هه‌واڵه‌كانی عێراق

رزگارکردنی فەلوجە "گورزێکی داپڵۆسێنەر" لە داعش دەوەشێنێت

خالید ئەلتائی

هێزەکانی عێراق لەم شارەی پارێزگای ئەنبار وێنەدەگرن پاش رزگارکردنی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆری عێراقی]

هێزەکانی عێراق لەم شارەی پارێزگای ئەنبار وێنەدەگرن پاش رزگارکردنی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆری عێراقی]

سوپای عێراق لە 26 حوزەیران دەسەڵاتی تەواوی بەسەر فەلوجەدا کێشایەوە پاش دەرپەڕاندنی دواهەمین پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە گەڕەکەکانی.

گرتنەوەی ئەم شارەی پارێزگای ئەنبار "گورزێکی داپڵۆسێنەر بوو لەم گروپە کە لەو باوەڕەدا نەبوو شارەکە لەدەستبدات و تا دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی لەوێدا بهێڵێتەوە،" فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی وتی.

ساعدی بە مەوتنی وت: "شاری فەلوجە گرنگیەکی رەمزی و ستراتیژیی هەبوو بۆ داعش، چونکە یەکەم جێگابوو کەوتە دەست گروپەکە، پێش پەلاماردانی موسڵ لە حوزەیرانی 2014."

وتی بەدرێژایی ماوەی داگیرکردنی شارەکە، ئەم گروپە بەکاریدەهێنا وەك خاڵێك لێوەی هەڕەشە لە ئاسایشی بەغدا بکات و خۆکوژ و ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان و بۆمبە دەستکردەکان بنێرێتە ئەوێ.

وتیشی ئەندامانی داعش لە فەلوجە دڕندانەترین کوشتار و پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان ئەنجامدەدا.

هەروەها وتی: "ئەمڕۆ بە هەوڵ و لەخۆبوردەیی سەربازە ئازاکانمان، شارەکە بەتەواوی لە گڵاویی تێرۆریزم ئازادکراوە و تێرۆریستان تەنانەت یەک بستیشیان لە خاکەکەی لەدەستدا نەماوە."

ئۆپەراسیۆنێکی باش پلانکراو

ساعدی وتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فەلوجە زیاتر لە مانگێکی خایاند و بە دوو قۆناغ ئەنجامدرا.

لە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی عێراق لە هەموو لایەکەوە دەوری شارەکەیان گرت و دەوروبەرەکەیان سەلامەتکرد.

وتی: "هەموو یەکە چەکدارەکان بەبێ جیاکاری بەشدراییان لەم قۆناغەدا کرد."

وتیشی: " لە قۆناغی دووەمدا رژاینە ناو شارەکەوە و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن کە بە دەزگای دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی سپێردرابوو، لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێك دەجوڵان" و لە چەکدارانی داعش پاکیان دەکردنەوە.

هەروەها وتی: "لەگەڵ هەر پێشڕەوییەکدا، لەپێش هەموو شتێکەوە خەمی ئەوەمان بوو چۆن ئەو مەدەنیانەی لە شارەکەدا گیریان خواردبوو رزگاربکەین و سەلامەتییان مسۆگەربکەین. ئەوەبوو توانیمان هەموویان لە شارەکە دەربازبکەین بەبێ زیانێکی زۆر."

وتی زیاتر لە 1,800 چەکداری داعش کوژران لەوکاتەوەی هەڵمەتی رزگارکردنی فەلوجە لە 22 لەسەر 23 ئایار دەستیپێکرد و زیاتر لە 80 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویش تێکشکێنران.

ساعدی وتی هێزەکانی عێراق دەستیانگرت بەسەر کارگەی دروستکردنی بۆمب و ئەو فەرماندەیی و ژوری عەمەلیاتانەی لەلایەن داعشەوە بەکاردەهێنران.

پاکردنەوەی مین و تەقەمەنی

بەوتەی ساعدی ئەو هێزە عێراقیانەی لە ئۆپەراسیۆنی فەلوجەدا بەشداربوون لە ئێستادا خەریکی پاکردنەوەی ئەو هەزاران بۆمبە دەستکردەن کە داعش لە شەقام و ماڵەکانی شارەکەدا چاندوونی.

وتی: "تا ئێستا نیوەی کارەکەمان تەواوکردووە. رەنگە لەماوەی چەند رۆژێکدا هەموو بۆمبە دەستکردەکان لابەرین و پوچەڵیان بکەینەوە."

قایمقامی فەلوجە، عیسا سایر، بە مەوتنی وت: "پلانی ئۆپەراسیۆنی فەلوجە ئامانجەکانی خۆی بەدەستهێنا و هەموو گەڕەکەکانی شارەکە گیرانەوە."

سایر وتی گەڕەکەکانی جۆلان، نەزال، موعەلیمین و شورتە دواهەمین گەڕەك بوون لەدەست ئەم گروپە رزگاربکرێن.

وتی: "تیمەکانی ئەندازیاریی سەربازی خەریکی پوچەڵکردنەوەی مینەکانی داعشن کە بە ژمارەی زۆر لەسەر شەقامەکان و ناو بینا حکومیەکان و ماڵاندا دەیاندۆزنەوە."

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە هێزە رزگارکەرەکان لە 27 حوزەیراندا تەقەمەنیەکانیان لە 38 ماڵ و قوتابخانە و دوو مزگەوت و وێستگەیەکی ئاو لابرد. هەروەها 717 بۆمبی دەستکردیان لە شوێنی جیاوازی شارەکە تەقاندەوە.

سایر وتی: "پاکردنەوەی شارەکە لە تەقەمەنی و پاشماوەی شەڕ تەحەدایەکی نوێیە روبەڕوی هێزە ئەمنیەکانمان دەبێتەوە، پێش دەستکردن بە چاکردنەوەی ژێرخان و گێڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان و گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەکان."

سایر وتی دەزگا و خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە فەلوجەدا بەسەختی زیانمەند نەبوون، بەوتەی بەرپرسانی ناوخۆ ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە "خێراکردنی هەوڵەکان بۆ ئارامکردنەوە و گەڕانەوە ژیانی ئاسایی بۆ شارەکە".

راوەدونانی چەکدارانی هەڵاتوی داعش

ئەندامی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات عەیفان، وتی پاش رزگارکردنی شارەکە، فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق و هاوپەیمانان ئەو چەکدارانەی داعشیان کردە ئامانج کە لە فەلوجە هەڵدەهاتن بەرەو شارۆچکەی حەسی لە باشوری رۆژئاوای شارەکە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرپرسانی عێراقی وتویانە سەدان ئۆتۆمبیل تێکشکێندراون و دەیان چەکداری داعش کوژراون لە بۆردومانەکانی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا (29 و 30 حوزەیران).

وتەبێژێکی هاوپەیمانان وتی کە فڕۆکەکانیان لانیکەم 175 ئۆتۆمبیلی داعشیان تێکشکاندووە و لەکاتێکدا کە بۆردومانی دوو کۆمەڵە ئۆتۆمبیلیان کردووە لە باکوری رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای شارەکە.

وتەبێژەکەی وتی: "دەزانین هێزە ئەمنیەکانی عێراقیش زیاتریان تێکشکاندووە."

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند هێزە ئاسمانیەکان 96 ئۆتۆمبیلیان تێکشکاند و "گروپێکی گەورە" لە چەکدارانیان کوشت، لەهەمانکاتدا هێزی فڕۆکەوانی سوپاش 507 ئۆتۆمبیلیان تێکشکاند و "دەیان" لێ کوشتن.

لەکاتێکدا فەرماندەییەکە ژمارەی تەواوی کوژراوانی داعشی لە هێرشە ئاسمانیەکانی عێراقدا بەدەستەوە نەدا، وتی بۆردومانەکانی هاوپەیمانان 349 چەکداریان کوشتووە.

عەیفان وتی: "هێزەکانمان توانییان ئەندامانی داعش داپڵۆسن."

هەروەها بە مەوتنی وت کە ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە تێکشکێنراون "چوار هەمەر و بلدۆزەرێکی بۆمبڕێژکراویان تیادابووە، جگە لە ئۆتۆمبیلی ساڵۆن و پیکاب کە دۆشکەیان لێبەسترابوو".

عەیفان وتی هەڵمەت دژی داعش "بەردەوام دەبێت تا لەناوبردنی چەکداران لە ناوچەکە و ناوچەکانی ئەلبو عەلوان و ئەلبو عەیفان".

وتیشی ئەو ناوچانە بە قەڵاکانی داعش لە رۆژهەڵاتی ئەنبار هەژماردەکرێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500