شرۆڤە

جیابوونەوەی بەرەی نوسرە نیشانەیەکی لاوازبوونی قاعیدەیە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

دانیشتوانی شاری مەعارە نوعمانی لە سوریا لە دژی بەرەی نوسرە لە ئازاردا خۆپیشاندانیان کرد. ئەم گروپە بەمدواییانە ناوی خۆی گۆڕیوە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ قاعیدە پچڕاندووە. [خاوەنی وێنە: عەبدوڵڵا جارك]

وەك پسپۆڕان بە دیارونا دەڵێن، بەرەی نوسرە (ANF) ناوی خۆی گۆڕیوە بەڵام سروشتی نا. هەروەها ئاماژەشیان بەوە کرد کە بڕیاری ئەمدواییانەی گروپەکە بە پچڕاندنی پەیوەندیی لەگەڵ قاعیدە و ناونانەوەی خۆی تەنها ئەوە پیشاندەدات کە قاعیدە لە لێکترازاندایە.

لە یەکەم دەرکەوتنی ڤیدیۆیی خۆیدا کە 28 تەمموز لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆوە، سەرۆکی بەرەی نوسرە، ئەبو محەمەد جۆلانی، وتی گروپەکەی ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ بەرەی فەتحی شام و هەوڵدەدات لەگەڵ ئەو گروپانەی تر کە لە سوریا شەڕدەکەن یەکبگرێت.

لەو ڤیدیۆیەدا جۆلانی بە جلی سەربازییەوە دەردەکەوێت، بە ریشێکی درێژ و عەمامەیەکەوە. سوپاسی سەرکردەکانی قاعیدە دەکات "بۆ تێگەیشتن لە پێویستی دابڕانی پەیوەندی" و بەڵێن دەدات "ئەم بەرە نوێیە هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ لایەنێکی دەرەکییەوە نابێت" و وتیشی جیابونەوە لە قاعیدە بەمەبەستی "پاراستنی شۆڕشی سوریایە".

لە هەمان رۆژدا سەرۆکی قاعیدە، ئەیمەن زەواهیری، پەیامێکی دەنگیی بڵاوکردەوە تیایدا بە ئاشکرا دانی بە بڕیارەکەی بەرەی نوسرەدا نا و جیابوونەوەیانی لە قاعیدە پەسەندکرد.

شرۆڤەکاران دەڵێن بەرەی نوسرە دەیەوێت خۆی لە رکابەرەکەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) جیابکاتەوە کە لەلایەن هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانانەوە بە ئامانج دەگیرێت و هیچ رێکەوتنێکی ئاگربەستیش نایگرێتەوە.

دەسەڵاتی قاعیدە لاوازدەبێت

ئەفسەری خانەنشینی سوپای میسر، لیوا یەحیا محەمەد عەلی، کە شارەزای گروپە توندڕەوەکانە، وتی: "جیابونەوەی بەرەی نوسرە لە قاعیدە دووەم لێدانە لە قاعیدە، یەکەمیان هەڵگەڕانەوەی ئەبوبەکر بەغدادی بوو، ئەمیری [پێشوو]ی قاعیدە لە عێراق کە چووە سوریا و داعشی دامەزراند."

ناوبراو بە دیارونای وت: " ئەمە لاوازبوونی ئەو رۆڵە سەرەکیەی قاعیدە پشتڕاستدەکاتەوە کە پێشتر دەیگێڕا و ناجێگیریی ئەو گروپە بۆ کۆنترۆڵکردنی لقەکانی، بەتایبەتی لقی سوریا."

ئەمەشی زیاتر گەڕاندەوە بۆ ئەو فشارە نێودەوڵەتییە سەربازی و ئەمنییەی لەسەر قاعیدەیە.

وتی: "هەربۆیەش جەنگی دژی تیرۆر دەچێتە قۆنا‌غێکی دیکەوە، کە ئاسانتر دەبێت گروپی تیرۆرستی جیاجیا بنبڕبکرێت وەك لە یەك گروپی گەورە." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو جیابونەوەیە ململانێی نێوان ئەو دوو گروپە زیاتردەکات.

وتیشی ململانێی سیاسی ئەو دوو گروپە بەرەو پێکدادان دەبات، چونکە هەردووکیان هەوڵدەدەن زۆرترین خاکیان بەدەستەوە بێت، لەکاتێکدا هەوڵی هێشتنەوەی پشتگیریی جەماوەریی خۆیان دەدەن.

هەروەها وتی: "قۆناغی داهاتوی سوریا بەدڵنیاییەوە شایەتی ژمارەیەك لە جیابونەوەی گرنگ دەبێت لە ریزەکانی بەرەی نوسرەدا، چونکە ئەو بڕیارە لەگەڵ بیروبۆچوونی ژمارەیەك لە ئەمیر و ئەندامانی بەرەی پێشەوەدا ناگونجێت."

وتی هەندێك لە ئەندامانی بەرەی نوسرە "زیاتر مەیلیان بەلای ئایدۆلۆژیای جیهادیی فەندەمەنتاڵیدا هەیە و لەبەرئەوەی بەرەی نوسرە لقی قاعیدە بوو لە سوریا، پەیوەندییان پێوەکردبوو".

'کۆتایی چارەنوسی قاعیدە'

شێخی جیهادیی پێشوو نەبیل نەعیم، کە ئەندامی دامەزرێنەری گروپی جیهادی ئیسلامی بوو لە میسر، وتی لەڕآستیدا بەو راگەیاندنە، بەرەی نوسرە "کۆتایی بە چارەنوسی قاعیدە هێنا، کە سەرکردەکەی، ئەیمەن زەواهیری، ئێستا ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر لق و باڵەکانی گروپەکەدا بسەپێنێت، بەتایبەتی لە عێراق و سوریا".

نەعیم بە دیارونای وت هەموو ئاماژەکان رووەو ئەوە بوون کە جیابوونەوە لە ئاسۆدایە. ئاماژەشی بەوە کرد کە پەیوەندی دارایی لەنێوان بەرەی نوسرە و قاعیدەدا پچڕێنراوە.

وتی: " لە رابردودا، لقەکان بەرەو سەرکردایەتی قاعیدە دەیانڕوانی بۆ پاڵپشتیی دارایی." وتیشی: "بەڵام ئێستا، سەرکردایەتی کە لەلایەن ئەیمەن زەواهیرییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، لەڕووی داراییەوە لە هەموویان لاوازترە بەراورد بەو پارەیەی لەلایەن داعش و بەرەی نوسرەوە بەدەستهاتووە."

هەروەها وتی ئەو توندڕەوانەی هاوسۆزی ئایدۆلۆژیای قاعیدە دەبن ئێستا دوو بژاردەیان هەیە: دەتوانن وەك بەشێك لە داعش بەشداریی ئۆپەراسیۆنە تیرۆرستییەکان بکەن -- کە روبەڕووی لاوازبوونێکی قورس بۆتەوە -- یان پەیوەندی بە بەرەی نوسرەی ناوگۆڕاوەوە بکەن و بەشداری شەڕی سوریا بکەن، گەرچی باش دەزانن ئەو گروپە هیچ رۆڵێکی لە داهاتوی سوریادا نابێت.

وتیشی: "هەربۆیەش دەکرێت پارچەپارچەبوونی زیاتر روبدات [چونکە] بەدوای بژاردەی سێهەمدا دەگەڕێن."

بەرەی نوسرە هەوڵی مانەوە دەدات

شرۆڤەوانی سەربازی و ئەفسەری خانەنشینی سوپای میسر، لیوا عەبدولکەریم ئەحمەد، وتی: "هەرکەسێك بەوردی بڕوانێتە وتەکانی هەردوو سەرکردەی قاعیدە ئەیمەن زەواهیری و ئەمیری بەرەی نوسرە محەمەد جۆلانی کە باس لە جیابوونەوەکە دەکەن، بەڕوونی دەبینێت کە زۆر وریان لەوەی ئەو کەشە توندەی دروستبووە لەنێوان گروپە جیهادییەکاندا، توندتری نەکەن."

ناوبراو بە دیارونای وت ئەمە هەوڵێك بوو بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان کە لەو جیابوونەوەیە هاتوونەتە کایەوە.

وتی سەرنجڕاکێشە کە جۆلانی لە وتارەکەیدا سوربوو لەسەر پەیڕەوکردنی ئایدۆلۆژیای دامەزرێنەری قاعیدە، ئوسامە بن لادن، چونکە ئەمە پێشتر خاڵی ناکۆکیی نێوان بەرەی نوسرە و قاعیدە بوو لە رابردودا، کە هەریەکەیان ئەوی دیکەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە بیرۆکەکانی بن لادن لادەدەن.

هەروەها وتی: "بەم گۆڕانکاریە، بەرەی نوسرە هەوڵدەدات خۆی جیابکاتەوە [ لە قاعیدە] و هەوڵدەدات رۆڵێکی سیاسیی هەبێت بۆ پاراستنی خۆی لە قۆناغی داهاتوودا و ئەو وێنایە ببەخشێت کە وازی لە شێوازی تیرۆرستانە هێناوە."

ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەمە ئەنجامی رەتکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەئامانجگرتنی گروپەکانی سەر بە قاعیدەن.

وتیشی قاعیدە و داعش بەبێگومان هەوڵدەدەن لە گروپە چەکدارەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن ببەنەوە کە لە سوریا شەڕدەکەن، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بەرەی نوسرە لە مەیدانەکەدا. ئەمەش پەیوەستە بە زیاترکردنی پارچەپارچەبوونی ئەو گروپە تیرۆستییەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئەی خوایە، شەڕی نێوانیان توندتر بکە!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

بەرنامەیەکی جوان و بەڕاستی سەرسامکەرە!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌