هه‌واڵه‌كانی عێراق
Topic/IraqToday/sectionlead

ئازادکردنی خالیدییە شەڕ دەباتە قۆناغێکی نوێوە

خالید تائی

کارمەندانی هێزی ئاسمانیی عێراق پشکنین بۆ ئۆتۆمبیلێك دەکەن کە 'دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام' لە بیابانی ئەنبار جێیهێشتوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

کارمەندانی هێزی ئاسمانیی عێراق پشکنین بۆ ئۆتۆمبیلێك دەکەن کە 'دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام' لە بیابانی ئەنبار جێیهێشتوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

شکستی ئەمدواییەی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) لە دوورگەی خالیدییە خاڵی وەرچەرخانە لە شەڕی دژی داعشدا، چونکە گروپەکە هیچ مۆڵگەیەکی لە خۆرهەڵاتی ئەنباردا نەماوە، بەرپرسانی عێراق رایەنگەیاند.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لیوا ئیسماعیل مەحلاوی رایگەیاند، "ئەمە سەرکەوتنێکی ناوازەیە بۆ هێزەکانمان چونکە توانیومانە داعش تێکبشکێنین لە گرنگترین و دوایین مۆڵگەکانی خۆی لە خۆرهەڵاتی ئەنبار."

بە دیارونای وت، "ئەم سەرکەوتنە رێگەی نوێ بۆ گەیاندنی شمەك بە یەکە سەربازییەکانمان دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی دوایین سەرکەوتن بەسەر تیرۆرزمدا."

وتی، "شەڕی گەڕاندنەوەی دورگەکە 30 تەمموز و لە چەند ئاراستەیەکەوە دەستیپێکرد بە بەشداری هێزی پیادە کە لیواکانی [8، 10 و 14] نوێنەرایەتییان دەکرد، پۆلیسی فیدراڵ، هێزی ئامادەی ئەنبار و هێزە خێڵەکییەکان."

وتیشی پاڵپشتیی ئاسمانیی لەلایەن هێزی ئاسمانیی عێراق و هاوپەیمانانەوە دابیندەکرا.

وتی، "هێرشەکە کتوپڕ و خێرابوو." وتیشی: "لە کاتژمێرەکانی سەرەتای شەڕەکەدا زیانی گیانیی گەورەمان بە دوژمن گەیاند."

وتی بە سێ رۆژ شەڕ، هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی تەواوی دورگەی خالیدییە و ناوچەکانی دەوروبەریان کرد، لەنێویاندا ئەلبوعوبێد، ئەلبوبالی، مەلاحمە و کەرتان.

سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن 120 بۆ 180 چەکدار لەو شەڕەدا کوژران.

وتی، "لە ئێستادا هێزەکانمان کار لەسەر پاککردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان دەکەن لە سەدان مین و بۆمبی دەستکرد کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەویی چێنراون."

جێگری وەزیری ناوخۆ عەقیل خەزعەلی وتی پلانێکی 90-رۆژە بەمزوانە جێبەجێدەکرێت بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەکە تا خێزانە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە.

ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار راجیع بەرەکات عەیفان وتی دوورگەی خالیدییە گرنگییەکی زۆری بۆ داعش هەبوو چونکە ناوچەکەی وەك لەنگەرێك بەکارهێنابوو بۆ ئەو چەکدارانەی لە فەلوجە و رەمادی و ناوچە ئازادکراوەکانی دیکە هەڵدەهاتن.

وتی، "ئازادکردنی دوورگەی خالیدییە توانای هێرشکردن و هەڕەشەی داعش بۆ سەر پارێزگای ئەنبارناهێڵێت."

وتیشی گرتنەوەی ناوچەکە رێگەی نێودەوڵەتی دەکاتەوە کە بەغدا و رەمادی لە فەلوجەوە پێکەوە دەبەستێتەوە، کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە داخرابوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500