هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دانیشتوانی رەمادی دەگەڕێنەوە پاش تێکشکانی داعش

عەلاء حسێن / بەغدا

منداڵانی ئاوارەی خەڵکی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین لەگەڵ هێزەکانی عێراق ئاهەنگدەگێڕن پاش گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

منداڵانی ئاوارەی خەڵکی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین لەگەڵ هێزەکانی عێراق ئاهەنگدەگێڕن پاش گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

بەرپرسان بە مەوتنی-یان وت لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بۆ رزگارکردنی دورگەی خالیدیە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەرەوپێشەوە دەچن، دانیشتوانی ئاوارەی رەمادی تەنیشتی بە ژمارەی زۆر دەگەڕێنەوە.

رۆژی 2 تەمموز، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئۆپەراسیۆنێکی راگەیاند بۆ رزگارکردنی دورگەکە بە بەشداریی فیرقەکانی 8 و 10 ی سەر بەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار.

هەروەها کەتیبەیەکی دەبابەی سەربە فیرقەی 9 و یەکەکانی تۆپ و ئەندازیاری و هێزە ئاسمانیەکانی عێراق و هاوپەیمانانیش بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد.

قائیمقامی رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، بە مەوتنی وت: "ئێستا ناوەندی شاری رەمادی بەتەواوی سەلامەتە، پاش دەستپێکردن بە رزگارکردنی دورگەی خالیدیە."

عەوسەج وتی ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هێنا بە هەڕەشەکان و ئەو موشەکباران و هاوەنانەی دەوروبەری شارەکەیان کردبووە ئامانج.

وتی باشتربوونی بارودۆخی ئەمنی ژمارەی ئەو خێزانانەی زیادکردووە کە دەگەڕێنەوە بۆ شارەکە.

وتیشی نزیکەی 40,000 خێزانی ئاوارە -- دەوروبەری 300,000 کەس -- لە مانگی نیسانەوە گەڕاونەتەوە بۆ رەمادی.

هەروەها وتی: "ئەوەی بووەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی شەپۆلی تری خێزانە ئاوارەکان، هەندێك کێشەی خزمەتگوزاری و لۆجستیە و لەپاڵیشیدا پەیوەستبوونی خوێندکارە ئاوارەکانە بە قوتابخانەکانی ئەو ناوچانەوە کە پەنایان بۆ بردووە."

وتی رەنگە ژمارەی گەڕاوەکان زیادبکات پاش راگەیاندنی دەرەنجامەکانی دواهەمین تاقیکردنەوەکان، چونکە خوێندکاران ساڵی خوێندنیان لە قوتابخانەکانی دەرەوەی رەمادی تەواودەکەن.

عەوسەج وتیشی رزگارکردنی دورگەی خالیدیە کۆتایی بە بوونی داعش لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەنبار دەهێنێت و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دورگەکە مسۆگەردەکات، کە نزیکەی یەك لەسەر دەی ئاوارەکانی پارێزگاکە پێکدەهێنن.

هێزەکانی عێراق پێشڕەوی دەکەن

جێگری قایمقامی قەزای خالیدیە، ئەحمەد عەبد دولەیمی، وتی ئاوارەکانی قەزاکانی خالیدیە و رەمادی "بەپەرۆشەوە چاوەڕێی پێشڕەویەکانی سوپای عێراقن بەرامبەر داعش تا بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."

دولەیمی بە مەوتنی وت کە تەلەفۆنی زۆر بۆ دەکرێت لەلایەن ئەو ئاوارانەی لە هەولێر و جێگاکانی ترن و پرسیار لە رەوتی شەڕەکان دەکەن بۆ گرتنەوەی دورگەکانی خالیدیە و رەمادی.

وتی: "یەکەکانی سەربە فیرقەی 10 ی سوپای عێراق پێشڕەوی بەدەستدێنن لە بەرەی شەڕدا و تائێستا چەند بەشێکی دورگەی خالیدیەیان گرتۆتەوە."

وتیشی: "بەهەرحاڵ بەهۆی ناوچە بەرینەکانی و قوڵبوونەوەی بەناو بیابانەکەدا، پێویستی بە ناردنی هێزی زیاتری سوپایە بۆ ئازادکردنی هەموو دورگەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆی."

هەروەها وتی دەبێت ئازادکردنی دورگەی خالیدیە هاوشانی دەستپێکردنی شەڕ بێت بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچە بیابانیەش کە بە دورگەی رەمادی ناسراوە تا بەتەواوی دواهەمین مۆڵگەکانی داعش لە ئەنبار تێکبشکێنرێن و لە هەر دەستدرێژییەك بپارێزرێن.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، لیوا روکن ئیسماعیل مەحلاوی، بە مەوتنی وت: "هێزەکانی عێراق توانییان ناوچەی ئەلبوعوبەید رزگاربکەن و بەنیازن هێرش بەرنەسەر ناوچەی زاویە لە دورگەی خالیدیە."

مەحلاوی وتی: "سوپای عێراق هەوڵدەدات دورگەکە بەتەواوی ئازادبکات و ئاڵای عێراق لەسەر بیناکان هەڵبکات، هێڵەکانی پاڵپشتی لە باکور و رۆژهەڵاتی رەمادی سەلامەت بکات و گوڕبداتە شەڕەکانی داهاتوو لە شارۆچکەکانی رۆژئاوای ئەنبار."

وتیشی هەڵمەتی ئازادکردنی دورگەی خالیدیە بەدوای کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی رەمادی و فەلوجەدا دێت کە قەڵا سەرەکیەکانی داعش بوون لە ئەنبار.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ده ست خوش

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌