هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات لە هەڵمەتی کشان بەرەو موسڵ

علاء حسين / بەغدا

ئۆتۆمبیلێك ئاڵایەکی پێوەیە لەسەری نوسراوە "وا هاتین ئەی موسڵ" لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق ئامادەباشی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شارەکەدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئۆتۆمبیلێك ئاڵایەکی پێوەیە لەسەری نوسراوە "وا هاتین ئەی موسڵ" لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق ئامادەباشی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شارەکەدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

بەگوێرەی بەرپرسانی عێراقی، هێزە هاوبەشەکان قۆناغێکی نوێیان دەستپێکردووە لە پێشڕەویدا بەرەو موسڵ لەبەری باشورەوە و ئامادەبوونیان لە دەوروبەری شارەکە پتەوتر دەکەن.

وەزیری بەرگری، خالید عوبەیدی، رۆژی شەممە، 18 حوزەیران، دەسپێکی "دووەم قۆناغی ئازادکردنی نەینەوا"ی راگەیاند کە بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس مەبەست لێی گرتنەوەی گیارەیە بۆ ئەوەی لێوەی هێرش بکەنەسەر موسڵ.

گیارە کە فڕۆکەخانەیەکی لێیە، نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشوری موسڵە و کەوتۆتە سەر روباری دیجلە لەلای مەخمورەوە کە هێزەکانی عێراقی تیادا کۆبوونەتەوە.

بەوتەی بەرپرسانی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەو هێزانەی لە باشورەوە بە کەناری دیجلەدا لە پێشڕەویدان، رۆژی شەممە خۆیان رێکخستەوە تا ئامادەبن بۆ شەڕی دەرپەڕاندنی داعش.

لەکاتێکدا هەوڵە سەربازیەکان خێراتر دەبزوێن، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە مەوتنی وت کە پلانێکیان داڕشتووە بۆ لەخۆگرتنی شەپۆلێکی چاوەڕوانکراو لە مەدەنییە ئاوارەکان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە.

پاڵپشتیە سەربازیەکان لەئامادەباشیدان

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان یەکەمین قۆناغی هێرشەکەی لە 24 ئازار راگەیاند و دواتر رایگرت تا هێزی پاڵپشتی زیاتر بگەنە جێ.

هێزە سەربازیە پاڵپشتەکان لە سەربازگەی تاجیەوە لە بەغدا بەڕێکەوتن بۆ پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵیشیاندا عوبەیدی و چەندین ئەفسەری باڵای عێراقی و لەوێشەوە کەوتنەڕێ بەرەو مەخمور.

بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی یەکەمین پۆل لە فیرقەی نۆی زریپۆش کە لیوای 37 ی پیادەی بوو، گەیشتە مەخمور و پەیوەندیی کرد بە فەرماندەییەکەوە.

ئەم ئەفسەرە بە مەوتنی وت کە ئەمەش پشتگیرییەکە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکە و یارمەتی چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەدات بۆ رزگارکردنی گوندەکانی دەوروبەری موسڵ وەك ئامادەکارییەك بۆ هێرشکردنە سەر شارەکە.

وتی: "هەموو ئەو هێزە عێراقیانەی لە دەوروبەری موسڵ دامەزراون و بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن لە ئاستێکی بەرزدا راهێنانی سەربازییان وەرگرتووە لەلایەن شارەزایانی عێراقی و هاوپەیمانانەوە."

وتیشی کە شەڕی رزگارکردنی نەینەوا پەیوەندیی بە شەڕی فەلوجەوە نیە و کە ئەو هێزانەی بەرەو موسڵ دەجوڵێن جیاوازن لەوانەی ئەرکی رزگارکردنی فەلوجەیان گرتۆتە ئەستۆ.

هەروەها وتی سوپای عێراقی توانای بەڕێوەبردنی هەردوو شەڕەکەی لە یەك کاتدا هەیە.

پلانێك بۆ ئاوارەکان

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، داود جوندی، بە مەوتنی وت کە ئەنجومەنەکە پلانێکی سەرتاسەریی ئامادەکردووە بۆ داڵدەدانی شەپۆلێك لە ئاوارەی مەدەنی کە چاوەڕێدەکرێت لەگەڵ شەڕی رزگارکردنی موسڵ سەرهەڵبدات.

جوندی وتی ئەم پلانە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان داڕێژراوە بۆ رێکخستنی هەوڵەکان بۆ داڵدەدانی ئاوارەکان و دابینکردنی خواردن و پەناگە بۆیان.

هەروەها وتی: "چاوەڕێ ناکرێت ژمارەیەکی زۆر لە خەڵك لە شارەکە هەڵبێن" و ئاماژەی بەوە دا کە "ئاوارەبوون تەنها لەو جێگایانەوە دەبێت کە نزیکی شەڕن".

وتیشی هێزە ئەمنیەکان پارێزگاری لە مەدەنیە هەڵهاتووەکان دەکەن و رێگای دەربازبوونی سەلامەتیان بۆ دەکەنەوە.

بەوتەی جوندی، رەنگە شەڕی رزگارکردنی موسڵ بەئاسانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، چونکە "بەپێی ئەو زانیاریە هەواڵگریانەی لە موسڵەوە دێن، داعش بەدەست شەڕی ناوخۆیان و نزمیی ورەی شەڕکەرەکانیەوە دەناڵێنێت و دانیشتوانی شارەکەش دژایەتییان دەکەن".

شێخ میقداد فارس، سەرۆکی خێڵی سەبعاویین کە لەپاڵ هێزەکانی عێراقدا شەڕدەکەن، بە مەوتنی وت: "ئەم شەڕی ئازادکردنە چارەنوسساز و سەخت دەبێت."

شێخ فارس وتیشی سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانان رۆژبەڕۆژ جێ بە داعش زیاتر تەنگ دەکەن.

هەروەها وتی سوپای عێراقی و هێزە خێڵەکیەکان لەنزیکی گەیارە لە باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ جێگیربوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500