ئاساییش

لە رێگەیاندا بەرەو موسڵ، هێزەکانی عێراق 'سەرکەوتنی ستراتیژیی' دژی داعش تۆماردەکەن

خالید ئەلتائی

image

ژنێکی عێراقیی کە لەدەست 'دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام' هەڵاتووە ئاو دەدات بە منداڵەکەی. هێزەکانی عێراق توانیویانە بە سەدان دانیشتوی ناوچەکانی ژێردەستی داعش رزگاربکەن. [وێنەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دابینکراوە]

ئەم هەفتانەی دوایی، هێزەکانی عێراق پێشڕەویی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە کشانیاندا بەرەو موسڵ و "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش)یان ده‌ركردووه‌ لە چەند ناوچەیەك بەدرێژایی رێگەیەك کە لە شارۆچكه‌ی بێجی پارێزگای سەڵاحەدینەوە بەرەو باکور دەچێت.

بەرپرسانی عێراق بە مەوتینییان وت، دوای شەڕێکی سەخت، سوپا و هێزە خێڵەکییەکان توانیان کۆنترۆڵی خۆیان فراوان بکەن بەسەر گوندەکانی مەکحول، تەل باج، موجەمەعات، عەینولبەیزا، نەمل، ئەلبو عومێرە، خەلفولعەلی و مەسحەك.

دەستبەسەراگرتنی ئەم گوندانە، کە دەوری شرگاتیان داوە، یارمەتی هێزەکانی سوپا دەدات خێراتر بەرەو موسڵ بجوڵێن.

عەلی موسا، راوێژکاری رۆژنامەوانیی پارێزگاری سەڵاحەدین، وتی فیرقەی 9ی زرێپۆش، شانبەشانی دەزگای دژە-تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ، خۆبەخشە خێڵەکییەکانی شرگات و هێزی ئاسمانیی عێراق و هاوپەیمانان بەشدارییانكرد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.

بە مەوتینی وت، "ئەم هێزانە توانیان دەستبگرن به‌سه‌ر چەندین خاڵ و دوڕیانی گرنگدا لەسەر رێگەی موسڵ-بێجی بەنێو شرگاتدا."

وتی، "پڕۆسەکە هێشتا لە سەرەتادایە." وتیشی، "ئامانجەکە رزگارکردنەوەی تەواوەتیی شرگاتە تاکو ده‌گه‌ینه‌ بنکەی ئاسمانیی گەیارە کە 60 کیلۆمەتر لە باشوری موسڵەوه‌یه‌."

داعش ناچاركراوه‌ كه‌ بكشێته‌وه‌

موسا وتی لە چونیاندا بەرەو باکور، هێزە ئەمنییەکان "توانیان تەواوی بەرگریی چەکدارەکان تێکبشکێنن، ناچاریان بکەن بە کشانەوە."

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لانیکەم 1,300 چەکداری داعش لەکاتی شەڕەکاندا کوژراون.

موسا وتی هێزەکانی عێراق لەکاتی شەڕەکاندا سێ سەرباز و ئەفسەرێکیان لەدەستداوە.

وتی سوپا "300 ئامێری تەقەمەنیی پوچەڵکردۆتەوە و ناکارای کردوون، شەش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویشی تەقاندۆتەوە کە تیرۆرستەکان بەکاریاندەهێنان لە هەوڵدانیاندا بۆ بەرگرتن لە پێشڕەویی هێزەکانمان."

وتیشی نزیکەی 300 خێزان لە ناوچەی جەنگ وەدەرنران و گوێزرانەوە بۆ داڵدەیەکی ئارام نزیك بە پاڵاوگەی بێجی.

موسا وتی، "هەندێ خێزان لە خانەیەکی هەڵگرتنی دانەوێڵەی بێجی جێگیرکران،" بە ئاماژەکردن بەوەی دۆخی خێزانەکان خراپ بوو، "چونکە ناچارکرابوون لە ناوچەکانی خۆیان بەپێ لەژێر گەرمای خۆردا هەڵبێن."

پشتگیریی خێڵەکیی

شێخ سەباح ئەلشەمەری، فەرماندەی خۆبەخشە خێڵەکییەکان لە سەڵاحەدین وتی، "چەکدارە خێڵەکییەکان پشتگیریی بێوێنەیان پێشکەشکردووە لە پێشڕەویی هێزەکاندا و بەشدارییانکردووە لە ئازادکردنەوەی زۆربەی ئەو گوندانەی دەوری شاری شرگات دەدەن، کە لەسەر ئەو هێڵی گواستنەوەیەیە کە بەرەو موسڵ دەچێت."

بە مەوتینی وت، "هێزە بەشدارەکانمان لە ئێستادا لەسەر رێگایەك جێگیرکراون کە بەرەو ناوەندی شرگات دەچێت."

وتی، "ئێمە ئامادەین تا داعش لە شارەکە دەربکەین و باڵەکانی پشتەوەی یەکە سەربازییەکان بپارێزین کە بۆ رزگارکردنی گەیارە و بنکە ئاسمانییەکەی دەچن."

شەمەری وتی، ئه‌وه‌نده‌ نزیكبونه‌ته‌وه‌ له‌ شرگات كه‌ له‌ حوكمی ته‌قه‌یاندایه‌ و گەڕاندنەوەشی لە ئانوساتدایە له‌گه‌ڵ چڕبوونەوەی گەمارۆی سەر داعش و تێکشکانی گروپەکەدا.

وتی، "چەکدارانمان لە شرگات و خۆبەخشەکانمان لە باکوری سەڵاحەدین ئامادەن، بە ورەیەکی بەرزەوە، تا هەماهەنگیی هێزەکانی سوپا و پۆلیس بکەن بۆ ئەوەی ناوچەکانیان لە چەتە تیرۆرستەکان پاکبکەنەوە."

شەمەری وتی سوپای هاوپەیمانان بەشدارییان کردووە لە زیاتر "پێشڕەویكردنی ئۆپەراسیۆنەکان بە لێدانی ورد کە کاروانی تیرۆرستان و قەڵاکانیانیانی کردبووە ئامانج."

'سەرکەوتنی ستراتیژیی'

حەردان لەفتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەستکەوتەکانی سوپای عێراقی لە ناوچەكانی باکوری پارێزگاکە بە 'سەرکەوتنی ستراتیژیی' لەقەڵەمدا.

وتی، "ئەو ناوچانەی لەم ئۆپەراسیۆنانەی دواییدا ئازادکراون دەبنە بنکەیەکی پێشڕەویی بۆ جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکان و کۆکردنەوەیان."

وتی لێرەوە، یەکەکان بە دوو ئاراستەدا دەڕۆن -- لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو کەرکوك، کە لەوێوە بەشداریی لە رزگارکردنەوەی حەویجە و گوندەکانی دەوروبەرییدا دەکەن، لە باکوریشەوە بەرەو گەیارە و شاری موسڵ.

لەفتە وتی ئەگەری سەرکەوتنێکی خێرا لەم شەڕانەدا هەیە، چونکە تواناکانی داعش "هەرەسدەهێنن."

وتی، "چیتر توانای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان و رێگرتن لە هێزەکانمانیان نەماوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)