هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

سوپای عێراقی چاوی لەسەر موسڵە پاش گەیشتنی هێزی پاڵپشت

خالید ئەلتائی

image

تەنکەرێکی سەربازی لافیتەیەکی پێوەیە کە لێینوسراوە 'موسڵ، ئێمە وا بەڕێوەین' و بەرەو سەربازگەیەك دەچێت لە مەخمور، لە باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی وەزارەتی بەرگری عێراق]

دوای رزگارکردنی زنجیرەیەك شارۆچکە و گوند لە باشوری موسڵ لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، هێزەکانی عێراق هێزی پشتگیری دەهێنن تا بەشی سەرەکیی سوپا دەستیان بەتاڵ بێت بۆ گرتنەوەی دووەمین گەورە شاری عێراق.

بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی پۆلێکی نوێی پۆلیس، پێکهاتوو لە سێ فەوجی فریاگوزاری تایبەتی، گەیشتنە بنکەی سەربازی تەقەدوم لە ناوچەی مەخمور لە باشوری موسڵ.

بەوتەی عەمید فیراس، ئەم هێزەی سەربە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا لەماوەی چەند مانگی رابردودا راهێنانیان لە ئاستێکی بەرزدا وەرگرتووە و بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەککراون.

وتی: "ئەو سەرکەوتنانەی لەلایەن هێزەکانمانەوە بەدەستهاتن بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە زۆر گوند و ناوچەی باشوری موسڵ، لەوانە بەمدواییانە رزگارکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی گەیارە و هەوڵی گرتنەوەی ناوچەی گەیارە کە تەنها 60 کیلۆمەتر لە ناوەندی موسڵەوە دوورە، وایکرد هێزی زیاتر بنێردرێت."

وتیشی ئەم هێزەی گەیشتووە، ئەرکی پاراستنی ناوچە ئازادکراوەکان دەگرێتە ئەستۆ تا رێگا خۆشبکات بۆ پێشڕەویی زیاتری یەکەکانی تری سوپای عێراقی.

هەروەها وتی: "هێزەکانمان لە هێرشدان و بڕیاری هێنانی هێزی پشتگیریی زیاتر لەدەست فەرماندی باڵای هێزە چەکدارەکان [حەیدەر عەبادی] دایە کە ئەو رەوتی شەڕ و ئەوە دیاریدەکات کام یەکانە بەشداری بکەن لە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردندا کە بەڕێوەن."

عەمید فیراس وتی ورەی داعش "تەپیوە" و گروپەکە لە حاڵەتی نائومێدیدایە "پاش ئەو شکستە تاڵانەی چەشتوویانە".

وتیشی: "بەرگری تێرۆریستەکان لە لاوازبووندایە و بەشێوەیەکی سەرەکی پشتدەبەستن بە هێرشکردن بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لەلایەن خۆکوژانەوە و هەروەها چاندنی تەقەمەنی لە ماڵان و شەقامەکاندا بۆ رێگرتن لە پێشڕەویمان. بەڵام خۆڕاگریی هێزەکانمان لە پلانەکانی دوژمن پتەوترە و تێکیاندەشکێنین."

سەلامەتکردنی ناوچە ئازادکراوەکان

ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، هاشم بریفکانی، بە مەوتنی وت: "ئەو فەوجانەی گەیشتوونەتە بنکەی سەربازیی مەخمور کرۆکی سەرەتایی هێزەکانی پۆلیسی نەینەوان کە ئەرکی مانەوە و پاراستنی ناوچە ئازادکراوەکان دەگرنە ئەستۆ."

بریفکانی وتی ئەم هێزە نێردرابوو پاشئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا داوای ئەوەی کرد پۆلیسی ناوخۆ رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە رزگارکردنی چاوەڕوانکراوی نەینەوادا.

وتیشی: "پاراستنی خاك هەنگاوی داهاتووە پاش رزگارکردن و ئاڵۆزترین و گرنگترینیشە، چونکە فەرماندەکان پێویستیان بە داڕشتنی پلان و رێوشوێنی ئەمنی و هەواڵگریی نوێ هەیە بۆ پاراستنی ناوچە ئازادکراوەکان دژ بە دزەکردنی دوژمن و گەڕانەوەی دانیشتوانی ئاوارە و مسۆگەرکردنی سەلامەتییان."

هەروەها وتی ئەمە ئەرکێکی ئاڵۆزە کە پێویستی بە هاوکاری هەیە لەنزیکەوە لەنێوان هێزە ناوخۆییەکان و ئەنجومەنی پارێزگا و حکومەتی فیدراڵدا.

بریفکانی ئاماژەشی دا بە پێویستی بە "پڕچەککردنی هێزە ناوخۆییەکان بە چەکی پێشکەوتووی پێویست کە لە ئاستی ئەو ئەرکانەدا بێت کە پێیان دەسپێردرێت".

وتیشی: "داعش رێکخراوێکی تێرۆریستیی دڕندەیە و بەرپەرچدانەوەی مەترسیەکانی پێویستی بە چەکی زۆر باش و کاریگەر هەیە."

ئومێد لە موسڵ لەزیادبووندایە

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست بریفکانی گەیشتوون، داعش لە موسڵ "بەدەست کەمبوونەوەی ژمارەی چەکدارانیەوە دەناڵێنێت، چونکە زۆر لە شەڕکەرەکانی یان کوژراون و برینداربوون یان بەرەو شوێنی نادیار هەڵهاتوون".

وتی: "دەسەڵاتیان بەسەر شارەکەدا لە کزبووندایە."

وتیشی بەشێوەیەکی گشتی هەستێکی دڵخۆشی لەلای خەڵکی موسڵ پەیدابووە بە نزیکبوونەوەی نەمانی دەسەڵاتی داعش.

بەوتەی بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، سەعید مەموزینی، گەیشتنی هێزی پشتگیریی زیاتر "هەنگاوێکی ئەرێنییە کە رزگارکردنی پارێزگاکە خێراتردەکات".

مەموزینی وتی ئەم هەنگاوە هیوای دانیشتوانی موسڵ نوێدەکاتەوە بەوەی "مۆتەکەی تێرۆریزم" بەمزوانە کۆتایی دێت.

وتی: "بارودۆخی داعش لە خراپەوە بەرەو خراپترین دەچێت."

وتیشی: "زۆر لە سەرکردە و ئەندامانی لە موسڵ هەڵهاتوون و جگە لە دۆڕاندنەکانیشی لە بەرەکانی شەڕدا، بەدەست بەرەنگاری و هەڵگەڕانەوەی خەڵکەوە دەناڵێنێت لەدژی ئەو یاسا و رێوشوێنە سەرکوتکەرانەی بەسەریاندا دەسەپێنرێت."

وتی بۆنمونە زۆر کەس رازینابن پارەی سەرانە بدەن یان بەدەم سەربازگیریی زۆرەملێیەوە بچن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

حەشدی شەعبی لەکوێیە؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌