هەر لەوکاتەوەی دواهەمین گروپەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە رەمادی دەرپەڕێنران لەسەرەتای ئەمساڵدا، هەڵمەتێکی خێرای گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە شارەکەدا دەستیپێکرد.
لەنێوان ئەولەویەتەکاندا گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و کارگەکانی گازی ماڵان و نەوت بوو، ئەرکێك کە بە سەرکەوتویی لەلایەن کارمەندانی ئەندازیاری و تەکنیکیی وەزارەتی نەوتەوە جێبەجێکرا.
بەڕێوبەری کۆمپانیای پڕکردنەوەی گازی نیشتمانی، عەلی جوبەیر عەبودی، وتی: "دوای ئەوەی رەمادی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رزگارکرا، کۆمپانیاکەمان هەموو سەرچاوەکانی خستەگەڕ بۆ چاکردنەوەی دەزگا خزمەتگوزاریەکانی."
عەبودی بە مەوتنی وت: "یەکەم هەنگاومان ناردنی تیمی شارەزا بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە سروشتی زیانەکان و دیاریکردنی ئەولەویاتەکان و پێداویستیەکان و رەوشی کارکردن بۆ دانانی پلانێك بۆ نوێژەندکردنەوە."
وتی نوێژەندکردنەوە لە کارگەی گازی رەمادیەوە دەستیپێکرد کە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی گازی چێشتلێنانە لە ئەنبار و داعش لەکاری خستبوو.
هەروەها وتی: "دوای ئامادەکردنی راپۆرتەکان، تیمە ئەندازیاریەکانمان بەهاوکاری هێزە ئەمنیەکان دەستیانکردە هەڵمەتێکی نوێژەندکردنەوە."
عەبودی رونیکردەوە کە لەوانە چاکردنەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنان و ئامێر و عەمبارەکان و بیاناکانی تەنیشتیان بوو.
وتیشی: "ئێستا کارگەکە گەیشتۆتەوە باڵاترین توانای بەرهەمهێنان کە 15,000 بوتڵی گازی 12 کیلۆییە لە رۆژێکدا."
هەروەها وتی: ئەمەش فشاری لابردووە لەسەر گەڕانەوەی دانیشتوانی رەمادی و ئەوانەی لە کەمپی ئاوارەکانن و پێویستیان بە بوتڵی گازە بۆ چێشتلێنان.
پلان بۆ نوێژەندکردنەوەی زیاتر دانراوە
عەبودی وتی: " بەمزوانە نوێژەندکردنەوەی کارگەکانی تری گاز لە رەمادی و ناوچە رزگاربووەکانی تری ئەنبار تەواودەکەین، لەوانەش کارگەی گازی روتبە کە توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە 4,000 بوتڵی گاز لە رۆژێکدا."
بەڕێوبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتیەکان لە ئەنبار، فەیسەڵ موخلیف، وتی کارگەی گازی رەمادی بەتەواوی کەوتۆتەوەگەڕ و نوێژەندکردنەوەی تەواوبووە.
موخلیف بە مەوتنی وت: "پرۆسەی ناردنی گاز بۆ کارگەکە بەڕێکوپێکی و نەرمی بەڕێوەدەچێت لەڕێگای گواستنەوەی گازەکەوە بە تانکەر لە بەغداوە بۆ کارگەکە تا بکرێتەناو بوڵتە گازەکانەوە و رۆژانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکرێت."
هەروەها وتی وێستگەکانی دابینکردنی بوتڵی گاز و نەوت لە رەمادی چاکراونەتەوە و دەرگایان کراوەتەوە، لەوانە وێستگە نوێکەی رەمادی و وێستگەی ناوچەی 160 کیلۆ و وێستگە سەرەکیە حکومیەکانی هیت و حەدیسە و روتبە.
وتیشی: "کار دەکەین بۆ دابینکردنی پێداویستیەکان و گەیاندنی ئەم بەرهەمانە بەو دانیشتوانەی گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان. هەروەها بەردەوامین لەسەر دابینکردنی بەرهەمە نەوتیە جیاوازەکان بۆ خێزانە ئاوارەکان لە کەمپەکانی ئەنباردا."
رەمادی دەستدەکات بە بوژانەوە
قائیمقامی رەمادی، ئیبراهیم عەوسەج، بە مەوتنی وت کە رەمادی هێواش هێواش لە شەڕ هەڵدەسێتەوە.
وتی خزمەتگوزاریەکانی وەك ئاو و کارەبا دەستیانپێکردۆتەوە و پاکردنەوەی شەقامەکانی شارەکە تەواوبووە.
وتیشی نزیکەی 37,000 خێزان گەڕاونەتەوە رەمادی و هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی تریش بۆ گەڕاوەکان چڕدەکرێنەوە.
هەروەها وتی لەپێش هەموویانەوە بەرهەمە نەوتیەکانن کە "کاریگەرییەکی راستەوخۆیان هەیە بۆسەر ژیانی خەڵك و جوڵەی رۆژانە".
عەوسەج وتی: "ئێستا کارگەی پڕکردنەوەی گازی شارەکە خراوەتەوەگەڕ بە هەوڵی بێوێنەی تیمەکانی وەزارەتی نەوت. ئەم دەزگا خزمەتگوزاریە دەستیکردووە بە دابینکردنی پێداویستیەکانی دانیشتوانی رەمادی و ناوچەکانی دەوروبەری."
وتیشی کارکردن بەردەوامە بۆ نوێژەندکردنەوەی سێ کارگەی گازی ناوەندیی تر لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکە و خستنەوەگەڕی ئەم کارگانە "یارمەتیمان دەدات پێویستییەکانی هەرچی زیاتر خێزانە گەڕاوەکان بۆ بوتڵی گاز دابینبکەین کە بەردەوام لەزیادبووندایە."
عەوسەج وتی: "هەرچی نەوتیشە، بڕێکی زۆر لە عەمبارەکانی باشوری رەمادیدایە و بەسەر دانیشتواندا دابەشدەکرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکانیان کە بەدرێژایی زستان بەردەوام لەزیادبووندا دەبێت."
هەروەها وتی: "دەبێت بەنزینی ئۆتۆمبیلیش بۆ هاوڵاتیان دابینبکەین و کارکردن بەردەوامە بۆ گەڕانەوەی سیمای ئاسایی ژیان لە رەمادیدا."