هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هۆزەکانی ئەنبار بەڵێنی پشتگیری بە هێزەکانی عێراق دەدەن

عەلاء حسێن لە بەغدا

ئەندامانی سوپای عێراق لەگەڵ هۆزەکانی ئەنبار کۆبوونەتەوە لە رەمادی پاشئەوەی شارەکە لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکرا. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

ئەندامانی سوپای عێراق لەگەڵ هۆزەکانی ئەنبار کۆبوونەتەوە لە رەمادی پاشئەوەی شارەکە لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکرا. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

سەرۆك هۆزەکان لە ئەنبار دەڵێن پشتگیری لە هێزەکانی عێراق دەکەن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لەو شارۆچکانەدا کە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکراون و ئاشکرای دەکەن کە پەیماننامەی خێڵەکییان ئیمزاکردووە بۆ سەرکۆنەکردن و دەرپەڕاندنی ئەم گروپە.

لەکاتێكدا هێزەکانی عێراق شارە گەورەکانی پارێزگاکەیان رزگارکرد، وەك رەمادی و فەلوجە، بەرپرسانی ناوخۆ و سەرۆك خێڵەکان قۆناغێکی نوێیان دەستپێکرد لە لێکتێگەیشتن بۆ سەپاندنی ئاسایش و رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش.

سەرۆکی ئەنجومەنی خێڵەکانی دژ بە داعش لە ئەنبار، شێخ رافع فەهداوی، وتی هەموو خەڵکی ئەنبار و خێڵەکان پشتگیری لە هەوڵی هێزەکانی عێراق دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایش.

فەهداوی بە دیارونای وت خەڵکی ئاسایی بەشێکی سەرەکی پێکدەهێنن لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکانی پارێزگاکە لە قۆناغی پاش ئازادکردندا و وتیشی دەبێت چوارچێوەیەکی نوێ دیاریبکرێت بۆ هاریکاریی نێوان لێپرسراوانی ناوخۆ و دانیشتوانە مەدەنیەکان.

وتی وەك بنچینەیەك بۆ ئەم چوارچێوەیە، دەبێت فەرماندە ئەمنیە کارامە و دڵسۆزەکان پشت بە خێڵەکانی ئەنبار ببەستن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا و پێویستە هێزەکانی حەشدی خێڵەکیش لەباربکرێن بۆ پشتگیریکردن لە هێزە ئەمنیەکانی تر.

هەروەها جەختیکردەوە کە پێویستە لایەنە دادوەریەکانیش رۆڵێك ببینن لە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی هەرکەسێك کە پەیوەندی هەبێت بە داعشەوە یان ئەندامی گروپەکەوە.

پەیماننامەی خەڵکی ئەنبار

بەپێی پەیماننامەی خەڵکی ئەنبار کە لەلایەن زۆربەی سەرۆك هۆزەکانەوە ئیمزاکرا، بەئامادەیی سەرۆکی پەرلەمان سەلیم جبوری و پارێزگاری ئەنبار سوهەیب راوی، ئەوانەی بە تۆمەتی تێرۆریزم حوکمدراون لە چوونە ناو شارە رزگارکراوەکانی پارێزگاکە بێبەش دەکرێن.

ئەم پەیماننامەیە کە لە 22 حوزەیران ئیمزاکرا، "داوا لە هەموو خەڵکی پارێزگاکە دەکەن هاوکاریی دەزگا ئەمنیەکان بکەن و خەبەربدەن لە هەموو ئەندامێکی گروپی تێرۆریستیی داعش و ئەوانەی هاوکاریشیان دەکەن و هەروەها [خەبەریش بدەن] لە هەموو کردەیەکی گومانلێکراو کە ببێتەهۆی تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیری".

رێکەوتنەکە هۆشداری دەدات بە "خێزانی ئەو تاوانبارانەی دەستیان لەگەڵ تێرۆریستانی داعش تێکەڵکردووە کە پارێزگارییان لێنەکەن و بۆیان نەپاڕێنەوە یان بەرتیل بدەن، بەڵکو مەسەلەکە بەجێبهێڵن بۆ دادگا، ئەگەرنا ئەوانیش وەك تاوانبارەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".

داواش لە ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان دەکات "تا بەزەبر و پیشەیی بن و لە موجامەلە و خاترگرتن دووربکەونەوە لەم بارەیەوە،" ئەمەش بەمەبەستی برەودان بە بێلایەنیی دادگا "لەڕێگای دامەزراندنی دەسەڵاتێكی لێکۆڵینەوەی راستگۆ و پیشەییەوە".

پەیماننامەکە بانگەشەش دەکات بۆ "خستنەگەڕی سزای دوورخستنەوە و بێبەریکردن کە لە شەریعە و دابونەریتی خێڵەکیشدا هەن بۆ رێگرتن لە پێکدادانی ئەو خێزانانەی ناکۆکی لەنێوانیاندا هەیە و لەپێناوی پاراستنی ئاشتیی مەدەنیدا".

لەهەمانکاتدا "کردەوەکانی هەر کەس و گروپێك" رەتدەکاتەوە کە "تۆڵەی جەسەتەیی و دەرونی دەکەنەوە بێئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری یان دابونەریتە خێڵەکیەکان کە لەگەڵ یاسای ئیسلامی دەگونجێن".

خەبەردان لە ئەندامانی داعش

یەکێك لە شێخەکانی خێڵی عەساف، شێخ ئیحسان عەسافی، وتی ژمارەیەك لە هۆزەکانی ناوچەکانی رەمادی دەستیانکردووە بە خەبەردان لە کەسانی توندڕەو لەلای لێپرسراوان.

عەسافی وتی پیاوانی هۆزەکانی ناوچەکانی زەنکورە لە نزیك رەمادی، ناوی 155 ئەندامی خێڵەکانیان داوەبەدەستەوە کە دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵکردووە لەکاتێکدا شارەکەیان لەژێردەستدا بوو.

وتیشی ناوەکانیان دراون بە لێپرسراوان بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنیان لەسەر ئەو تاوانانەی دەرحەق بە خەڵکی پارێزگاکە ئەنجامیانداوە.

هەروەها وتی پیاوانی خێڵەکانی زەنکورە هەموو بەکۆمەڵ رێکەوتوون داوا لەسەر تاوانباران تۆماربکەن و رێیان لێبگرن بە هەر بەهانەیەك بێت لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکە.

لەو بارەیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی هۆزەکان، شێخ فەیسەڵ عەسافی، بە دیارونای وت خەڵکی ئەنبار ئەو ناهەقیانەیان لەبیرناچێتەوە کە لەلایەن داعشەوە لەدژیان کراوە.

وتی نەرم نابن بەرامبەر ئەوانەی کوشتار و دەربەدەریان کردوون، شەرەفیان بریندارکردوون و منداڵەکانیان هەتیوخستوون.

وتیشی نابێت سزا و لێپرسینەوە هەر بۆ ئەندامانی داعش بێت، بەڵکو دەبێت بەرفراوانتر بکرێت تا هەموو ئەوانەش بگرێتەوە کە کارئاسانییان بۆ هاتنی ئەم گروپە کردووە بە وشە بێت یان کردەوە، بێ رەچاوکردنی ئەوەی سەر بە چ لایەنێکن، چونکە دەبێت هەموو لەبەردەم یاسادا یەکسان بن.

هەروەها وتی خێڵ کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگای ئەنبارە و ژمارەیەکی زۆر لە خێڵە عێراقیە دێرینەکان ناسراون بە دژایەتیکردنی تێرۆریزم و توندڕەوی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500