هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش سەرکۆنەدەکرێت بۆ کردنە ئامانجی مەدەنیەکانی قامیشلی لە سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دوکەڵ بەرزدەبێتەوە لە شوێنی تەقینەوە خۆکوژیەکەی 27 تەمموز لە شاری قامیشلی کە بەرپرسیارێتی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) راگەیەندرا. [خاوەنی وێنە: جوان حەسۆ]

دوکەڵ بەرزدەبێتەوە لە شوێنی تەقینەوە خۆکوژیەکەی 27 تەمموز لە شاری قامیشلی کە بەرپرسیارێتی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) راگەیەندرا. [خاوەنی وێنە: جوان حەسۆ]

دانیشتوانی قامیشلی لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا هێرشێکی خۆکوژیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان سەرکۆنەکرد کە لە 27 تەمموز لە گەڕەکێکی قەرەباڵغدا دەیان مەدەنیی کوشت.

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند لەڕێگای ئاژانسێکی هەواڵی خۆیەوە بەناوی ئەعماق.

کارمەندێکی مانگی سوری کوردی، عەگید ئیبراهیم، وتی: " تێرۆریستەکە لۆریە [بۆمبڕێژکراوە] کەی لە یەکێك لە قەرەباڵغترین گەڕەکەکانی شاردا تەقاندەوە و بووەهۆی کوشتن و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر خەڵك."

ناوبراو بە دیارونای وت زیاتر لە 50 کەس لە هێرشەکەدا کوژران و 200 کەسیش برینداربوون، بەڵام ناتوانرێت ژمارەی تەواوی قوربانیان دیاریبکرێت تا هەموو داروپەردوە داڕوخاوەکان لانەبرێن.

عەگید ئیبراهیم کە لە قامیشلی بوو بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکانی گەڕان و گەیاندنی کۆمەك، وتی زۆر لە بریندارەکان، بەتایبەتی منداڵان، لە حاڵەتی مەترسیداردان.

بەرپرسێکی ئاسایشی شارەکە، رێبەر نابۆ، وتی لۆریە بۆمبڕێژکراوەکە لەسەر شەقامی مونیر حەبیب لە گەڕەکی وستا تەقییەوە وچەندین بینا، خانو، دوکان و دامودەزگای گشتیی وێرانکرد.

نابۆ وتی: "ئەمە یەکەمجار نەبوو شارەکە بە تەقینەوە بکرێتە ئامانج. ئەمە شەشەمین تەقینەوە بوو ئەمساڵ، بەڵام بەهێزترین و دڕندانەترینیان بوو."

وتی لەبەرپەرچدانەوەی ئەوەدا، هێزەکانی ئاسایش ئۆتۆمبیلەکان دەپشکنن لە دەروازەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەدا بە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی دەستکردیان پەی پێبردووە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا.

وتیشی تەقینەوەکە بووەهۆی "زیاتر سوربوون لەسەر لەناوبردنی ئەم گروپە تێرۆریستیە کە کەس ناکوژێت مەدەنی نەبێت".

تێرۆریزم دەست لە کەس ناپارێزێت

مامۆستایەکی ناوەندیی خەڵکی قامیشلی، جوان حەسۆ، وتی: "ساتەکانی یەکەمی تەقینەوەکە زۆر ترسناك بوو بۆ خەڵکەکە."

حەسۆ وتی: "کەس نەیدەزانی تەقینەوەکە لەکوێ رویدا". وتیشی بۆ ماوەی 15 خولەك خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی مۆبایل راوەستا کە سەرلێشێوانەکەی زیاترکرد.

وتیشی کاتێك خەڵکەکە و هێزە ئەمنیەکان گەیشتنە شوێنی تەقینەوەکە، "ترس و لەرز بەرپابوو" کاتێك قەوارەی روداوەکەیان بینی.

حەسۆ وتی دانیشتوانەکە هەوڵیاندا بریندار و کوژراوەکان بگوازنەوە تا تیمەکانی مانگی سور گەیشتن. هەروەها وتی تەقینەوەی بوتڵی غاز و کەوتنەوەی ئاگر بارودۆخەکەی سەختترکرد.

وتیشی رێوشوێنی ئەمنی لەوەبەر چڕترکرابووەوە لەترسی ئەوەی داعش تەقینەوەی خۆکوژی ئەنجامبدات لە تۆڵەسەندنەوەی دۆڕانی شەڕدا لە مەنبیج و تەسکبوونەوەی ناوچەکانی ژێردەستی.

وتی هەرچەندە خۆی و خەڵکی تریش خۆیان لە شەڕدا دەبینن لەگەڵ داعش، "کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد تاوانکارییان بگاتە ئەو رادەیە دژ بە مەدەنیی بێچەك".

هەروەها وتی داعش "کورد وەك کافر دەبینێت کە دەبێت بکوژرێن. بەڵام تەقینەوەکە لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی شارەکەدا ئەنجامدرا. چۆن کورد بە کافر لەقەڵەمدەدات لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر مزگەوتیان هەیە؟"

حەسۆ وتی کردەوەکانی داعش پەیوەندیەکانی نێوان عەرەب و کورد باشتردەکات " چونکە تێرۆریزمی داعش دەست لە کەس ناپارێزێت و جیاوازی ناکات لەنێوان کورد و عەرەب و ئاشوری یان لەنێوان مەسیحی و موسڵماندا".

وتیشی: "بەهێزترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو راستیەیە کە هەمووان لەپرسەدان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500