هه‌واڵه‌كانی عێراق
تاوان و دادپەروەری

سوپای عێراق: ناوی هەموو ئەندامانی داعش لە موسڵ دەزانین

عەلاء حسێن لە بەغدا

لێپرسراوانی سوپای عێراق سەیری تۆمارەکان دەکەن لە بنکەیەکی سەربازیی عێراقیدا. لەناو تۆمارەکانی سوپادا لیستێکی تێدایە بەناوی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

لێپرسراوانی سوپای عێراق سەیری تۆمارەکان دەکەن لە بنکەیەکی سەربازیی عێراقیدا. لەناو تۆمارەکانی سوپادا لیستێکی تێدایە بەناوی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سوپای عێراق لیستێکی تەواوی لەبەردەستدایە بەناوی ئەندامانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە موسڵ، بەرپرسان بە دیارونایان وت و سوێندیان خوارد نەهێڵن هیچ یەك لەوانە لە سزا هەڵبێن کاتێك موسڵ رزگارکرا.

هێزەکانی عێراق لە چەند مانگی رابردوودا زنیجیرەیەك سەرکەوتنیان لەدژی داعش تۆمارکرد و ئێستا بەشێوەیەکی ستراتیژی ئامادەن بۆ رزگارکردنی موسڵ، دواهەمین قەڵای ئەم گروپە لە عێراق.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار، وتی ناوەکانی سەر لیستەکە لە چەندین دەزگای ئەمنی و چەندین سەرچاوەوە کۆکراونەتەوە و پێیدا چوونەتەوە بۆ دڵنیایی لێیان.

وتی لیستەکە بەکاردەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی هەموو ئەندامانی داعش لە موسڵ و وتیشی ئەوانە یان لە شەڕدا دەکوژرێن یان دوای رزگارکردنی شارەکە دادگاییدەکرێن.

هەروەها وتی ئەم زانیاریانە لەئێستادا یارمەتیی دەزگا ئەمنیەکانیان داوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش دەستگیربکەن کە هەوڵیانداوە خۆیان بخزێننە ناو ئەو مەدەنیانەوە کە لە موسڵ و گەیارە هەڵدێن.

بەدواداچوونی یاسایی

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، داود جوندی، وتی ئەنجومەنەکە بڕیاریداوە پارێزگاری نەینەوا، نەوفەل حەمادی، بکرێتە سەرۆکی دەزگایەکی ئیداری بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر داعش لەلای دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق بەناوی خەڵکی پارێزگاکەوە.

جوندی بە دیارونای وت داواکە هەموو ئەندامانی داعش دەگرێتەوە، جا ناسنامەیان دیاربێت یان نا، ئەگەر ئەندامی گروپەکە بن یان هەر جۆرە هاوکارییەکیان کردبێت.

وتیشی ئەندامانی داعش لە موسڵ بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بەبێ هیچ تۆڵەسەندنەوەیەکی تاکەکەسیانە و لە دادگایەکی عێراقیی شارەزادا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر هەموو ئەو تاوانانەی لەم دوو ساڵەی رابردوودا ئەنجامیانداوە.

وتی ئەم گروپە چەندین تاوانی جۆراوجۆری ئەنجامداوە، دڕندانەترینیان دژ بە دانیشتوانەکە بووە، لەوانە تاوانی راگواستنی زۆرەملێی، تاوانی دژە مرۆیی و تاوانی جێنۆساید دژ بە یەزیدیەکان.

'شوێنیان نابێتەوە لەموسڵ'

سەرۆکی ئەنجومەنی "راپەڕین دژ بە داعش لە موسڵ"، شێخ خالید سەباح جبوری، وتی دانیشتووانی موسڵ و سەرەك خێلەکان لەسەر یەك شتی گرنگ کۆکن: ئەندامانی داعش نابێت رێیان پێبدرێت لەناو خەڵکەکەدا بژین، دوای رزگارکردنی شارەکە.

جبوری بە دیارونای وت: "رێ بەوانە نادەین بژین کە تاوانیان دژی خەڵکی عێراق ئەنجامداوە و خوێنیان رشتوون و ژنەکانیان لاقەکردوون؛ ئەمە هیچ گفتوگۆیەك هەڵناگرێت و جیاوازیشی لەسەر نیە. ئەوانە شوێنیان نابێتەوە لە موسڵ."

وتی هەر بابەت و مەسەلەیەکی تر قابیلی دانوستان و گفتوگۆکردنە لەنێوان کەسایەتی و ریشسپیان بێ هەڵچوون و تۆڵەسەندنەوە.

هەروەها وتی هەندێك خەڵك هەوڵدەدەن بەهانە بۆ تاوانەکانیان بهێننەوە گوایا داعش گومڕای کردوون بۆ چوونەناو ریزەکانیان.

وتی بەڵام خەڵکی موسڵ گوێ بەو جۆرە روونکردنەوانە نادەن و هەرکەسێکیش پارێزگاری لە داعش بکات ئەوا بەدڵنیایی ئەندامێکی گروپەکەیە و وەك یەکێك لەوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەگوێرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، هێزەکانی عێراق لیستی ناویان لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنباریش بەکارهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەندامانی داعش و توانیویانە سەدانیان لێ دەستگیربکەن، بە پشتبەستن بە زانیاری دانیشتووان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

بۆچی دەڵێن 'چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی'؟ ئەوان بەکرێگیراو و باندی تایبەتمەندن لە کوشتنی مەدەنیی بێتاواندا و هیچ پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نیە.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌