیارونای وت: "ئەمڕۆ مزگەوتەکان سوپاس و ستایشی خوای گەورە دەکەن. روناکییان بۆ گەڕاوەتەوە پاش دوو ساڵ لە ناعەدالەتی و سەرکوتکردن [لەژێر سایەی داعشدا]." داواشی لە خەڵكی رەمادی کرد کاربکەن بۆ بیناکردنەوەی شارەکەیان و پشتگیریی ئەو هێزە ئەمنیانە بکەن کە دەیانپارێزن.

هەروەها وتی سەقامگیربوونی ئاسایش لە رەمادی نمونەیەك و هاندەرێکیشە بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق تا بجوڵێن بەرەو رزگارکردنی شارەکانی تری ژێردەستی داعش و هیچ نەرمییەك پێشان نەدەن بەرامبەر بەو گروپە تێرۆریستیە.

هێرشێکی داعش لە جەژندا پوچەڵکرایەوە

سەرکردەی حەشدی خێڵەکی، موقەدەم نازم جوغەیفی، وتی دوای لەدەستدانی رەمادی و فەلوجە، چەکدارانی داعش هەوڵیاندا ئاسایشی تەبەعات تێکبدەن لە باکوری خۆرئاوای ناوچەی روتبە لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە پێکانی ئامانجەکەیان و زیانی سەختی گیانی و ماددیشیان لێکەوت.

جوغەیفی بە دیارونای وت: "هێزە عێراقی و خێڵەکیەکان رۆژی پێش جەژن بەگژ هێرشێکی داعشدا چوونەوە بۆسەر خاڵێکی پشکنین لە ناوچەی تەبەعات."

وتیشی: "هێزەکانی عێراق 60 چەکداری داعشیان کوشت، لەنێویاندا خۆکوژی عەرەب و بیانی، و هەشت ئۆتۆمبیلیشیان تێکشکاند کە یەکێکیان بۆمبڕێژکرابوو."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

نایابە! سوپاس.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌