هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئەنبار یەکەم ئەنجومەنی سەربازیی خێڵەکیی بۆ شەڕکردن دژی داعش پێکدەهێنێت

عەلا حسێن لە بەغدا

image

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێی چەکدارانی خێڵەکیی دامەزراندنی ئەنجومەنەکەیان لە 29 ئابدا لە رەمادی راگەیاند. [خاوەنی وێنە: ئەندامی ئەنجومەن شێخ جەبار مەلا خوزەییر]

سەرکردە خێڵەکییەکانی ئەنبار یەکەمین ئەنجومەنی سەربازییان دامەزراندووە بۆ چەکدارە خێڵەکییەکان لە پارێزگاکەدا، لە هەوڵێکدا بۆ یەکخستنی هەوڵەکان دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

یەکێك لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنەکە و بەرپرسی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجومەنی قەزای خالیدییە ئیبراهیم فەهداوی وتی ئەنجومەنە نوێیەکە لە زیاتر لە 5,000 چەکدار پێکدێت لە ئەنبار کە لەژێر فەرماندەیی ئەو سەرکردە خێڵەکییانەدا شەڕی داعش دەکەن کە لە پارێزگاکەدا و لە ساڵی 2006 وە شەڕی گروپە تیرۆرستییەکانیان دەکەن.

دامەزراندنی ئەنجومەنە سەربازییەکە لە کۆنفرانسێکی رەمادی لە 29 ئابدا راگەیەندرا کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە خێڵەکییەکان و فەرماندەکانی هێزەکانی حەشدی خێڵەکیی ئامادەیبوون.

فەهداوی بە دیارونای وت: "ئامانجی ئەم هێزە تازە راگەیەندراوە شەڕکردنی تیرۆرستان و یەکخستنی گوتاری ناوخۆیە لە پارێزگاکەدا دەربارەی شەڕکردن و نەهێشتنی گروپی تیرۆرستیی داعش."

راشیگەیاند ئەنجومەنەکە بە پشتگیریی حکومەتی فیدراڵ و خۆجێی دامەزرێنرا، بە هەماهەنگیی تەواویش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکەدا.

وتیشی کە [ئەنجومەنەکە] لایەنگری هیچ "رێکخراوێکی سیاسی یاخود لایەندار نیەو هیچ پەیوەندییەکی بە قەوارەیەکی دەرەکیی یاخود هەرێمییەوە نیە".

مانەوە لە ناوچەکان

شێخ فەلاح قەرەغولی، فەرماندە لە ئەنجومەنە نوێیەکە و فەرماندەی حەشدی خێڵەکیی لە خۆرئاوای ئەنبار، وتی ئامانجی لەپێشینەی ئەم پێکهاتە نوێیە بۆ پاراستنی ناوچەکە و دابینکردنی گرەنتییە بۆ هاوڵاتیان دوای ئەوەی ناوچەکانیان لە داعش پاکدەکرێندەوە.

رایگەیاند: "زۆربەی هێزە حکومییەکان کە ناوچەیەك رزگاردەکەن، وەك سوپای عێراق و هێزەکانی ئاژانسی دژە-تیرۆر، پارێزگاکە دوای رزگارکردنی جێدەهێڵن، دەشبێت هێزێکی ئەمنیی هەبێت کە لە ناوچەکە بمێنێتەوە و لەلایەن شەقامەوە متمانەی پێبکرێت."

بە دیارونای وت: "ئەنجومەنە سەربازییەکە هات تا ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، بە هاوکاریی و هەماهەنگیی هێزەکانی پۆلیسی خۆجێیی لە ئەنبار."

قەرەغولی وتی هێزەکانی ئەنجومەنەکە بەتەواوی پارێزگاکەدا بڵاودەبنەوە، لە فەلوجەوە دەستپێدەکەن لە خۆرهەڵات تا روتبە لە خۆرئاوا.

وتیشی بەسەر چەندین یەکەدا بڵاودەبنەوە، کە هەریەکەیان نزیکەی لە 40 چەکداری خێڵەکیی پێکدێت.

وتیشی هێزەکە چەك و تفاقی سەربازیی لە حکومەتی فیدراڵەوە پێدەگات.

قەرەغولی رایگەیاند: "چەکدارەکان پاڵپشتی هێز و یەکەکانی فیرقەی 16ی سوپای عێراق دەکەن لە شەڕیاندا بۆ رزگارکردنی شارۆچکەکانی خۆرئاوای ئەنبار، لەنێویاندا قائیم، عانە و راوە، لەگەڵ دوورگەی رەمادی و هیت."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا تەها عەبدولغەنی وتی حکومەتی خۆجێی ئەنبار پاڵپشتی هەر پێکهاتەیەکی سەربازیی و ئەمنی دەکات لەنێو پارێزگاکەدا "ئەگەر بەگوێرەی یاسا و دەستوور و لەژێر چەتری فەرماندەی هێزە چەکدارەکان حەیدەر عەبادیدا کاربکەن".

بە دیارونای راگەیاند "پارێزگاکە لە ئێستادا لە شەڕێکی سەختدایە لەدژی داعش، کە یەکێكە لە سەرسەختترین هێزە تیرۆرستییەکانی جیهان،" وتیشی "ئەمڕۆ [ئەنبار] پێویستی بە هەوڵی چڕوپڕی هەموان هەیە بۆ نەهێشتنی ئەم خانە شێرپەنجەییە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500