https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2016/08/03/feature-03

×
×
ئاساییش |

عێراق خۆی بۆ کۆڕەوی موسڵ ئامادە دەکات

خالید ئەلتائی

image

ژنێکی عێراقی کۆمەك لە سەنتەرێکی ئاوارەکان وەردەگرێت لە تەل باج لە بێجی. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

بە نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق لە موسڵ، حکومەت پلانی روداوی کتوپڕ دادەنێت بۆ بەرگەگرتنی ئەو شەپۆلی کۆچی بەکۆمەڵەی دەکرێت لە شارەکەوە بێت پێش شەڕی گرتنەوەی لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت کە هەنگاوەکە بۆ خۆپاراستنە "لە واقعی شەڕی دژی تیرۆر" بە ئاماژەکردن بەوەی کە "دوا قۆناغی یەکلاکەرەوە" لە شەڕەکەدا بۆ دەرکردنی داعش لە دوا ناوچەکانی ژێردەستی لە باکوری عێراق نزیکدەبێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرێتی کاروباری کۆچبەران لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ستار نەورۆز وتی، "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ رزگارکردنەوەی شاری شرگات لە پارێزگای سەلاحەدین بەردەوامن."

بە دیارونای وت: "پێشڕەویی خێرای هێزەکانی عێراق لە باشوری موسڵ وای دەخواست دەستبکەین بە هەنگاونان و گرتنەبەری هەنگاوی پێشوەختە، تا ئامادەبین بۆ ئەو شەپۆلی کۆچە بە کۆمەڵە."

وتیشی: "ئامادەکاریی چڕوپڕ لەئارادایە بۆ بنیاتنانی کامپێکی گەورە بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکان، کە سەلامەت بێت و تا بکرێت دووربێت لە شانۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان." هەروەها وتیشی رەنگە لە دەشتی نەینەوادا بنیاتبنرێت.

لە 20ی تەمموزدا، ئەنجومەنی نیشتیمانیی باڵای رزگاریی ئاوارەکان سێ ملیار دینار (200,000 دۆلار) ی تەرخانکرد بۆ بنیاتنانی ئەو کامپانە.

نەورۆز وتی بەڵام پارەی زیاتر پێویستە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو کامپانە وەك ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە .

وتی بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتەکە "پەیوەندییگرتنی بە هەموو دەزگا و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە چڕدەکاتەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر بەربەستێك یان هەر تەحەدایەك".

لەهەمانکاتدا، "وەزارەتەکە هەوڵەکانی خۆی چڕکردۆتەوە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیی و داخوازیی خێزانە ئاوارەکان لەنێویاندا خۆراك و شمەکی وەك بەتانی، راخەر و ئامێری چێشتلێنان".

ئاوارەبوون لە شرگات

نەورۆز وتی: "وەزارەت ناوەندێكی داڵدەدانی بنیاتناوە لە ناوچەی تەل باج، باکوری پارێزگای سەڵاحەدین، بۆ وەرگرتن و نیشتەجێکردنی خێزانە ئاوارەکانی شرگات، کە لەئێستادا نزیکەی 6,000 خێزانی تێدایە."

وتی: "بە هەماهەنگیی حکومەتی خۆجێی پارێزگای سەڵاحەدین و رێکخراوە مرۆییەکان کاردەکەین بۆ خزمەتکردنی ئەو خێزانانەی کە لە گەشتی ئاوارەییاندا توشی سەختیەکی زۆر بوونەتەوە."

وتیشی "ناچارکراون بۆ مەودایەکی دوور و لەژێر گەرمای خۆردا بەپێ هەڵبێن... هەوڵدەدەین لە ئێش و ئازاریان کەمبکەینەوە."

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتیی کۆچبەران لقی سەڵاحەدین فەزا شەممەری وتی کاروانی ئامادەی خۆراك و کۆمەکی مرۆیی گەیشتوون بۆ ئەو خێزانانەی لە شرگات هەڵاتوون، لەگەڵ ئەوانەش کە لە ناوچەکانی باشوری موسڵ هەڵاتوون.

وتی، "رۆژانە لانیکەم 300 پشکی خۆراك و ئاوی خواردنەوە لەگەڵ پانکە، فێنککەرەوە و شمەکی یارمەتیدەر دابەشکراون بەسەر ئەو خێزانانەی لە ناوەندی داڵدەدانی تەل باجن."

وتی: "چێشتخانەیەکی گەورەشمان لە ناوچەی حەجاج کردۆتەوە بۆ ئەوەی رۆژانە ژەمی گەرم و سارد بەو خێزانانە پێشکەشبکەن، لەگەڵ ئاو، ئەمەش بە هاوکاریی رێخکراوە مرۆییەکانی وەك مانگی سور."

وتی جیا لەوەش 1,420 خێوەت گەیشتوون و 2,800 دانەش بەمزوانە دەگەن بە پارێزگای سەڵاحەدین وەك بەشێك لەو 10,000 خێوەتەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ بەرگەگرتنی کۆچی بە کۆمەڵ لە شرگاتەوە دابینکراوە.

شمەری وتی: "رۆژانە سەدان خێزانی ئاوارەبوو لەو شارەوە تۆماردەکەین کە ژمارەی دانیشتوانی بە نزیکەی 200,000 خەمڵێنراوە."

وتیشی ئیدارەی خۆجێی شرگات نیمچە-لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ تەواوی دەزگا ئەمنیی، حکومیی و مرۆییەکان بۆ ئەوەی دەستبەری شوێنی داڵدەدان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی هەموو ئەو خێزانانە بکات کە لەو شارەوە هەڵدێن.

خێزانەکان لە باشوری موسڵ هەڵدێن

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ عەبدولڕەحمان وەکاع بە دیارونای وت: "بە پێشڕەویی هێزە سەربازییەکان لە دەوروبەری شاری گەیارە و بۆ دەرهێنانی لەژێردەستی تیرۆرستەکان، لانیکەم 24,000 کەسی ئاوارە هەیە کە ماڵی خۆیان جێهێشتووە لە گوندەکانی باشوری موسڵ."

وتی: "ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارانە لە کامپی دیبەگەدا نیشتەجێکراون لە شارۆچکەی مەخمور و پێویستیان بە کۆمەکی مرۆیی زیاترە لە حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان."

وتیشی دەبێت هەموو دەزگا حکومییەکان جڵەوی وزەی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لەبەردەمیاندایە تا خۆیان لە قەیرانێکی مرۆیی لابدەن، بەتایبەت لە شەڕەکانی دەوروبەری گەیارە و حەمام عەلیلدا.

وتی "پێشبینیی ئاوارەبوونی لانیکەم 800,000 کەس لە موسڵ و دەوروبەری دەکەین". وتیشی "ئەو ژمارەیە لە ئاوارە پێویستی بە گرتنەبەری هەموو رێگایەکی فریاگوزاریی پێشوەختە هەیە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
4
نەخێر
1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha

دەسخۆش! بۆ بڵاوکردنەوە

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌