هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

خوێندنی زانکۆ لە رەمادی دەستدپێدەکاتەوە دوای تێکشکانی داعش

خالید ئەلتائی

دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە زانکۆی ئەنبار لە رەمادی. [خاوەنی وێنە: پەڕەی فەیسبوکی زانکۆی ئەنبار]

دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە زانکۆی ئەنبار لە رەمادی. [خاوەنی وێنە: پەڕەی فەیسبوکی زانکۆی ئەنبار]

لە یەكێك لە نیشانەکانی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ رەمادی، ئەو شارەی هێزەکانی عێراق سەرەتای ئەمساڵ لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگاریانکرد، خوێندن لە زانکۆی ئەنبار لە شارەکە لە پایزدا دەستپێدەکاتەوە.

زانکۆکە لە مانگی نیسانی 2015 داخرا، کاتێك داعش شارەکەی داگیرکرد و بەناچاری بەشەکانی گوازرانەوە بۆ شوێنێکی کاتیی لە کۆلێژی کشتوکاڵی لە ئەبوغرێب، رۆژئاوای بەغدا.

وتەبێژی زانکۆی ئەنبار، عەبدولڕەحمان فەهداوی، وتی: "ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاریدا بە گەڕانەوە لە شوێنە کاتیەکەی بۆ رەمادی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیەکانی لەوێ، بەتایبەتی لەگەڵ سەقامگیربوونی دۆخی ئاسایش لە شارەکەدا و گەڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان و ژیان بۆ باری ئاسایی."

فەهداوی وتی بەرپرسانی زانکۆ بڕیاریاندا ژمارەیەك لە کۆلێژەکان لە رەمادی بکەنەوە بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 پاش نۆژەنکردنەوەی چەندین بینا.

ناوبراو بە دیارونای وت "نزیکەی نیوەی کۆلێژ و پەیمانگاکانی زانکۆکە زیانیان پێگەیشتووە، "لە ماوەی داگیرکردنی داعشدا و نوسینگەکانی سەرۆکایەتیی پێشووی زانکۆکە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و پێویستیان بەوەیە "بەتەواوی لە تەقەمەنی و مینە چێنراوەکانی تێرۆریستان پاکرێنەوە".

وتیشی وردەوردە کردنەوەی کۆلێژەکان دەستپێدەکات، سەرەتا کۆلێژی پەروەردە و زانستە پراکتیکیەکان و دواتریش کۆلێژی زیاتر دەکرێنەوە پێش سەرەتای خوێندن لە مانگی ئەیلول.

هەروەها وتی: "داوا لە خوێندکارانی زانکۆکەمان دەکەین کە گەڕاونەتەوە رەمادی تا فۆرمی ئامادەبوون و خۆتۆمارکردن پڕبکەنەوە."

فەهداوی وتی پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی مانگێك بەردەوامدەبێت و نوسینگەی سەرۆکایەتی کاتیی لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەموو ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ئەنبار.

فەهداوی رونیکردەوە کە زانکۆکە و نەتەوە یەکگرتووەکان و سندوقێکی نیشتمانی بەنیازی جێبەجێکردنی 48 پرۆژەیان هەیە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی دامودەزگا وێرانکراوەکانی زانکۆکە، بەڵام "ئەم پرۆژانە کاتێك دەستپێدەکەن کە بیناکانی زانکۆکە بەتەواوی لە تەقەمەنی پاکبکرێنەوە".

جەختی لەسەر ئەوەش کرد کە کردنەوەی زانکۆی ئەنبار فاکتەرێکی سەرەکیە بۆ سەقامگیری لە رەمادی چونکە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی لانیکەم 25,000 ئاوارە لە خوێندکار و کارمەندانی زانکۆ و خێزانەکانیان.

ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیان

قایمقامی رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، بە دیارونای وت بەرپرسانی ناوخۆیی داوای کۆمەکیان لە هەموو ریکخراوە نێودەوڵەتیە گرنگەکان و وڵاتانی بەخشندە و دەزگا حکومیەکان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی زانکۆی ئەنبار و دامودەزگا پەروەردەییەکانی تری شارەکە.

عەوسەج وتی: "دەستمانکرد بە نۆژەنکردنەوەی زۆر لە بیناکانی زانکۆ لە رەمادی و بەوهیوایەین کارەکە تەواوبکەین پێش سەرەتای ساڵی خوێندنی داهاتوو بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی باشی فێربوون بۆ ئەو خوێندکارانەی دەستدەکەنەوە دەوام."

وتیشی: "کاردەکەین بۆ ئامادەکردنی زۆر لە قوتابخانەکان بۆ داڵدەدانی خوێندکاران و گرتنەخۆی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ئاوارەکان کە دەشێت بگەڕێنەوە بۆ شارەکە." هەروەها وتی تا ئێستا 40,000 خێزان گەڕاونەتەوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عوبەید مەخڵەف محەمەد، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆی ئەنبار.

وتی: "ئەمە پێشڕەوییەکی گرنگ و گەڕانەوەیەکی ئەرێنیە بەرەو پتەوکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیان لە رەمادی."

جەختیشی کرد لەسەر پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی شارەکە و خزمەتگوزاریە گشتیەکان کە زۆربەیان هێشتا لەکارکەوتوون.

محەمەد وتی: "لەئێستادا تەنها پردێکی کارامان هەیە کە پردی قائیمە لەسەر شەقامی شەستی لە رەمادی. پردی حولەش بەمزوانە بنیات دەنرێتەوە. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنیش، پێویستمان بە چاکردنەوەی پردی تر دەبێت بۆ ئاسانکردنی جموجۆڵی خوێندکاران و خەڵکی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆیان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500