هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراقیەکان لە پرسەی کوژراوانی کەڕادەدا یەکدەگرنەوە

عەلاء حسێن لە بەغدا

image

دانیشتوانی بەغدا لە شوێنی تەقینەوە کوشندەکەی 3 تەمموز لە کەڕادە کۆبوونەتەوە بۆ هەڵواسینی لافیتەی یادی ئازیزەکانیان. [عەلاء حسێن/ مەوتنی]

عێراقیەکان بە ئایین و نەتەوەی جیاوازەوە هەموو لەوەدا یەکیانگرتۆتەوە کە هەستی هاوکاری دەرببڕن لەگەڵ خێزانەکانی 292 قوربانیی تەقینەوەکەی 3 تەمموزی گەڕەکی کەڕادە لە بەغدا.

ئەم هێرشە کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لێپرسراوێتی خۆی لێ راگەیاند، لەلایەن خۆکوژێکەوە ئەنجامدرا کە پاسێکی پچکۆلەی پڕ لە تەقەمەنی تەقاندەوە لەنزیکی بازاڕێکی قەرەباڵغ لەسەر شەقامی کەڕادەی شەرقی.

تەقینەوەکە لەنێوان دوو بینای بەرزدا روویدا کە لە کاریگەری و هێزی تەقینەوەکەیان زیادکرد، هەروەك شارەزای بواری ئەمنی، عەبدولکەریم خەڵەف بە مەوتنی وت.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئەحمەد رودەینی، وتی ئەم روداوە کە وەسفکراوە بە کوشندەترین تاکە هێرش لە عێراق لەماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، 292 مەدەنی کوشت و زیاتر لە 200 کەسیشی بریندارکرد، کە زۆربەیان گەنج بوون.

وەزیری تەندروستی، عادیلە حەمود، لە بەیاننامەیەکدا رۆژی سێشەممە، 7 تەمموز، وتی هێشتا دەبێت ناسنامەی 177 کەس کە لە تەقینەوەکەدا کوژراون، دیاریبکرێت، لەکاتێکدا تەرمی 115 لە قوربانیەکان دراونەتەوە بە کەسوکارەکانیان.

حەمود وتی چاوەڕوان دەکرێت پڕۆسەی دیاریکردنی ناسنامەی تەرمەکان 15 تا 45 رۆژ بخایەنێت.

حکومەتی عێراق سێ رۆژ پرسەی بۆ قوربانیەکان راگەیاند، لەکاتێکدا سەرۆککۆمار فوئاد مەعسوم رایگەیاند نایەوێت پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی لێبکرێت وەك رێزلێنانێك بۆ شەهیدەکان.

سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانیەکان کرد و سوێندی خوارد سزای ئەو " باندە تێرۆریستیانە" بدات کە بەرپرسیارن.

هەروەها عەبادی زنجیرەیەك فەرمانی دەرکرد بۆ پتەوترکردنی ئاسایشی پایتەخت، لەوانە پەلەکردن لە تەواوکردنی پشتێنەی ئەمنیی بەغدا.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بە مەوتنی وت کە لێکۆڵینەوە دەستیپيکردووە و بەرەوپێشچوونی باشی بەدەستهێناوە.

وتی خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە دۆزراوەتەوە و تۆماری کامێرای چاودێرییش ئەوە پیشاندەدات کە هێرشبەرەکە هەوڵیداوە زووتر بچێتە ناو کەڕادەوە، بەڵام نەیتوانیوە چونکە داخرابوو. هەربۆیەش خولێك دەسوڕێتەوە تا دوای نیوەشەو رێگاکە دەکرێتەوە.

عێراقیەکان یەکدەگرن

لەم کاتەدا عێراقیەکان بە پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە لەسەرتاسەری وڵاتدا یەکیانگرتۆتەوە بۆ دەربڕینی خەم و سەرکۆنەکردنی ئەم تاوانە و ئەوانەی لەپشتینی.

سەرۆکی دیوانی وەقفی سونی، شێخ عەبدوللەتیف حەمیم، لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی بەڵگەیەك بوو بۆ "تێکشکان"ی داعش و "دۆڕاندنی لە بەرەکانی شەڕدا".

نوسینگەی وەقفی شیعەش لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.

تاکەکەسان و شاندی پیاوانی ئایینی جیاواز سەردانی جێگای تەقینەوەکەیان کرد بۆ دەربڕینی هاوکاری و دوعاکردن بۆ قوربانیەکان.

لەوانەش شاندی پیاوانی ئایینی مەسیحی و نوێنەرانی کەمایەتیی یەزیدیەکانی عێراق و مەلا سونی و شیعەکان بوون، لەکاتێکدا لەپاش هێرشەکە سائیبیە مەندائیەکان یادکردنەوە ئایینیەکانی خۆیان راگرت.

شاندی خێڵەکان و نوێنەرانی سەندیکاکانیش سەردانی شوێنەکەیان کرد، لەکاتێکدا سەدان سەردانکەر مۆمیان لەسەر شەقامەکە و ناو بیناکان داگیرساند.

جگە لەمانەش، دەیان لاو لە رەمادی مۆمیان داگیرساند لە شارەکەیاندا، کە ماوەیەك لەمەوبەر لەدەست داعش ئازادکرا، بۆ ئەوەی خەم و پەژارەی خۆیان بۆ قوربانیەکان پیشانبدەن.

لەباشوری وڵاتیش چالاکوانانی ناسریە لەیادی قوربانیەکاندا رێپێوانێکیان سازکرد، لەکاتێکدا لە بەشەکانی تری وڵاتیشدا خەڵک کۆبوونەوە بۆ بەشداریکردن لەو جۆرە گردبوونەوانەدا.

کەسانی تر پەنایان بردە بەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەی قوربانیەکان و ڤیدیۆی تەقینەوەکە و روداوەکانی دوای ئەوەش بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە و کردەوە تێرۆریستیەکانی داعش.

رزگاربووان وەسفی هێرشەکە دەکەن

تەلەفزیۆنە عێراقیەکان پڕن لە چیرۆکی رزگاربووان.

لاوێکی رزگاربووی هێرشەکە کە دەستی سوتاوی بە لەفاف پێچرابوو، وتی: "من لەگەڵ 10 کەسی تر لە دوکانێکدا لە نهۆمی دووەمی بازاڕەکە گیرمانخواردبوو، دەرگا و پەنجەرەکان نەدەکرانەوە و ئاگریش هەموو شتێکی دەسوتاند."

وتی: "چەڕەدوکەڵ و مەرگێکی رەش شوێنەکەی گرتبووەوە و گوێم لێبوو منداڵان دەیانقیژاند تا مردن و پیاوانیش هاواریاندەکرد تا مەرگ هات."

کاتێك باسی هاوڕێکانی کرد کە لە تەقینەوەکەدا مردبوون، دەستیکرد بە گریان.

وتی: "دەتەوێت باسی کێت بۆ بکەم؟ فەهد کە پارەمان بۆ کۆکردبووەوە تا بتوانێت دوای جەژن ژن بهێنێت؟ یان حەسەنی شەرمن کە بەدرێژایی رۆژ گوێت لێنەدەبوو شتێک بڵێت؟ یان حەمودی کە نیازی بوو سێهەم رۆژی جەژن ژنبهێنێت؟"

موسای هەشت ساڵانیش یەکێك بوو لە بریندارەکان کە دەست و قاچی شکابوون و دەموچاوی سوتابوو.

وەک پورێکی وتی، موسا نازانێت دایك و باوك و خوشکەکەی و پوری لەدەستداوە لە تەقینەوەکەداو ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا تەرمەکانیان نەناسراونەتەوە.

پوری موسا وتی: "ئەوەندی خەریکی برینەکانین، هێندەش خەریکی شاردنەوەی راستیەکەین لێی دەربارەی خێزانەکەی."

خێزانەکان لەپرسەدان

لەکاتێکدا رزگاربووان خەریکی برینەکانیانن و لەپرسەی مردوەکاندان، خەڵکی تر لە خەمێکی قوڵدان بۆ لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکانیان.

تەنها چەند خولەکێك دوای ئەوەی ئوم ئەحمەد قسەی لەگەڵ سێ کوڕەکەی کردبوو کە دوکانێکی کەلوپەلی ئارایشیان دەبردبەڕێوە لە کەڕادە، کاتێك هەواڵێك لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن تەقینەوەیەکی راگەیاند لەنزیك بازاڕی لەیس کە ئەوانیش لەوێ کاریان دەکرد.

خاڵیان، رۆژنامەوانی عێراقی فالح جەواری، وتی: "دڵمان داخورپا کاتێك دایکیان تەلەفۆنی کردەوە بۆ منداڵەکانی تا دڵنیابێت سەلامەتن، بەڵام هەموویان تەلەفۆنە مۆبایلەکانیان داخرابوو."

جەواری بە مەوتنی وت: "لەوکاتەدا نەماندەزانی مۆبایلەکانیان لە جەستە جوانەکانیاندا تواوەتەوە لە دڕندانەترین تەقینەوەی تێرۆریستیدا."

وتی ئەحمەد و مەحمود و محەمەد لە تەقینەوەکەدا کوژرابوون.

هەروەها وتی: " تەرمە شێواوەکانیانمان دۆزیەوە و توانیمان مەحمودی 30 ساڵە بە کاتژمێرەکەیدا بناسینەوە و ئەحمەدی 28 ساڵیش بە ملوانکەکەیدا. بەڵام هێشتا چاوەڕێی ناسینەوەی تەرمی محەمەد 32 ساڵانین."

جەواری کە لە پرسەکەیاندا قسەی دەکرد، زۆر بەزەحمەت دەیتوانی ددان بە وشەکانیدا بنێت لە وەسفی بارودۆخی دایکیاندا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500