هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هێزەکانی عێراق لە فەلوجە زیندانی نهێنی داعش دەدۆزنەوە

عەلاء حسێن / بەغدا

پۆلیسی عێراقی ئەو زیندانانە دەپشکنن کە بەمدواییانە لە فەلوجە دۆزراونەتەوە دوای ئەوەی هێزە ئەمنیەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بەرپاکرد بۆ ئازادکردنی شارەکە لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

پۆلیسی عێراقی ئەو زیندانانە دەپشکنن کە بەمدواییانە لە فەلوجە دۆزراونەتەوە دوای ئەوەی هێزە ئەمنیەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بەرپاکرد بۆ ئازادکردنی شارەکە لە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

بەوتەی بەرپرسان، ئەو هێزە عێراقیانەی بەشدارییان کرد لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فەلوجە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، بەڵگەی نوێیان دۆزیوەتەوە دەربارەی دڕندەیی ئەم گروپە لە هەر گەڕەکێك چوبێتە ناوی.

لە نیویاندا زیندانی نهێنی کە ئامرازی ئەشکەنجەدانی جەستەیی تیادا بەبەکارهێنراوە و هەروەها کارگەی دروستکردن و بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیل و موشەك و بۆمبی دەسکرد.

هێزە هاوبەشەکانی دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی رۆژی یەکشەممە، 26 حوزەیران، رایانگەیاند کە کۆتاییان بەو ئۆپەراسیۆنە مەزنە هێناوە بۆ رزگارکردنی فەلوجە کە لە 22 ئایار دەستیپێکرد.

لە تێپەڕبوونیاندا بەناو گەڕەکەکاندا، پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاند کە هەندێك ماڵیان دۆزیوەتەوە داعش کردبوونیە زیندانی نهێنی و "دادگای شەرعی" و هەندێك ماڵیش کرابوون بە کارگەی دروستکردنی تەقەمەنی.

ئەندامێکی نوسینگەی راگەیاندنی پۆلیسی فیدراڵی، ملازم ئەوەل مەروان مستەفا، بە مەوتنی وت: "هێزەکانی عێراق زیاتر لە زیندانێکی نهێنییان لەناو ماڵاندا دۆزیوەتەوە لە گەڕەکەکانی نەزال و ریسالە و نزیکی پردی ئاسنین."

وتیشی: "هەر زیندانێك جۆرێکی جیاواز لە قەفەسی پۆڵایینی تێدابوو."

وتی زیندانەکان بەجیا تەرخانکرابوون بۆ خەڵکی فەلوجە و ئەو ئەندامانەی لە گروپەکە هەڵگەڕابوونەوە، یان بۆ ئەندامانی دەستگیرکراوی هێزە ئەمنیەکانی عێراق کە داعش بە "مورتەد" (هەڵگەڕاوە لەئاینی ئیسلام) ناویان دەبات.

هەروەها وتی: "هەر زیندانێك ئامرازی جۆراوجۆری تێدایە بۆ ئەشکەنجەدان و ئیهانەکردنی زیندانیەکان، بەڵام یەکێك لەو مێتۆدانەی لە زۆربەی ئەو زیندانەنەدا سەرنجدراوە، قەفەسێکی پچوکە بەرزیەکەی تەنها یەك مەترە و یەك زیندانیی تیادا جێگادەبێتەوە کە دەبێت بە چوارمشقی دابنیشێت و ناتوانێت بەپێوە بوەستێت."

ئەم ئەفسەرە وتی هێزە رزگارکەرەکان ژوری بە بەرد دروستکراویشیان دۆزیوەتەوە کە بۆ زیندانکردنی ئینفیرادی بەکارهێنراوە و هەروەها ژوری زیندانی بەکۆمەڵ کە دەرگای ئاسنینی پتەویان هەیە.

وتیشی: "لەتەنیشت هەر زیندانێكەوە خانویەکی تر هەیە لەناو هەمان ماڵدا یان لە ماڵێکی تەنیشتیدا کە وەك 'دادگای شەرعی' بەکارهاتووە و حوکمەکانیان تیادا دراوە."

هەروەها وتی ئەو بەڵگانەی لەم بەناو دادگایانەدا دۆزراونەتەوە، خراونەتە بەردەست بەرپرسانی عێراقی تا بەکاربهێنرێن وەك "بەڵگەی تاوان دژی ئەندامانی رێکخراوەکە".

'هەناردەکەرانی مەرگ'

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی، سامی مەسعودی، بە مەوتنی وت: "ئەو نیشانانەی مەرگ و تۆقاندن کە لەپاش داعش لە فەلوجە بەجێماون هەر تەنها زیندانی نهێنی و گۆڕی بەکۆمەڵ نیین. ئەوان کارگەی گەورەی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی دەستکردیشیان بەجێهێشتووە کە مەرگیان هەناردەکردووە بۆ شار و پارێزگاکانی تریش لە عێراق."

مەسعودی وتی: " لە هەر گەڕەك و کۆڵانێکدا داعش زیندان یان کارگەیەکی دروستکردن و عەمبارکردنی تەقەمەنی و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی بەجێهێشتووە. لە هەموو جێگایەك لە فەلوجە مەرگیان چاندووە."

وتیشی: "هەر تەنها زیندانە نهێنیەکان بەشێك نیین لە واقعیەتی تۆقێنەری ئەم رێکخراوە." بەڵکو ئاماژەشی بەوە دا کە بەمدواییە چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، تەرمی قوربانیانی ئەو جۆرە زیندانانەی داعشیان تیادایە لە سەقڵاویە و شوهەدا و هەیاکل.

هەروەها وتی: "سەرمانسوڕما کاتێك لە پشکنینی گەڕەکەکاندا کۆمەڵگەیەکی گەورەی دروستکردنی تەقەمەنیمان لەنزیك خەستەخانەی گشتیی فەلوجە دۆزیەوە."

وتی کۆمەڵگەکە بەکارهێنرابوو بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و چەکی نیشانگر و کەرەسە و ئامێری ئاڵۆزی تیادابوو. هەروەها لە عەمبارەکانی تەنیشتیشیدا پێکهاتەی تەقەمەنی بەهێزی وەک تی ئێن تی و ماددەی سی فۆر (C-4) هەڵگیرابوو.

وتیشی: "ئەم کۆمەڵگەیە و کارگەی تریش بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکاردەهاتن بۆ هەناردەکردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی دەستکرد بۆ بەغدا و شارانی تری ئارام لە ناوەڕاست و باشوری وڵات."

وتی ئەو بەڵگانەی لە فەلوجە دۆزراونەتەوە و پەیوەندییان بە بونیادی رێکخراوەیی داعشەوە هەیە، ئەوە پیشاندەدەن کە سەرکردەکانی گروپەکە لەم شارەدا سەرپەرشتی شانەکانیان کردووە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق و ئەو تەقەمەنیانەیان بۆ ناردوون کە لە شارەکەدا دروستدەکران.

قائیمقامی فەلوجە، عیسا عیساوی، بە مەوتنی وت بەوە دڵخۆشە کە هێزە ئەمنیەکان دەستیانگرت بەسەر زیندان و کارگەکانی داعشدا پێشئەوەی گروپەکە بتوانێت بەکاریانبهێنێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر دژ بە مەدەنیە بێگوناهەکان.

عیساوی وتی: "ئەمڕۆ فەلوجە لە دەست زەبری باندێك رزگاریبووە کە بە ئاسن و ئاگر حوکمی دەکرد و خەڵکە بێتاوانەکەی دەکوشت و مافەکانیانی پێشێلدەکرد پێشئەوەی عێراقیەکانی تریش بکوژێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500