هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئاوارە عێراقیەکان بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان

خالید تائی لە بەغدا

دانیشتوانی ئەنبار کە بەمدواییانە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان پاش ئاوارەکردنیان لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، موبەریدە وەردەگرن بۆئەوەی بتوانن تەحەمولی گەرما بکەن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان]

دانیشتوانی ئەنبار کە بەمدواییانە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان پاش ئاوارەکردنیان لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، موبەریدە وەردەگرن بۆئەوەی بتوانن تەحەمولی گەرما بکەن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان]

بەگوێرەی حکومەتی عێراق ئەو خێزانانەی کەمپی ئاوارەکان بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان پاش زنجیرەیەک سەرکەوتن لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە بەسەر "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا، بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەیان لەزیادبووندایە.

مەحمود سەلام، 36 ساڵ، بە دیارونای وت خێزانە حەوت کەسیەکەی بۆ زیاتر لە ساڵێك لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکی جامیعە لە رەمادی دەربەدەربوون.

وتی مانگێك لەمەوبەر گەڕاونەتەوە و ئێستا هەست بە حەوانەوە و دڵنیایی دەکەن.

وتیشی: "لە تونێلێکی تاریکدا بووین و لێی هاتینە دەرەوە. لاپەڕەی تێرۆریزممان هەڵدایەوە و لە رەنج و ئازارەکانی ئاوارەیی رزگارمان بوو."

هەروەها وتی: "ئێستا تەنها دەمانەوێت ژیانێکی ئارام و بەکەرامەت بەرینەسەر و هەموو پێکەوە دەستبکەین به‌ بیناکردنەوەی شارەکەمان و لە تێرۆریستان بیپارێزین."

بەگوێرەی وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان، لانی کەم 160,000 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچە ئازادکراوەکانیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، دیالە، ئەنبار و نەینەوا.

کاتێك قەیرانی ئاوارەبوون لە حوزەیرانی 2014 دەستیپێکرد، ئەوکاتەی داعش موسڵی داگیرکرد، سەدان هەزار خێزان ناچاربوون هەڵبێن بەرەو ناوچه‌ سه‌لامه‌ته‌كان.

هەتاکو ناوەڕاستی 2015 هێزەکانی عێراق ژمارەیەك ناوچەیان لەدەست داعش سەندەوە و چەند هەزار خێزانێکی ئاوارە دەستیانکرد بە گەڕانەوە.

جێگری وەزیری کۆچ و ئاوارەکان، جاسم عەتییە بە دیارونای وت لەئێستادا ژمارەی گەڕاوەکان گەیشتۆتە زیاتر لە نیوملیۆن لە کۆی نزیکەی 3.5 ملیۆن هاوڵاتی کە لەلای حکومەت وەك ئاوارە تۆمارکراون.

عەتییە وتی: "گەڕانەوە لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە چڕترە، چونکە هێزە سەربازیەکان توانییان بەشی گەورە لەو دوو پارێزگایە ئازادبکەن و لە مین و تەقەمەنی پاکیبکەنەوە کە گەورەترین رێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی خێزانی زۆرتردا."

گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خزمەتگوزاریەکان

عەتییە وتی پاش تەواوبوونی هەر ئۆپەراسیۆنێك بۆ رزگارکردنی ناوچەیەك و گەڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان بۆی، وەزارەتەکە پلانێك دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی گواستنەوە و تۆمارکردنی گەڕاوەکان تا بیانخاتە ناو بەرنامەکانی کۆمەکی مرۆییەوە بۆئەوەی یارمەتیی جێگیربوونەوەیان بدات.

وتیشی: "ئەو بەرنامانەی لەلایەن وەزارەتەکەوە جێبەجێکراون بەهاوکاریی رێکخراوە مرۆییەکان بریتیبوون لە دابینکردنی کۆمەك و پشتگیریی دارایی بۆ هاندانی گەڕاوەکان تا ژیانی ئاسایی دەستپێبکەنەوە."

وتی هەروەها لەو بەرنامانە کۆمەککردنیانە لە چاکردنەوەی ماڵەکانیاندا و دابینکردنی هەلی کار بۆ باشترکردنی باری ژیانی دانیشتوانە گەڕاوەکان.

بەڕێوبەری فەرمانگەی کۆچ لە ئەنبار، محەمەد رەشید، وتی: "بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان بێگومان رەنگدانەوەی لەدەستدانی تواناییەکانی تێرۆریستان و کەمبوونەوەی دەسەڵات و هەڕەشەکانیانە."

رەشید بە دیارونای وت تائێستا 51,613 خێزان گەڕاونەتەوە شارە رزگارکراوەکانی ئەنبار و "ئەم ژمارانەش بەردەوام لەزیادبووندان و رۆژانە گەڕانەوەی 400 بۆ 600 خێزان بۆ ماڵەکانیان تۆماردەکەین".

وتی رەمادی لە پێشەنگدایە، کە نزیکەی 38,000 خێزانی بۆ گەڕاوەتەوە.

وتیشی: "خێزانە گەڕاوەکانی تریش دابەشبوون بەسەر شارەکانی هیت، حەدیسە، بەغدادی و خالیدیەدا."

هەروەها وتی لە رۆژی 10 ئابدا وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان 3,000 بەستە کۆمەکی دابەشکرد بەسەر ئەو خێزانانەدا کە گەڕابوونەوە رەمادی و خالیدیە، کە پێکهاتبوون لە خۆراك، جلوبەرگ، موبەریدە و کەلوپەلی تری ناوماڵ.

زیادبوونی گەڕانەوە تێکشکانی داعش دەردەخات

رەشید وتی داعش لە ئەنبار تێکشکاوە و بەرەو کۆتایی دەچێت لە پارێزگاکەدا.

وتیشی: "بە هەموو توانایەکمانەوە کاردەکەین بۆ گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و بوژانەوەیان."

بەڕێوبەری فەرمانگەی کۆچ و ئاوارەکان لە دیالە، ئیبتیهال داینی، بە دیارونای وت: "گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ پارێزگای دیالە به‌ بەردەوامی رووده‌دات و تا دێت زیاتریش ده‌بێت." هەروەها وتی 42,000 خێزان گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لە سەعدیە، میقدادیە، جەلەولا و مەنسوریە.

داینی وتی دایشتوانی هەندێك شارۆچکەی وەك شەروین بەتەواوی گەڕاونه‌تەوە و ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەمەش بەڵگەی نەمانی هەڕەشەی تێرۆریزم و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیریە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان".

وتیشی: "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ خزمەتکردنی گەڕاوەکان و ئاوارەکان بێ جیاوازی. هەر شتێکیان پێویست بێت پێیان دەبەخشین لە زەخیرە و پێداویستیەکانی بەهاناوەچوون و خزمەتگوزاریەکان تا بتوانن کاروبارەکانی ژیانیان بەڕێوەبەرن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500