https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2016/08/17/feature-01

×
×
تێرۆریزم |

رۆژنامەنوسان روبەڕوی مەرگ دەبنەوە لە روماڵکردنی داعش لە باکوری سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

رۆژنامەنوس ئەکرەم ساڵح لە دەروازەی تەل ئەبیەز وەستاوە دوای ئەوەی لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" ئازادکرا. ئەو ماوەی چوار ساڵە روماڵی جەنگ دەکات لە باکوری سوریا. [خاوەنی وێنە: ئەکرەم ساڵح]

ئەو رۆژنامەنوس و پیشەوەرانەی میدیا کە روماڵی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەن دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە باکوری سوریا بە دیارونا دەڵێن توشی مەترسیی بەردەوام دەبنەوە لەکاتی کارکردندا، زۆرێکیشیان لەو پرۆسەیەدا گیان لەدەستدەدەن.

پەیامنێری کوردستان 24 ئەکرەم ساڵح کە یەکێکە لە یەکەمین ئەو رۆژنامەنوسانەی روماڵی جەنگ دەکات لەدژی داعش لە باکوری سوریا وتی داعش رێز لە هیچ "یاسایەکی ئەخلاقی جەنگ" ناگرێت.

ساڵح سەرەتا بە گروپی کوردیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) تێکەڵ بوو، دواتر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF)، ئێستاش لە ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج (MMC)، کە روماڵی شەڕی مەنبیج دەکات.

بە دیارونای وت بەهۆی کارەکەیەوە لە بەرەکانی جەنگ وای لێهاتووە هەمو "ناوچەکان بە مەترسیدار بزانێت، لەبەر ئەگەری بوونی شانەی نوستوو لە پاشماوەی داعش و بەکارهێنانی موشەکی گەرمیی لەلایەن ئەوانەوە".

وتیشی، داعش زۆربەی کات ئەو ناوچانەی جێیدەهێڵێت مینڕێژیان دەکات، بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویش هەڕەشەیەکی جددیە.

وتی لە سەرەتای ئەمساڵدا برینداربووە لەکاتی روماڵکردنی شەڕدا لە حەسەکە، لەکاتێکدا هەوڵیداوە لە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕ‌ێژکراو دووربکەوێتەوە کە داعش ئاراستەی تیمەکەیانی کردووە.

ساڵح وتی بەهۆی ئەم مەترسییانەوە، ئەو "بەوریاییەوە مامەڵە دەکات، لەگەڵ بوونی شارەزایی لە جوگرافیای ناوچەکە و زانیاریی دەربارەی بەرەکانی داعش".

وتی بۆ نمونە ئەنجومەنی سەربازیی مەنبیج تا پێی بکرێت هەوڵدەدات رۆژنامەنوسان لە ناوچەی مەترسیدار بەدوربگرێت. رێگەیان پێدەدات کە هاتوچۆ بکەن دوای تەواوبونی هەڵمەتی کۆکردنەوە و پاککردنەوەی مین.

وتی: "ئەو کەناڵەی کاری بۆ ئەکەم، ناچارم دەکات هەنگاوی خۆپارێزیی بنێم، وەك لەسەرکردنی خودە و گولـلەنەبڕ، لە جارێك زیاتریش ئاگاداریان کردوینەتەوە کە ئەنجامنەدانی ئەم هەنگاوە خۆپارێزییانە دەبێتە هۆی سزادانمان."

رۆژنامەنوسان لەکاتی کاردا کوژراون

چالاکوانی میدیایی و خەڵکی کۆبانێ ساڵح موسلیم محەمەد بە دیارونای وت: "زۆرێك لەوانەی لەبواری میدیا ئیش دەکەن لە باکوری سوریا، کۆبانێ و مەنبیج و ناوچەکانی دەوروبەریان، لەکاتی روماڵی مەیدانیی جەنگی بەردەوامی دژی داعشدا کوژراون."

وتی: لەنێویاندا "مەزڵوم باگۆك، کە لە 28 ئەیلولی 2014 گیانی لەدەستدا، لەگەڵ رێوان زاگرۆس، کە لە 21 کانونی یەکەمی 2014 گیانی لەدەستدا، لەگەڵ شەهید ئاگری یەڵماز کە لە 13 نیسانی 2015 گیانی لەدەستدا، لە گوندی خان مەمەد لە ناوچەی کۆبانێ، لەکاتێکدا روماڵی هێرشی ئازادکردنی کۆبانێی دەکرد."

وتیشی: "ئارین جودی لە 31 کانونی دووەمی 2016 لە تەقینەوەی میندا کوژرا لە ناوچەی حەول لە حەسەکە، لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەیدا، لەگەڵ باهۆز هۆران کە لەساڵی 1995 لەدایکبووبوو، لە 1 کانونی دووەمی 2015 کوژرا لەکاتی روماڵکردنی پێکدادان لەگەڵ داعش لەناو شاری کۆبانێدا."

محەمەد وتی دواهەمین کوژراو مستەفا محەمەد شوکری بوو کە لەکاتی هێرشی ئازادکردنەوەی مەنبیج برینداربوو لە 13 تەمموز، دواتر لە 19 تەمموز لە نەخۆشخانەی قامیشلی شەهیدبوو.

محەمەد رایگەیاند: "داعش راستەوخۆ رۆژنامەنوسان لە ناوچەی باکوری سوریا بەئامانجدەگرێت، ئەندامانی داعشیش بەمەبەست و بە بەرنامە کردەی توندوتیژیی ئەنجامدەدەن، کە پێشێلکاریی هەموو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە."

دیمەنێکی ئاڵۆزیی میدیایی

پرۆفیسۆری میدیا لە زانکۆی قاهیرە حەسەن عەفیفی بە دیارونای وت بەشێوەیەکیی گشتیی دوو جۆر رۆژنامەنوس هەیە لەکاتی جەنگدا: رۆژنامەنوسی تێكەڵ بە سوپا و پەیامنێری جەنگیی.

وتی لە جەنگی سوریادا بابەتەکە ئاڵۆزترە، چونکە رۆژنامەنوسی لاو دەرکەوتون و کار بۆ ئاژانسە بیانییەکان و وێبسایتە ناوخۆییەکان و ئاژانسەکان دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانیدی وەك چالاکوان کاری میدیایی وەك بەشێك لە ئیشی فریاگوزاریی دەکەن.

وتی مامەڵەکردنی گروپە چەکدارەکان، لەنێویاندا داعش، لەگەڵ رۆژنامەنوسان لە هەمو پێوەرێکی قبوڵکراوی کاتی جەنگ لایداوە، "چونکە ئەو گروپە پابەندی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتیی نیە و گوێ بە هیچ رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی نادات".

عەفیفی وتی: "بۆیە دەبینیت رۆژنامەنوس لەکاتی روماڵی جەنگدا برینداردەبێت یان دەکوژرێت، لەڕێی بەئامانجکردنی راستەوخۆ، یاخود تۆپباران یان تەقینەوەی مینەوە."

داوای لە دەزگا رۆژنامەوانیە چالاکەکانی ناوچەکە کرد تەرکیز بخەنە سەر میتۆدەکانی رۆماڵکردنی جەنگ کە پەیوەندییان بە داعشەو هەیە و راهێنان بە رۆژنامەنوسان بکەن لەسەر شێوازی کارکردن لە لە بەرەکانی جەنگ بە تەرکیزخستنە سەر بواری سەلامەتی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر
1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین

خودا پاداشتت بداتەوە!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌