هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

کاریگەریی داعش لە عێراق هەرەسدەهێنێت

خالید ئەلتائی

تۆپخانەکانی عێراق بۆمبارانی مۆڵگەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەکەن لە دولاب لە پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

تۆپخانەکانی عێراق بۆمبارانی مۆڵگەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەکەن لە دولاب لە پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

کاریگەریی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە هەرەسهێناندایە، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق بەپشتگیریی هاوپەیمانان بەردەوام گورزی سەخت لە سەرچاوەکانی ئەم گروپە دەدەن کە لە پوکانەوەدان، بەرپرسان و چاودێرانی عێراقی دەڵێن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، عەمید یەحیا رەسوڵ، وتی: "هێزەکانی سوپا بەپشتگیریی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەمساڵ توانییان شارە سەرەکیەکانی ئەنبار بگرنەوە، وەك رەمادی، هیت، روتبە و فەلوجە کە تێرۆریستەکان وەك قەڵا پتەوەکانی خۆیان وێنایاندەکردن."

ناوبراو وتی هێزەکانی عێراق زنجیرەیەك سەرکەوتنیشیان بەدەستهێناوە لە پێشڕەوییاندا بەرەو رزگارکردنی موسڵ، بەتایبەتی گرتنەوەی فڕۆکەخانەی سەربازیی گەیارە و بەمدواییانەش رزگارکردنی حاج عەلی و گوندەکانی نزیکی لە باشوری موسڵ.

وتیشی: "قارەمانەکانی ئەندازیاریی سەربازییش پردێکی ئاسنینی 250 مەترییان لەسەر روباری دیجلە دروستکردووە کە مەخمور و گەیارە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و رێگای بۆ تێپەڕینی ئۆتۆمبیل و زریپۆش و دەبابە کردۆتەوە تا بپەڕنەوە بەرەو موسڵ."

داعش کە لە ماوەیەکی کورتدا لە 2014 نزیکەی لەسەدا 40 ی خاکی عێراقی داگیرکرد، ئێستا تەنها موسڵ و چەند ناوچەیەکی پچوکی بەدەستەوە ماوە.

هەروەها وتی: "ئەمساڵ دەبێتە ساڵی سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر تێرۆریزمدا."

عەمید یەحیا وتیشی: "رێگامان لە قاچاخچێتی کردنیان بەنەوتەوە گرتووە و لە زۆر بنکەشیانمان داوە کە پارەی باج و سەرانەیان تیادا هەڵدەگرت کە بە ناوەندەکانی حەسبە ناسراون، ئەمە جگە لە دابڕانی رێگاکانی گواستنەوە و هێنانوبردنی شمەکیان."

هەروەها وتی: "ئەمڕۆ، هەموو هێزەکانی سوپا و پۆلیس و خێڵەکان پێکەوە دژ بە تێرۆریزم وەستاون و کۆتایی داعش لە ئاسۆکاندا دیارە."

قەیرانی دارایی داعش 'تێکدەشکێنێت'

رۆژنامەوان محەمەد تاریق بەیاتی کە لە نەینەوا دادەنیشێت و بۆ رادیۆی غەد کاردەکات، وتی داعش بەدەست قەیرانێکی دارایی تێکشکێنەرەوە دەناڵێنێت کە دەرەنجامی دۆڕاندنەکانیان و کردنە ئامانجی سەرچاوەکانیانە.

بەیاتی بە دیارونای وت: "داعش ئێستا دابەزیوەتە ئاستی تاڵانکردنی بینا حکومیەکان و دەرکێشانی دەرگا و پەنجەرە و بنمیچ و سیرامیکی دامودەزگا حکومیەکان و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی موسڵدا."

وتی ئەندامانی داعش چەند بینایەکیان تەقاندۆتەوە و شیشە ئاسنەکانی ناو کۆنکرێتەکانیان دەرهێناوە بۆ فرۆشتنەوەیان وەك سکراب.

راوێژکارێکی سەرەکوەزیران بۆ کاروباری ئابوری، موزهیر محەمەد ساڵح، وتی داعش تاڕادەیەك هەموو ئەو دەرامەتانەی لەدەستداوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر هەیبوو.

ناوبراو بە دیارونای وت لەئێستادا داعش لە عێراق "کیانێکی تێرۆریستیی مایەپوچە" لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بەردەوامن لە داماڵینی ئەم گروپە لە سەرچاوە داراییەکانی لەو شار و ناوچانەدا کە لەمەوبەر لەژێردەستیاندا بوون.

وتیشی: "تێرۆریستان خۆیان بە دزینی نەوتی خاو لە بیرە کۆنەکان دەژیاند و مەڕوماڵات و هەموو ماڵوموڵکە گشتی و کەسیەکانیان تاڵاندەکرد. بەڵام ئەم سەرچاوانە ئیتر لەبەردەستیاندا نەماون، چونکە هێزەکانمان زۆربەی ئەو شارانەیان گرتۆتەوە کە لەژێردەستیاندا بوون."

لەدەستدانی سەرچاوە داراییەکان و چەکداران

ئەم راوێژکارە وتی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە کەمکردنەوەی تواناکانی داعش بە بۆردومانکردنی خەزێەنەکانی پارەیان و چالاکیە قاچاخەکانیان. هەروەها ئێستا جیهان زیاتر یەکگرتووە دژ بە تێرۆریزم."

بەوتەی شارەزایەکی بواری گروپە توندڕەوەکان، هاشم هاشمی، دۆڕاندنەکانی داعش زۆر کوشندەن.

هاشمی بە دیارونای وت: "لەپاڵ لەدەستدانی شارەکان و سەرچاوە داراییەکانیاندا، ژمارەی ئەو چەکدارە بیانیانەشیان لە کەمبوونەوەیەکی بەرچاودایە کە بەدزیەوە دەهاتنەناو وڵاتەوە، بەهەمانشێوە خۆبەخشە ناوخۆییەکانیش کە پەیوەندییان بە ریزەکانیانەوە دەکرد.

وتیشی: "داعش لە شەڕ و هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیماناندا باشترین سەرکردە و چەکدارانی لەدەستداوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی هەمانە، لە 47 سەرکردەی باڵای ئەم رێکخراوە تێرۆریستیە، تائێستا 40 کەسیان لە عێراق کوژراون."

هەروەها وتی زۆربەری توانا چەکداریەکانی داعش لە موسڵ تێکشکێنراون.

هاشمی وتیشی: "لەو باوەڕەداین تا کۆتایی ئەمساڵ یان لە بەهاری داهاتوودا، تەنها شار یان ناوچەیەکیش لەژێردەستی داعشدا نەمێنێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئەوەی بڵاوکراوەتەوە جوانە.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

ئەمە بەرنامەیەکی باشە.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌