هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

دانیشتوانی شەرگات باس لە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ دەکەن

عەلاء حسێن لە بەغدا

ئاوارە عێراقیەکان لە شەرگاتەوە دەگەنە ناوچەی تکریت. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان]

ئاوارە عێراقیەکان لە شەرگاتەوە دەگەنە ناوچەی تکریت. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان]

ئەو ئاوارە عێراقیانەی لە شەرگات لە باکوری پارێزگای سەڵاحەدین هەڵهاتوون بە دیارونا دەڵێن کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) مینی چاندووە تا رێبگرێت لە دانیشتوانەکەی كه‌ شارەکە بەجێبهێڵن.

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە زیاتر لە 12,000 دانیشتووی شەرگات لە شارەکە هەڵهاتوون بەرەو کەمپەکانی ئاوارەکان لەنزیك تکریت لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە.

ئاوارەیەکی خەڵکی شەرگات بەناوی خەڵەف فەهد موتڵەک بە دیارونای وت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق، ئاستی توندوتیژیی داعش لەناو شارەکەدا بەرزبۆتەوە.

وتی ئەم گروپە خۆراك و دەرمانی لە هەموو دانیشتوان بڕیوە تەنها لە چەکدارانی خۆی نەبێت و دەستیکردووە بە کوشتن بە بەهانەی زۆر لاواز.

موتڵەك کە دانیشتووی کەمپی ئاوارەکانی حوجاجە لە نزیك تکریت، وتی هەرچەندە داعش رێگا لە خەڵکەکە دەگرێت شارەکە بەجێبهێڵن، "لەنێوان 1,000 بۆ 1,500 خێزان رۆژانە بەنهێنی لە شەرگاتەوە هەڵدێن بۆ تکریت."

وتیشی: "هەموو بە پێی پەتی و بێ هیچ کەلوپەلێك گەیشتوون. تەنها ویستوویانە خۆیان و منداڵەکانیان دەربازبکەن و هەموو شتێکیان بەجێهێشتووە."

دانیشتوانی سەڵاحەدین و رێکخراوە مرۆییەکان هاتوون بەدەمیانەوە.

هەروەها وتی: "ئاوی سارد و خواردنمان دەدەنێ، بەڵام تراژیدیاکە لە دەسەڵاتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەدەرە. خواردن بەشناکات و ئاو تینوێتی ئاوارەکان ناشکێنێت و پلەکانی گەرما زۆر بەرزن، بەڵام کەمپی ئاوارەکان هیچ ئامێرێکی خۆفێنککردنەوەی تیادانیە."

دایکێك کە داوای کرد ناوی بنرێت ئوم ساجی، وتی دانیشتوانی شەرگات بەدەست نەبوونیی هەر پێداویستیەکی سەرەتاییەوە دەیانناڵاند، لەوانە دەرمان و شیری منداڵ.

وتی: "دەبوو هەر شتێكم دەستبکەوتایە دەرخواردی کۆرپەکەم بدەم. هەندێك جار شیری بزن یان مانگام پێ دەدا، هەرچەندە بۆ تەندروستیشی باش نیە."

وتیشی ئەندامانی داعش سه‌ودایان ده‌كرد لەگەڵ دانیشتوانی شارەکەدا و داوایان لێده‌كردن کە کوڕەکانیان بنێرنە ریزەکانیانەوە تا دژ بە سوپای عێراق شەڕبکەن و بەرامبەر بەوە خواردن وەربگرن، ئەگەرنا بێ هیچ کۆمەکێك وازیان لێدەهێنرا تا رووبەڕووی چارەنوسیان ببنەوە.

زیاتر لە 600 کەس لەکاتی هەڵهاتندا مردوون

قائیمقامی شەرگات، عەلی دەودەح بە دیارونای وت کە زیاتر لە 600 کەس لەماوەی مانگی رابردوودا مردوون لە هەوڵدانیاندا بۆ هەڵهاتن لە شەرگاتەوە بۆ تکریت.

وتی زۆربەی مردنەکان بەهۆی ئەو بۆمبە دەستکردانەوە بووە کە ئەندامانی داعش لەدەرەوەی شارەکە چاندویانن.

وتیشی خێزانێكی 11 کەسی و یەکێکی چوار کەسی لەناو ئەوانەدا بوون کە بە بۆمبە دەستکردەکان کوژراون، لەکاتێکدا کەسانی تر لە تینواندا مردوون کاتێك بە بیابانەکەدا رۆشتوون.

هەروەها وتی لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق بنکەی سەربازی گەیارەیان رزگارکردووە، ژمارەی ئاوارەکان زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەش دا کە داعش توندوتیژتر بووە لەوکاتەوەی هێڵەکانی گەیشتنی پشتگیری پێیان لە موسڵەوە بەرەو باکور لێبڕاوە.

دەودەح وتی رەنگە زیادبوونی دڕندەیی ئەم گروپە لە شەرگات بەهۆی ئەوەوە بێت کە هەستدەکەن کۆتاییان نزیکبۆتەوە لەگەڵ هاتنەپێشەوەی سوپای عێراق. وتیشی ئەندامانی داعش لەوە دەترسن راپەڕینێکی جەماوەری لەدژیان هەڵبگیرسێت کاتێك سوپا بچێتەناو شارەکەوە.

ئەو بارودۆخە سەختەی روبەڕووی ئاوارەکانی شەرگات بووەتەوە، هانی هەندێك چین و توێژی ناو کۆمەڵگای عێراقیی داوە بۆ کۆمەککردنیان.

تیمێکی کۆمەكی سەر بە نوسینگەی مەرجەعیەتی شیعە، عەلی سیستانی، هەفتەی پێشوو کاروانێکی نارد کە خواردن و کۆمەکی تری پێبوو بۆ 10,000 خێزانی ئاوارەی شەرگات کە هانایان بۆ تکریت هێنابوو.

سەرۆکی هەڵمەتەکە، شێخ عەلاء روبەیعی، بە دیارونای وت تیمەکە دوو کاروانی تریش دەنێرێت بۆ بەخشینی کۆمەك بە خێزانەکان لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا لە تکریت. وتیشی خێزانەکان کۆمەکی برا عێراقیەکانیان بەخۆشیەوە وەرگرت بێ هیچ هەستیارییەکی تایەفەگەرایانە.

تۆمارکردنی ئاوارەکان

جێگری وەزیری کۆچ و ئاوارەکان، جاسم عەتییە، بە دیارونای وت وەزارەتەکە دەستیکردووە بە تۆمارکردنی ئاوارەکان کە لە شەرگاتەوە هەڵدێن بۆ کەمپەکانی تکریت.

وتی زۆر کەس زەحمەتێکی زۆریان چەشتووە تا گەیشتوونەتە کەمپەکانی ئاوارەکان و هەندێکێش بەناچاری شەش کاتژمێر بەبەردەوامی بەپێ رۆیشتوون لەژێر ئەو خۆرە سوتێنەرەدا.

وتیشی وەزارەتەکە هۆکانی گواستنەوەی دابینکردووە بۆ گواستنەوەی خەڵکەکە لە بەرەکانی شەڕەوە بۆ کەمپەکانی نزیك بێجی و لەوێ خواردن و ئاویان پێدەدرێت.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی سەڵاحەدین، لیوا روکن جومعە عەناد، لە بەیاننامەیەکدا وتی لەنێوان 18 حوزەیران و کۆتایی مانگی تەمووزدا، 12,000 خێزان لە شەرگات و ناوچەکانی دەوروبەری ئاوارەبوون.

عەناد وتی بەدواداچوون بۆ ناسنامەکانیان کراوە بەپێی لیستێکی ئەمنی و وتیشی بەپشتبەستن بە زانیاریەکانی خەڵکەکە، 230 ئەندامی داعش دەستگیرکراون کە هەوڵیانداوە دزەبکەنە ناو کەمپەکانی ئاوارەکانەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500