هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش فڕۆکەخانەی موسڵ تێکدەدات لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەڕدا

خالید تائی

image

فڕۆکەخانەی موسڵ پێشئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستبگرێت بەسەر شارەکەدا ساڵی 2014. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی فڕۆکەخانەی موسڵ]

لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەڕ بۆ سەندنەوەی موسڵ لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، چەکدارانی ئەم گروپە دەستیانکردووە بە بۆمبڕێژکردنی فڕۆکەخانەی موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی هێزەکانی عێراق، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

بەرپرسان وتیان داعش لەوە دەترسێت فڕۆکەخانەکە، کە کەوتۆتە پێنج کیلۆمەتر خوارووی ناوەندی موسڵەوە، ئامانجی داهاتووی هێزە عێراقیەکان بێت دوای ئەوەی ناوچە ستراتیژیەکانی گەیارەیان گرتەوەدەست لە کۆتاییەکانی مانگی ئابدا.

مەحمود سورچی، وتەبێژی حەشدی نیشتمانی لە پارێزگای نەینەوا کە هێزێکی ناوخۆییە و لە خەڵکی موسڵ پێکهاتووە، وتی چەکدارانی داعش فڕۆکەخانەی موسڵیان بۆمبڕێژکردووە وەك دەستپێشخەرییەك.

سورچی وتی: "بۆمبی دەستکردیان لە فڕۆکەخانەکە و ناو بیناکانیدا چاندووە و لە سەر ئەو رێگایانەش کە دەچنەوەسەری."

وتیشی: "بڕێکی زۆر داروپەردووی کۆنکرێتی و ئاسنیشیان لەسەر جادەکانی هەستانی فڕۆکە داناوە تا رێگا لە هێزە سەربازیەکان بگرن بنیشنەوە یان بفڕن لەم شوێنە گرنگەوە و بەکاریبهێنن وەك خاڵێکی دەرچوون بەرەو ناوەندی موسڵ."

وتی هەروەها چەکدارانی داعش بۆمبیان لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەریشی چاندووە، لەوانە گوندی ئەلبو سەیف کە لە جێگایەکی ستراتیژیدایە و گردێکی بەرزی لێیە بەرسەر موسڵدا دەڕوانێت.

سورچی وتی: "تێرۆریستەکان هەموو ئەو پردانەیان بۆمبڕێژکردووە کە هەردوو بەری شارەکە پێکەوە دەبەستنەوە، کە بە کەناری راست و چەپ ناسراون، هەروەها جادە سەرەکیەکانی دەرەوەی شاریش، بۆئەوەی رێگا لە پێشڕەویی سوپا بگرن."

وتی هەروەها دانیشتوانی گوندەکانی باکوری گەیارەیان لە ناوچەکانی شورا و حەمام عەلیل گواستۆتەوە "بۆ پتەوکردنی هێڵەکانی بەرگرییان لەدەوروبەری موسڵ".

وتیشی ئێستا لانیکەم 10,000 ئاوارە "لە دەشتودەردا دەژین لەژێر قرچەی هەتاودا بێ بوونی تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیانیش".

دانیشتوانی موسڵ لەچاوەڕوانیدان

سورچی وتی: "تێرۆریستەکان هەموو بنچینەکانی هێز و تواناییان بۆ مناوەرەکردن و هێرشکردن لەدەستداوە و پەنایانبردۆتە بەر بۆمبڕێژکردن لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ مانەوە لە موسڵدا تا دەتوانن."

وتیشی: "بەڵام هەر زوو روبەڕوی لەناوچوون دەبنەوە، سەرباری هەر خۆئامادەکردنێکیش کە چەکدارەکان کردوویانە."

هەروەها وتی: "توڕەیی و ناڕەزایی لە داعش لەناو شارەکەدا بەدیدەکرێت. هەموو دانیشتوانەکە لە چاوەڕوانیی هێزە ئەمنیەکاندان بگەن تا پشتگیرییان لێبکەن و ببنە پشتیوانی بۆ شەڕی گەورەی رزگاری."

سورچی وتی لە وتاری هەینیی رابردوودا لە مزگەوتی گەورەی موسڵ , وتارخوێنەکە داوای لە نوێژکەران کرد خۆبەخشانە پەیوەندی بکەن بە ریزەکانی داعشەوە.

وتیشی : "وتەکانی نەچوون بە گۆێی کەسدا و کەس ویستی خۆی بۆ شەڕ پیشاننەدا." ئەمەش بەوتەی سورچی وایکرد وتارخوێنەکە خەڵکەکە بە "ترسنۆك" لەقەڵەمبدات.

دوای رزگارکردنی گەیارە، چەندین وێنەی دانیشتووان لە ئاهەنگی پێشوازیکردنی هێزە رزگارکەرەکاندا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووەوە.

سورچی وتی ئەمە هەمووی بەڵگەی ئەوەیە دانیشتوان دەخوازن لەدەست داعش رزگاریان ببێت.

وتیشی: "ئومێدەوارین گوڕی سەرکەوتنەکان بەردەوامبێت چونکە کەشەکە لەبارە بۆ دواهەمین سەرکەوتن."

گرنگیی ستراتیژیی فڕۆکەخانەکە

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هاشم بەریفکانی، بە دیارونای وت داعش پەنای بردووە بۆ بۆمبڕێژکردنی فڕۆکەخانەی موسڵ لەترسی ئەوەی ئامانجی داهاتووی هێزە سەربازیەکان بێت دوای گەیارە، بەهۆی گرنگییەوە لە دیاریکردنی دەرەنجامەکانی شەڕی رزگاریدا.

وتیشی: "داعش باشترین چەکدارانی ناردووە بۆئەوەی چنگیان لە فڕۆکەخانەکە و ناوچەکانی دەوروپشتی گیربکەن، بەتایبەتی گوندی ئەلبو سەیف."

وتی بەڵام ئەم تاکتیکانە "پێشڕەویی هێزەکانمان ناوەستێنن کە سەرکەوتنی گەورە بەدەستدێنن لە بەرەکانی شەڕدا لەدەوروبەری موسڵ، بەتایبەتی بەرەکانی گەیارە، خازر، تەلئەسقەف و سنجار".

بەریفکانی وتیشی: "ئەمڕۆ دوژمن لەناو شارەکەدا گیریخواردووە."

شارەزای گروپە تێرۆریستیەکان، هیشام هاشمی، بە دیارونای وت فڕۆکەخانەی موسڵ ئامانجێکی ستراتیژییە لە شەڕەکەدا و گرتنەوەی مانای ئەوە دەبەخشێت کە داعش شاری موسڵ لەدەستدەدات.

وتیشی: "ئەو وێنانەی لە ئاسمانەوە لەلایەن فرۆکە سەربازیەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە گیراون ئەوە پیشاندەدەن کە فرۆکەخانەکە بەسەختی زیانی پێگەیشتووە و لەلایەن داعشەوە تێکدراوە، لەوکاتەوەی موسڵی داگیرکردووە."

هەروەها وتی: "ئۆپەراسیۆنی سەندنەوەی موسڵ پشت بە هەوڵە سەربازیەکان دەبەستێت لەسەر زەوی لەلایەن هێزەکانی سوپاوە، بەتایبەتی هەردوو فیرقەی 15 و 16 و هێزەکانی دژە-تێرۆر."

هاشمی وتی ئێستا ئەم هێزانە بەرەو کەناری راست (خۆرئاوا)ی موسڵ دەکشێن بۆ رزگارکردنی و هێزەکانی پێشمەرگەش لە پێشڕەویدان بەرەو کەناری چەپ (خۆرهەڵات)ی شارەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500