ئاساییش

هێزەکانی عێراق خۆیان ئامادەدەکەن بۆ هێرشکردنە سەر حەویجە

خالید ئەلتائی

image

پۆلیسی کەرکوك لەگەڵ "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەشەڕدێت. هێزەکانی عێراق خۆیان ئامادەدەکەن بۆ هێرشێك بۆ رزگارکردنی قەزای حەویجە لە پارێزگاکە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی کەرکوك]

هێزەکانی عێراق خۆیان ئامادەدەکەن بۆ رزگارکردنی شاری حەویجە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دوابەدوای داواکاریی بەرپرسانی کەرکوك بۆ ئەمە، لێپرسراوانی پارێزگاکە هەفتەی پێشوو وتیان.

ئەم داواکاریە پاش ئەوە هات کە داعش هەزاران مەدەنی دەستگیرکرد لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا لە ناوچەکانی حەویجە لە باشوری خۆرئاوای کەرکوك هەڵبێن کە بەپێی راپۆرتەکان ژمارەیەکیان لەلایەن چەکدارانی گروپەکەوە کوژراون.

جێگری پارێزگاری کەرکوك، راکان جبوری، وتی پارێزگاکە و بەرپرسانی ناوخۆیی داوایان لە هێزەکانی عێراق کرد "بەخێرایی دەستپێشخەری بکەن بۆ لەناوبردنی ئەندامانی داعش لە حەویجە و شارەکە لە چنگیان رزگاربکەن".

جبوری بە دیارونای وت سەرکردەکانی عێراق بە ئەرێنی وەڵامی داواکاریەکەیان دایەوە بۆ ئازادکردنی شارەکە کە ماوەیەکە بەدەست گەمارۆی داعشەوە دەناڵێنێت.

وتی: "هیوادارین ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رزگارکردنی حەویجە زوو دەستپێبکات و تێرۆریستەکان دەربپەڕێنرێن."

رونیشیکردەوە کە حاڵی حازر چەند یەکەیەکی سەربازی لەدەوروبەری شارەکە جێگیرکراون، بەڵام بەس نیین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە.

وتی حەویجە شارێکی گەورەیە، شەش یەکەی ئیداریی هەیە و دانیشتوانەکەی نزیکەی نیو ملیۆن دەبێت و بووەتە بنکەیەکی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە پارێزگا باکوریەکانی دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبارەوە هەڵهاتوون پاشئەوەی هێزەکانی عێراق ئەو ناوچانەیان رزگارکرد.

مەدەنیە هەڵهاتووەکان دەکەونە کەمینەوە

جبوری وتی لە چەند هەفتەی پێشوودا هەزاران دانیشتووی گوندەکانی عەیسەلانە و سەیحە و ئوم کەسیر لە ناوچەکان هەڵهاتوون لەدەست "توندوتیژی، هەژاری، برسێتی و ژیانێکی دژوار" کە دەبوو لەژێر سایەی دەسەڵاتی داعشدا بیبەنەسەر.

وتی: "تێرۆریستەکان ئەو خەڵکەیان خستە کەمینەوە کە زۆبەیان بریتیبوون لە ژن و منداڵ و دەستگیریان کردن."

وتیشی بەپێ راپۆرتەکان داعش ژمارەیەك لە لاوە دەستگیرکراوەکانی کوشتووە لە بنکەیەکی سەربازیی پێشووی سوپای عێراقدا لە حەویجە بەناوی بەکارە.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پارێزگای کەرکوك، محەمەد تەمیم، وتی: "بەپێی ئەو زانیاریە پشتڕاستکراوانەی لە حەویجەوە بەدەستهاتوون، داعش لانی کەم 3,000 کەسی دەستگیرکردووە کە هەوڵی هەڵهاتنیان داوە لە گوندەکانی ژێردەستی."

تەمیم بە دیارونای وت: "تێرۆریستەکان پۆل پۆل ئەو هاوڵاتیانەیان راپێچکرد بەرەو خەندەق و قوتابخانە و ماڵان و هەندێکیشیان لە دەشتودەرەکاندا دەستبەسەرکرد لە بارودۆخێکی زۆر نامرۆیی و دژواردا."

وتی: "تائێستا گروپەکە 60 لاوی دەستگیرکراوی رەمیکردووە." وتیشی رەنگە ئەم ژمارەیە بەرزببێتەوە.

تەمیم داوای لە سەرەکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و "سەرکردەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیە هاوبەشەکان کرد تا بەپەلە دەستبەکاربن و هاوڵاتیە دەستگیرکراوەکان رزگاربکەن کە روبەڕوی هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە لەسەر دەستی داعشدا".

هەروەها وتی دانیشتوانی حەویجە بەدەست داعشەوە دەناڵێنن لەوکاتەوەی ئەم گروپە لە حوزەیرانی 2014 شارەکەی داگیرکرد.

وتیشی: "ئامارەکانمان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە نزیکەی 7,000 کەس لە دانیشتوانی حەویجە کوژراون و ئەگەری لەناوچوونی 5,000 کەسی تریش هەیە و 6,600 ماڵ وێرانکراون لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا."

هێزە خێڵەکیەکان بەشداریی شەڕەکە دەکەن

سەرۆکی خێڵی عوبەید لە حەویجە، شێخ ئەنوەر عاسی، وتی: "ئەندامانی خێڵەکانی عوبەید، جبور، ئەلبوحەمدان و ئەوانەی تریش لە حەویجە، هەموو لەپاڵ هێزە ئەمنیەکاندان و ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە داعش."

شێخ عاسی وتی: "ئێستا نزیکەی 2,000 جەنگاوەری خۆبەخشمان هەیە کە بەفەرمی خۆیان تۆمارکردووە وەك بەشێك لە هێزەکانی حەشدی خێڵەکی لە قەزای حەویجە. لەئێستادا لەگەڵ سوپا و پۆلیسی ناوخۆدان و ئامادەن بۆ دەستکردن بە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ رزگارکردنی شارەکە."

وتیشی لەو باوەڕەدایە ژمارەیەکی زۆر لەو دانیشتووانەی لەناو حەویجەدا گیریان خواردووە ئامادەبن بەشداری شەڕی دژ بە داعش بکەن، هەرکاتێك ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارەکە دەستپێبکات.

بەڵام هۆشداریی ئەوەی دا کە دانیشتوانی شارەکە روبەڕوی کارەساتێکی مرۆیی دەبنەوە لەسەر دەستی داعش و ئاماژەی بەوەش دا کە ئەندامانی گروپەکە دەستیانکردووە بە کوشتنی ئەو خێزانە ئاوارانەی کەوتوونەتە دەستیان.

شێخ عاسی وتی: "دەستیانکردووە بە گرتنی کوڕێکی لاو لە هەر خێزانێك و رەمیکردنی لەبەردەم خێزانەکەیدا، بەپێی ئەو زانیاریە پشتڕاستکراوانەی لە دانیشتوانەکە و شایەتحاڵەکانەوە دەستمانکەوتوون. دەترسین کار لە کار بترازێت و کۆمەڵکوژییەکی سامناك روبدات."

هەروەها وتی: " ئێمە چاوەڕێی فەرمانی دەوڵەت دەکەین و ئامادەین خۆمان بکەینە قوربانی بۆ رزگارکردنی خەڵکەکەمان و بەدەستهێنانەوەی ناوچەکانمان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
5
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)