هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تاکتیکەکانی داعش بۆ پەیداکردنی پارە هاوشێوەی چالاکیی چەتەکانە

وەلید ئەبولخەیر / قاهیرە

بازاڕی سەرەکی لە رەققە، کە لەژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دایە و لانەی زۆرێك لە چالاکییە نایاساییەکانی گروپەکەیە بۆ دەستەبەرکردنی پاڵپشتی مادی. [خاوەنی وێنە: گروپی رەققە بە بێدەنگی سەردەبڕدرێت]

بازاڕی سەرەکی لە رەققە، کە لەژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دایە و لانەی زۆرێك لە چالاکییە نایاساییەکانی گروپەکەیە بۆ دەستەبەرکردنی پاڵپشتی مادی. [خاوەنی وێنە: گروپی رەققە بە بێدەنگی سەردەبڕدرێت]

پسپۆڕان بە دیارونایان وت "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) لە چەندین کردەی نایاساییەوە تێوەگلاوە کە هاوشێوەی کاری باندە تاوانکارییە نێودەوڵەتیەکانە بۆ دەستەبەرکردنی پارە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی.

ئەم گروپە بەشدارە لە هەموو جۆرێك تاڵانکاری، بازرگانی بە مرۆڤەوە، کۆیلەداری، بازرگانیی چەک، بەقاچاخبردنی شمەکی دزراوی وەك نەوت و شوێنەوار، فرۆشتنی دانەوێڵەی ئەو زەویوزارانەی دەستیان بەسەردا گرتووە پاش هەڵهاتنی خاوەنی یاساییان و چەندین باجیش بەسەر دانیشتوانەکانی ژێردەستی خۆیدا دەسەپێنێت.

پرۆفیسۆری یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی قاهیرە، محەمەد فەتحی، وتی: "هەموو چالاکیە بازرگانی و داراییەکانی گروپەکە و هەموو ئەو مامەڵە و گواستنەوەی پارانەی ئەنجامی دەدات، بەدڵنیاییەوە لە دەرەوەی یاسان."

فەتحی بە دیارونای وت کە داعش "بەنایاسایی دەستی بەسەر سەرچاوە [ئابوریە]کانی دەوڵەتی سوریادا گرتووە، کە دواجار تەنها موڵکی خەڵکی سوریان".

وتی: "لەبەرئەوە، دەرهێنان و پاڵاوتن و فرۆشتنی نەوت، دەستبەسەراگرتنی زەویی کشتوکاڵیی و هەڵکۆڵین و فرۆشتنی شوێنەوار، هەمووی کردەی دزین."

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن بازرگانانی شوێنەوار کەوتوونەتە جموجۆڵێکی زۆر دوای ئەوەی گروپەکە ئەو سیاسەتەی گرتۆتەبەر کە مۆڵەتی گەڕان و هەڵکۆڵین ببەخشێت لە بەرامبەر 60 لە سەدی بەهای شوێنەوارە فرۆشراوەکان.

ژمارەیەك پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی شوێنەوار و قەدەغەکردنی قاچاخچێتی پێوەکردنیان هەیە، لەوانە رێکەوتننامەی 1972 دەربارەی پاراستنی کەلەپوری کلتوری و سروشتی جیهان، رێکەوتننامەی 2001 بۆ پاراستنی کەلەپوری کلتوریی ژێرئاو، رێکەوتننامەی 2003 بۆ پارێزگارییکردن لە کەلەپوری کلتوریی نامادیی.

فەتحی وتی ئەم رێکەوتننامانە "مامەڵەکردنی نایاسایی بە شوێنەوارەوە" قەدەغە دەکەن و "جڵەوی تاڵانکاری و دزی و گواستنەوەی بەمەبەستی شمەک [ی کلتوری] بۆ دەرەوەی سنووری وڵاتانی رەسەنی خۆیان دەکەن".

وتیشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت سزای ئەندامانی داعش بدات و داوا لە دەوڵەتان بکات بەدوایاندا بچن، دەستگیریان بکەن و بیاندەنە دەستی سیستمی دادوەری، کە دواتر پێدەچێت روبەڕووی دادگاییکردن ببنەوە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە.

هێرشە ئاسمانیەکان داهاتی داعش دەکەنە ئامانج

رۆژنامەنوسی سوری محەمەد عەبدوڵا کە لە قاهیرە نیشتەجێیە وتی: "راپۆرتی رۆژنامەوانی و لێدوانە سەربازی و سیاسییەکان بەمدواییانە ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە داعش بڕێکی گەورەی لە پاڵپشتی مادیی خۆی لەدەستداوە بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە سوریا ئەنجامدراون."

ئەم رۆژنامەنوسە بە دیارونای وت لەم مانگانەی دواییدا، هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان ئەو تانکەرانەیان بە ئامانجگرتووە کە داعش نەوتی پێ دەگواستنەوە تا لەڕێی قاچاخچیەکانەوە لە بازاڕی رەشدا بیفرۆشێت.

وتی هێرشەکان لەدژی بیرە نەوتیەکان و پاڵاوگەکان و ئەو پاڵاوگە سەرەتاییانەشیان بوون کە بە "سوتێنەرەکان" ناسراون.

وتیشی لەگەڵ زیادبوونی زیانەکانیدا، گروپەکە پەنای بردۆتە بەر پێدانی مۆڵەتی کاتی بە بازرگانان بۆ بەکارهێنانی بیرە نەوتیەکان و پاڵاوگەکان لە ناوچەکانی وەك رەققە و دەیر ئەلزور، لەترسی کوژرانی چەکدارەکانی خۆی لە بۆمبارانەکاندا.

هەروەها رونیکردەوە کە داعش پێشتر پارەی خۆی بەرامبەر نەوتی دەرهێنراو یان پاڵێوراو وەردەگرێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەڵکوتانەسەری دارایی بۆسەر گروپەکە ناچاری کردووە کە هەر سەرچاوەیەکی مادی هەبوو بۆی بگەڕێت و بیقۆزێتەوە".

وتی ئەم سەرچاوانەی بەدەستهێنانی پارە "زیاتر لە چالاکیی چەتەگەری دەچن". هەروەها وتی "لەڕاستیدا ئەم گروپە بە چالاکییە بازرگانییەکانی پێشی گەورەترین باندە چەتەگەری و مافیاییە نێودەوڵەتیەکانی داوەتەوە".

داعش دەست بەسەر موڵکدا دەگرێت

عەبدولقادر یەحیا، کەسێکی خەڵکی رەققە کە داوایکرد نازناوێکی بۆ بەکاربهێنرێت لەترسی سەلامەتیی خۆی، بە دیارونای وت کە چەند مانگێك لەمەوپێش داعش دەستیکرد بە دەستبەسەراگرتنی ماڵ و دوکان و زەویەکانی ئەو هاوڵاتیانەی لە ناوچەکە هەڵدەهاتن.

وتی: "بەو بیانوەی کە خاوەنەکانیان لەدین هەڵگەڕاوەن و لە وڵاتی کافراندا دەژین، گروپەکە ئەو موڵك و ماڵانە بەئارەزووی خۆی بەکاردەهێنێت."

وتیشی داعش موڵکەکان دەگۆڕێت بە خانووبەرە بۆ ئەندامانی، یاخود بە مانگانە یان ساڵانە دەیاندات بکرێ بەپێی گرێبەستێك کە لەلایەن "دادگای شەریعەت"ی خۆیەوە تۆمارکراوە.

یەحیا وتی گروپەکە دەستبەسەراگرتنی دوکانەکانی ناو بازاڕە سەرەکیەکانی خێراترکردووە و بەکرێیان دەدات بە 15,000 (69.53 دۆلار) تا 50,000 (231.77 دۆلار) پۆندی سوری بۆ مانگێك.

داعش باجێکی زیادەی مانگانەشی لەسەر دوکانەکان داناوە لەنێوان 1,500 (7 دۆلار) و زیاتر لە 10,000 (46.35 دۆلار) پۆندی سوری، بەگوێرەی قەبارەی بازرگانی و چالاکیەکانی.

یەحیا وتی گروپەکە سەرچاوەیەکی تری داهاتی دروستکردووە بە رێگەدان بە "بازرگانانی کەرەسەی بیناسازی بۆ دەرهێنانی لم لە رۆخی روباری فورات".

وتی لمەکە دەفرۆشرێت بە پێدانی مۆڵەتی پارچە زەوییەك لەسەر رۆخی روبارەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تا ئەوکاتەی بازرگانەکان لمەکە دەردەهێنن و ئەمەش بەئاسانی و بێزەحمەت پارەیەکی باشی بۆ گروپەکە دابینکردووە، چونکە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی لم لە ناوچەکەدا نیە.

یەحیا وتی زۆربەی ئەوانەی ناچارکراون کار لەگەڵ داعش بکەن، " لە بەدواداچوونی یاسایی دەترسن، چونکە هەموو دەزانن ئەم دۆخە بۆ هەمیشە بەوشێوەیە نامێنێتەوە و ئەو رۆژە دێت کە دووبارە یاسا حوکمی کار و کردەوەکان دەکات".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500