https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2016/08/05/feature-02

×
×
میدیا |

تۆڵە و بێدەنگکردن: دوو مەبەستی هەڵمەتەکانی راگەیاندنی داعش

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەمساڵدا دوو جار رۆژنامەوانی سوری ئەحمەد عەبدولقادری کردۆتە ئامانج لە شاری ئورفەی تورکی. [خاوەنی وێنە: ئەحمەد عەبدولقادر]

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەردەوامە لە سەرکوتکردنی ئازادیە رۆژنامەوانیەکان بە هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانان و چالاکوانانی بواری میدیا لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا، شارەزایان و چالاکوانانی بواری میدیا بە دیارونایان وت.

وتیان کە داعش هەوڵی تۆڵەکردنەوە لەو چالاکوانانەی بواری میدیا دەدات کە راستیەکان دەربارەی ئەم گروپە و نادروستیی ئیدیعاکانی دەخەنەڕوو. هەروەها ئاماژەشیان بەوە دا کە سەرکوتکردنی رۆژنامەوانان لەلایەن ئەم گروپەوە بەشێکە لە هەوڵەکانی بۆ بەتەواوی دابڕانی ناوچەکانی ژێردەستی.

وتیشیان ئەم رێوشوێنانە بۆ رێگرتنە لەوەی هەواڵی ئەو ناوچانە بگاتە دونیای دەرەوە و هەروەها دانیشتوانە گیرخواردووەکانیشیان هیچ هەواڵێك بەدەست نەهێنن -- بەتایبەتی هەواڵی دۆڕاندنەکانی ئەم گروپە لە شەڕەکاندا.

نمونەیەکی ئەم دواییانەی تەکتیکەکانی داعش دژ بە رۆژنامەوانان بریتیبوو لە ڤیدیۆیەك رۆژی 26 حوزەیران بەناوی "وەحیی شەیتان" کە تیایدا داعش پێنج چالاکوانی میدیای لە دەیر زور کوشت بەتۆمەتی " هەڵگەڕانەوە لە ئایین" چونکە "هەواڵی ساختە"یان دەربارەی داعش بڵاوکردبووەوە.

رۆژی 13 حوزەیرانیش رۆژنامەوانی سوری ئەحمەد عەبدولقادر لە هێرشێك بە چەقۆ لە شاری ئورفە رزگاری بوو، پاش ئەوەی چەندین هەڕەشەی لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پێگەیشتبوو پێش هێرشەکە. ئەوە دووەم هێرش بوو بکرێتە سەری لە ماوەی سێ مانگدا. داعش بەرپرسیارێتیی هەوڵی کوشتنەکەی لە ئاژانسی هەواڵەکانی خۆیەوە، ئەعماق، راگەیاند.

داعش لەوەوپێش بەرپرسیارێتیی خۆی راگەیاندبوو لە کوشتنی ئیبراهیمی برای عەبدولقادر و هاوکارێکی بەناوی فارس حەمادی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2015 دا.

سەرکوتکردنی هەواڵ

مامۆستایەکی کۆلێژی میدیا لە زانکۆی قاهیرە، حەسەن عەفیفی، وتی: "داعش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانان و چالاکوانانی بواری میدیا لەبەر دوو هۆ."

ناوبراو بە دیارونای وت کە هۆی یەکەم تۆڵەسەندنەوەیە و دووەمیش بێدەنگکردنیانە.

وتی ئەم گروپە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەوانان دەدات "لەوەی کە گروپەکە و تاوانکارییەکانی لە ناوچەکانی ژێردەستی لە سوریا دەخەنەڕوو."

وتیشی ئەو تاوانانە بریتین لە کوشتار و بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و قامچیلێدان بە بەهانەی پیادەکردنی شەریعەت. ئاماژەی بەوەش دا کە رۆژنامەوانان روناکیشیان خستۆتەسەر خراپتربوونی باری ژیان و بێکاری و ئەو باجانەی داعش دەیسەپێنن بەسەر خەڵکدا.

عەفیفی وتی هەر میدیاکارێکی چالاکوان دژایەتیی ئەم گروپەی کردبێت بێدەنگکراوە بە کوشتن و "هەندێك چالاکوانیش ناچارکراون بە راگرتنی چالاکیەکانیان بۆ پاراستنی ژیانیان".

وتی پاش هەڕەشەلێکردنی راستەوخۆیان، چەندان رۆژنامەوان و چالاکوانانی بواری میدیا هیچ چارەیەکی تریان نەبووە جگە لە هەڵهاتن لە سوریا یان راگرتنی هەموو چالاکیە رۆژنامەوانیەکانیان.

هەر ئەوەندەی داعش دەسەڵاتی خۆی لە سوریادا سەپاند، دەستیکردە هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانان و چالاکوانانی بواری میدیا، هەروەك چالاکوانی سوری مەحمود عومەر وتی، کە ئەندامی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤە و ئێستا لە تورکیا دەژی.

ناوبراو بە دیارونای وت گروپەکە بەوە تۆمەتباری کردن کە " لە ئایین هەڵگەڕاونەتەوە و لەگەڵ کافرەکاندا کاردەکەن بۆ تێکشکانی پرۆژەی دەوڵەتی ئیسلامی". وتی: "ئەمەش رۆژنامەوانان و میدیاکارانی چالاکوان و تەنانەت چالاکوانانی بواری کۆمەکە مرۆییەکانی خستە مەترسیی گرتن و هەموو جۆرە سزایەکەوە تا دەگاتە کوشتن."

دەرخستنی راستی دەربارەی ژیان لەسایەی داعشدا

مەحمود عومەر وتی لەڕێگای بەئامانجگرتنی چالاکوانانەوە، داعش هەوڵدەدات رێگایان لێبگرێت بەرپەرچی پڕوپاگەندەکەی بدەنەوە، چونکە کارەکانی ئەوان راستیەکانی ژیان لەسایەی یاساکانی ئەم گروپەدا دەخەنەڕوو.

وتی ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی هەبووە بۆ هەوڵەکانی داعش بۆ سەربازگیری و راکێشانی خەڵك بۆ ناو گروپەکە، بەوەی کە وێنەیەکی پێچەوانەی ئەوە دەخەنەڕوو کە ئامێری میدیای گروپەکە هەوڵدەدات پیشانی بدات لەڕێگای ڤیدیۆ و بەیاننامەکانیەوە.

وتیشی سوریا یەکێکە لە پڕمەترسیترین وڵاتان بۆ رۆژنامەوانان کە ژمارە 177 هەمینە لە 180 وڵات لەسەر لیستی ئازادیی رۆژنامەوانیی جیهانیی ساڵی 2016 کە لەلایەن رۆژنامەوانانی بێسنورەوە بڵاوکراوەتەوە.

داعش بەتایبەتی ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی ناسراوی کردۆتە ئامانج، لەوانە رۆژنامەوانان زاهیر شورقات و ناجی جەرەف و چالاکوانان ئیبراهیم عەبدولقادر و فارس حەمادی.

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵڵا، کە لە قاهیرە دادەنیشێت، وتی: "زۆربەی چالاکوانانی بواری میدیا کە لەلایەن داعشەوە کراونەتە ئامانج، ئەو میدیاکارە چالاکوانانە بوون یان ئەو هاوڵاتییە رۆژنامەوانانە بوون کە لەپاش هەڵگیرسانی شەڕ لە 2011 سەریانهەڵدا."

محەمەد عەبدوڵڵا بە دیارونای وت نوسین و راپۆرتەکانیان خاسیەتێکی جەماوەریی هەبوو کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی بۆسەر هاوڵاتیانی سوری و رای گشتی لە ناوچەکە و جیهاندا هەبوو.

وتیشی: "ئەوان دەیانتوانی زۆرترینی سود لە سایت و سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەربگرن بە پۆستکردنی ئەو راپۆرت و زانیاریانەی لەناو سوریاوە دەهاتن و هانی زیادبوونی ناڕەزایەتیی جەماوەرییان دژی داعش و بیروبۆچوونەکانی دەدا."

هەروەها وتی هەواڵی شەڕەکانی ئەمدواییەی گروپەکە و "دۆڕاندنەکانی هۆیەکی تر بوون بۆ ئەوەی ئەم گروپە بەخێرایی چالاکوانان دووربخاتەوە بەهۆی ئەو زیانەی ئەو جۆرە هەواڵانە هەیانە بۆ ئەندامانی گروپەکە".

وتی ئەو هەواڵانە نائومێدی لە ریزەکانی داعشدا دروستدەکات لەکاتێکدا ورەی مەدەنیەکانی سوریا بەرزدەکاتەوە و بەوشێوەیەش وێنەی ترسناکی گروپەکە تێکدەشکێنێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
14
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین