هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

راهێنانی منداڵان وەك شەڕکەر لەلایەن داعشەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی نوێ

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

منداڵان، کە وەك 'بەچکەشێران' لەقەڵەمدەدرێن، لە ئەکادیمیای فاروقدا لە رەققە گۆشدەکرێن. [وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"]

منداڵان، کە وەك 'بەچکەشێران' لەقەڵەمدەدرێن، لە ئەکادیمیای فاروقدا لە رەققە گۆشدەکرێن. [وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"]

لەکاتێکدا "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەردەوام خاك و دەسەڵاتی لەدەستدەدات، لەهەوڵداندایە بۆ گۆشکردنی نەوەیەکی نوێ لە شەڕکەران کە کوشندەتر دەبن لەوانەی ئێستا هەن، شارەزایان هۆشداری دەدەن.

لە راپۆرتی ساڵانەیدا دەربارەی حاڵەت و مۆدێلی تێرۆریزم لە یەکێتی ئەوروپادا کە لە تەمموزدا بڵاوبۆتەوە، دەزگای پۆلیسی ئەوروپی، یۆرۆپۆڵ، هۆشداریی دا کە منداڵانی ئەو چەکدارە بیانیانەی لەسایەی دەسەڵاتی داعشدا لە عێراق و سوریا دەژین، "جێگای نیگەرانییەکی تایبەتیین".

بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو منداڵانە ئاسانتر دەکەونە ژێر کاریگەریی شێوازی پەروەردەی گروپەکە و رادەهێنرێن بۆئەوەی ببنە "نەوەی داهاتوو"ی تێرۆریستان.

راپۆرتەکە دەڵێت: "زۆرجاران داعش لە پڕوپاگەندەکانیدا پیشانیداوە کە ئەم منداڵانە رادەهێنن تا ببنە نەوەی داهاتووی شەڕکەرە بیانیەکان کە دەشێت ببنەهۆی هەڕەشە لە ئاسایشی دەوڵەتە ئەندامەکان [لە یەکێتی ئەوروپادا]."

ژنانی سوری لەتەنیشت ئۆتۆمبیلێکی حەسبەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە رەققە راوەستاون. ئەندامانی حەسبە بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە بۆ چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی دانیشتوان. [خاوەنی وێنە: چالاکوانی سوری "ئەبو شام رەققە"]

ژنانی سوری لەتەنیشت ئۆتۆمبیلێکی حەسبەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە رەققە راوەستاون. ئەندامانی حەسبە بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە بۆ چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی دانیشتوان. [خاوەنی وێنە: چالاکوانی سوری "ئەبو شام رەققە"]

هەروەها دەڵێت: "هەندێك لەوانەی دەگەڕێنەوە درێژە دەدەن بە هەڕەشەی تێرۆریزم لە یەکێتی ئەوروپادا لەڕێگای چالاکیەکانی وەك ئاسانکاری و پەیداکردنی کۆمەکی دارایی و هاندان و رادیکاڵبوونەوە. رەنگیشە ببنە نمونەی باڵا بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا دەبنە جیهادیی."

یۆرۆپۆڵ مەزەنەدەکات زیاتر لە 5,000 ئەوروپی سەفەریانکردبێت بۆ کەمپەکانی راهێنانی تێرۆریستان لەدەرەوەی وڵات، لەوانە ئەو کەمپانەی لەلایەن داعشەوە لە عێراق و سوریا دەبرێنبەڕێوە.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا مانگی ئازاری 2016 بەناوی "منداڵانی دەوڵەتی ئیسلامی"، رێکخراوی کویلیام بۆ توێژینەوە و بیرکردنەوە لە بابەتەکانی دژایەتیکردنی توندڕەوی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ژمارەی ژنانی سکپڕی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا خەمڵاند بە 31,000 ژن.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە "ئاییندەی ئەو منداڵانەی لە [ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا] لەدایکدەبن و پەروەردەدەبن گرفتێکی جددی و فشارهێنەرە کە پێویستە گرنگییەکی دەستبەجێی پێبدرێت لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە."

گۆشکردنی پێشوەخت

شیکاری بواری سەربازی و ئەفسەری خانەنشین لە سوپای میسر، لیوا عەبدولکەریم ئەحمەد، وتی ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا لەدایکبوون لەئاییندەدا دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە، چونکە پەیوەندیدەکەن بە ریزەکانی داعشەوە و هەر لە منداڵیەوە بە ئایدیۆلۆژیاکەی گۆشدەکرێن.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەو هەڕەشەیە هەر بۆسەر ناوچەکانی ژێردەستی داعش نیە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سوریا و عێراقیش.

وتی ئەم منداڵانە "هەر تەنها نابنە چەکدار بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەکانی گروپەکە، بەڵکو دەشێت بەهۆی عەقڵیەتی تاوانکارانەی گروپەکەوە، بشبنە بۆمبی تەوقیتکراو و بە سەرتاسەری دونیادا بڵاوبکرێنەوە."

وتیشی داعش کەمپی راهێنانی بەناوی "بەچکەشێرانی خەلافەت" دامەزراندووە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا کە "باش پارێزراون و گرنگییان پێدەدرێت".

هەروەها وتی: "ئەگەر گروپەکە ئەو منداڵانە لە تەمەنێکی زوودا بەکاربهێنێت، بەبێ گومان دەخرێنە ناو دەستەکانی خۆکوژانەوە یان تیمەکانی سوسەکردن لە ناوچە پڕمەترسیەکاندا."

وتیشی بۆ گروپەکە ئاسانترە منداڵان لە هێرشی خۆکوژیدا بەکاربهێنێت لە بەرەکانی شەڕدا، چونکە ئەمە بەئامانجگرتنیان زەحمەتتردەکات کاتێك رۆژانە ئەو هەموو خێزان و منداڵانە لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش هەڵدێن.

راکێشانی ژنان بۆناو خەلافەت

لێکۆڵەرەوە لە ناوەندی شەرق بۆ توێژینەوە ناوچەیی و ستراتیژییەکان، سامی غەیس، وتی لە سەرهەڵدانیەوە ئەم گروپە هەوڵیداوە کچان و ژنان راکێشێتە ناوەوە لەڕێگای ئامێری پڕوپاگەندەکەیەوە کە بەردەوام بانگەشە بۆ "خاکی خەلافەت" دەکات.

غەیس بە دیارونای وت سەدان ژن لە ئەنجامی ئەو پڕوپاگەندەیەدا کەوتوونەتە ناو تەڵەی هاندان و راکێشانەوە، بە بەڵێنی شوکردن و ژیان لە "دەوڵەت"ی داعشدا.

وتی بەشێوەیەکی گشتی ئەرکی شەڕ بەو ژنانە نەدراوە، جگە لەو دەستانەی ژنان کە ئەرکەکانی حەسبە ("پۆلیسی ئایینی")یان پێدەبەخشرێت لە شارە سەرەکیەکانی وەك رەققە و مەنبیج و باب.

وتی هەروەها داعش سەدان کچی رفاندووە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگای یەزیدیەکان لە عێراق و لەناو ئەندامانیدا دابەشیکردوون یان وەك کۆیلە فرۆشتوونی. "بەمشێوەیەش بەرزترین ئاستی تاوانکاری و نامرۆیی بەدەستهێناوە لە کردار و کردەوەکانیدا."

وتیشی: "دیاربوو کە گروپەکە هەر لە سەرەتاوە پلانی پێکهێنانی نەوەیەکی نوێ لە شەڕکەرانی دانابوو کە وەفاداربن بۆی و کوشندەتربن لە شەڕکەرەکانی پێشووی."

منداڵی رۆبۆتیی بێئیرادە

دەرونناسی منداڵان و مامۆستا لە زانکۆی عەین شەمس لە میسر، ئیناس جەمەل، وتی ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش لەدایکبوون، مێشکیان شۆراوەتەوە و هەر لە منداڵیەوە بێهەست و سۆز کراون.

خاتو جەمەل بە دیارونای وت: "سروشتییە کە مێشکیان پڕبکرێت لە بیرۆکە تاوانکارانەکانی گروپەکە کە لە مێشکیاندا دەچەسپێت وەك راستییەکی رەها کە پێی گۆشکراون."

وتیشی: "هەر لە تەمەنێکی منداڵیەوە دەخرێنە کەمپی راهێنانەوە و لەوێ مەشقیان پێدەکرێت و رەوش و شێوازی گروپەکەیان فێردەکرێت." هەروەها وتی هەرچی گەورەترببن، هەرچی چاکسازیکرندیان زەحمەتتر دەبێت.

جەمەل وتی: "وەك رۆبۆتیان لێدێت، لە ویست و ئیرادە و توانای بیرکردنەوە دادەماڵرێن و تەنها پەیامیان دەبێتە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە."

وتیشی هەڕەشەیەکی گەورەی تر پەیوەندیی بە ژنان و کچان خۆیانەوە هەیە "چونکە لە ئیرادەیان داماڵراون و کراونەتە ئامێری منداڵدروستکردن و بەوشێوەیەش بەردەوام لاقە دەکرێن."

ئەمە دەبێتە هۆی گرفتی دەرونیی جددی کە ماوەیەکی دورودرێژی چارەسەری دەرونی و چاکردنەوەی پێویست دەبێت پێشئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.

جەمەل جەختیکرد لەسەر پێویستی بە "هەماهەنگیکردن لە هەوڵدانی نێودەوڵەتییدا بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم مەترسیە گەورەیە کە هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

هیچ خودایەك نیە ئەڵـڵا نەبێت و محەمەد پەیامنێری خودایە و عەلی هاوپەیمانی خوایە. [ لاالە الا اللە، محمد رسول اللە و علي ولي الله]

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

هیچ هێز و توانایەك نیە جگە لە خوادا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌