هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خەندەقەکانی دەوری فەلوجە شارەکە لە داعش دەپارێزن

عەلاء حسێن لە بەغدا

حکومەتی عێراق خەندەقێكی وەك ئەم یەکەی نێوان کەربەلا و ئەنبار بەدەوری هەندێك بەشی فەلوجەدا هەڵدەکەنێت بۆ پاراستنی شارەکە لە دزەی تێرۆریستان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

حکومەتی عێراق خەندەقێكی وەك ئەم یەکەی نێوان کەربەلا و ئەنبار بەدەوری هەندێك بەشی فەلوجەدا هەڵدەکەنێت بۆ پاراستنی شارەکە لە دزەی تێرۆریستان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

حکومەتی عێراق ژمارەیەك رێوشوێنی ئەمنیی دژواری گرتۆتەبەر بۆ رێگرتن لە ئەندامانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە گەڕانەوە بۆ فەلوجە، بەرپرسانی عێراقی بە دیارونایان وت.

وتیان لەوانە سەنگەربەندیی مەیدانیە وەك لێدانی خەندەق لەدەوری شارەکە بۆ رێگرتن لە دزەکردنی تێرۆریستان و هەروەها رێوشوێنی ئیداری وەك پێدانی فۆرمی ئاسایش بە دانیشتووان.

حکومەت ئەم رێوشوێنانەی گرتەبەر مانگێك پاشئەوەی هێزەکانی عێراق ئەم شارەی پارێزگای ئەنباریان لە دەست داعش رزگارکرد لە 26 حوزەیران.

فەرماندەی پۆلیسی فەلوجە، عەقید جەمال جومەیلی، بە دیارونای وت کە خەندەقێك بەقوڵیی مەترێك و پانیی مەترونیوێك لە دوو لای شارەکە هەڵکەندراوە.

جومەیلی وتی خەندەقێکی پێنج کیلۆمەتری لە قۆڵی باکوری فەلوجە لێدراوە و یەکێکی چوار کیلۆمەترییش لە قۆڵی باشورەوە.

وتی لای خۆرئاوای شارەکە بە روباری فورات پارێزراوە کە سنورێکی سروشتی پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا رێگایەکی سەرەکیی نێودەوڵەتی و هەموو خاڵەکانی پشکنینی سەر رێگاکە بەلای خۆرهەڵاتدا درێژدەبێتەوە و بەمشێوەیەش هەردوولا سەختن بۆ زەفەرپێبردن.

وتی خەندەقەکەی باکوریش کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوببێت، هێڵکی دابڕان پێکدەهێنێت لەنێوان بەرەکانی شەڕی فیرقەی 1 و 14 ی سوپادا.

هەروەها وتی خەندەقەکەی باشور کۆنە و لە ساڵی 2013 لێدراوە پێشئەوەی شارەکە بکەوێتە دەست داعش، بەڵام کاری تێدادەکرێت بۆ ‌هەڵکەندنەوە و بەرفراوانترکردنی.

وتی ئەم خەندەقانە رێگا لە ئەندامانی داعش دەگرن دزەبکەنەوە ناو شارەکە و پارێزگاریی زیاتر دابیندەکەن بۆ دانیشتوان و بەرپەرچی هەڕەشەکانی داعش دەدەنەوە.

وتیشی کە چاڵەکان نابنە رێگر لە جوڵەی دانیشتوانەکەی و جوتیاران کە دەتوانن لە دوو دەروازەی سەرەکییەوە بێنەژوورەوە و بچنەوەدەرەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە دواتر کاتێك باری ئاسایش باشتربوو، دوو دەروازەی تریش دەکرێنەوە.

فۆرمی ئاسایشی ئەلەکترۆنی

ئیدارەی ناوخۆی فەلوجە رێوشوێنی ئیداریی نوێی راگەیاندووە بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکە دوای رزگاکردنی و وەك ئامادەکارییەکیش بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەکەی.

قایمقامی فەلوجە، عیسا عیساوی، بە دیارونای وت دانیشتوانە ئاوارەکان ناچاردەکرێن فۆرمی ئاسایشی ئەلەکترۆنی پڕبکەنەوە پێش گەڕانەوەیان بۆ شارەکە.

وتی فۆرمەکە کۆدێك دەبەخشێت بە هەر خێزانێکی گەڕاوە و ئەمەش کارئاسانی دەکات بۆ دەزگا ئەمنیەکانی ناوچەکە تا بتوانن بەخێرایی زانیاریی سەرەتایی و پێشینەی ئەمنیی خێزانەکان بەدەستبهێنن.

وتیشی زانیاریەکانی سەر ئەم فۆرمانە دەخرێنە لیستی زانیاریەکانەوە (داتابەیس) و دواتریش بەکاردەهێنرێن بۆ دەرکردنی پێناسنامە و تۆمارکردنی ئۆتۆمبیل بۆیان.

هەروەها وتی فۆرمەکە داوای ناو و پیشەی سەرۆکی خێزانەکە دەکات و ناونیشانیان لە فەلوجە و ناونیشانی ئەو شوێنەش کە کاتی ئاوارەبوونیان لێی مابوونەوە، هەروەها ژمارەکانی هەر پێناسنامەیەك کە هەیانبێت.

فرۆمەکە داوای ئەوەش دەکات ئایا سەرۆکی خێزانەکە هیچ خزم و کەسوکارێکی هەیە کە پەیوەندییان بە رێکخراوە تێرۆریستیەکانەوە هەبێت و داوای ناویان دەکات و پرسیاری ئەوەش دەکات ئاخۆ هیچ کەسوکارێکیان لە دەرەوەی عێراق دەژی.

رێگرتن لە ئایدیۆلۆژیای توندڕەوانە

سەرۆکی حەشدی عەشایەری دژ بە داعش لە ئەنبار، شێخ فەیسەڵ عەسافی، وتی ئەم خەندەقە نوێیە رێگا لە دزەکردنی تێرۆریستان بۆناو شارەکە دەگرێت.

عەسافی بە دیارونای وت: "کێشەیەکمان هەیە و ئەگەر لە دەست خۆماندا بوایە، دیوارێکمان هەڵدەچنی تا مەدەنیە بێتاوانەکان داببڕین لە گروپە تێرۆریستیە توندڕەوەکان لە فەلوجە و ئەو شارانەی تریش کە لەژێر هەڕەشەی تێرۆریزمدان."

ناوبراو داوایکرد رێوشوێنە ئەمنیە پێشوەختەکان لە فەلوجە بەرفراوانتر بکرێن بۆ بەربەرەکانێکردنی ئایدیۆلۆژیا توندڕەوەکانیش کە لەلایەن گروپەکانی وەك داعشەوە خەڵکی پێ پەروەردەکرێت و هانیان دەدات.

وتی ئەندامانی داعش مزگەوتەکانی فەلوجەیان بەکاردەهێنا وەك مینبەرێك بۆ راکێشانی گەنجان بۆناو ریزەکانیان و پاڵیان دەنان بەرەو توندڕەوی و تێرۆریزم.

وتیشی دەبێت عێراق کار لەسەر ئەوە بکات رۆحیەتی لێبوردەیی بڵاوبکاتەوە و ئەوە مسۆگەر بکات کە مینبەری مزگەوتەکان لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە بەکارنەهێنرێن بۆ مێشکشۆردنەوەی لاوان.

هەروەها وتی فەلوجە بووەتە تەحەدایەکی ئەمنیی گەورە لەبەردەم حکومەتی عێراقدا بەهۆی دزەکردنی توندڕەوان و تواناکانیان بۆ کاریگەری لەسەر رای گشتی.

عەسافی وتیشی فەلوجە یەکەم شار بوو بکەوێتە دەست داعش و ئەم گروپە شارەکەی کردە ناوەندێك بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و موشەك و بۆمبە دەستکردەکان.

وتیشی لەهەمانکاتدا دانیشتوانەکەشی خزێنرابوونە زیندانەکانی گروپەکەوە یان ناچارکرابوون بە هەڵهاتن بۆ پارێزگاکانی دەوروبەر.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500