هه‌واڵه‌كانی عێراق
میدیا

'سوپای ئەلیکترۆنی' عێراق لەسەر ئینتەرنێت رووبەڕووی داعش دەبێتەوە

خالید ئەلتائی

رۆژنامەوانانی عێراقی لە ژورێکی هەواڵدا کاردەکەن. چەندان رۆژنامەوان و چالاکوان روبەڕووی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەبنەوە و پڕوپاگەندەکانیان لەسەر ئینتەرنێت رەتدەکەنەوە. [خاوەنی وێنە: خانەی راگەیاندنی عێراقی]

رۆژنامەوانانی عێراقی لە ژورێکی هەواڵدا کاردەکەن. چەندان رۆژنامەوان و چالاکوان روبەڕووی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەبنەوە و پڕوپاگەندەکانیان لەسەر ئینتەرنێت رەتدەکەنەوە. [خاوەنی وێنە: خانەی راگەیاندنی عێراقی]

لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ بۆ گرتنەوەی فەلوجە لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) چالاکوانانی عێراقی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پشتگیری خۆیان لە هێزە رزگارکەرەکان دەردەبڕن.

وەك سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەوانان، ئیبراهیم ئەلسەڕاجی، بە مەوتینی وت، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەکۆیەکی تریان پێکهێناوە بۆ شەڕ دژی داعش و عێراقیەکان بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانەوە پشتگیری لە هەوڵ و تیکۆشانە سەربازیەکان دەکەن.

سەڕاجی وتی ئەمەش "پشتگیریەکی میللی پڕبایەخ"ی بۆ هێزە ئەمنیەکان دابینکردووە و پەیامێکیشە بۆ دونیا کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراقی لەپشت سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبین.

وتیشی: "ئەمڕۆ سوپایەکی ئەلیکترۆنی گەورەمان هەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لەخۆدەگرێت."

هەروەها وتی: "هەموو لەسەر یەك ئامانج یەکین، ئەوەش هاوکاریکردنی هێزە ئەمنیەکانە. گەر بواری بەشداریکردنت لە بەرەکانی شەڕدا نیە، دەست لە هیچ مەگرەوە بۆ پشتگیریکردنی سوپاکەت لەسەر ئینتەرنێت، ئەگەر بە تەنها وشەیەکیش بێت."

دەستگەیشتن بە جەماوەرێکی جیهانی

سەڕاجی وتی بلۆگەر و چالاکوانە عێراقیەکان توانیویانە لەڕێگای هاشتاگەوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تردا بکەن و راستیی بارودۆخەکەیان تێبگەیەنن.

لەو هاشتاگانەی برەویان زۆرە ئێستا بە عەرەبی ئەمانەن: #فەلوجە_رزگارکرا، #فەلوجە_رزگارکەرن_دەستدرێژکەر نین، #داڕژانەناو_فەلوجە، #ئێوە_شانازیمانن، #هەموو_لەگەڵتانین.

سەڕاجی وتی: "هەندێك ئەکاونتی ئینتەرنێت کە پشتگیری لە تێرۆریزم دەکەن، وێنە و ڤیدیۆی ساختە بڵاودەکەنەوە و کۆمێنت دژ بە هێزەکانمان دەنوسن و راستیەکان دەشێوێنن تا هەوڵبدەن خەڵک گومڕابکەن و ئەم شەڕە وا پیشانبدەن کە دژ بە بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵگایە نەک دژ بە داعش."

وتیشی: "هاشتاگەکان ئەو هەلەیان بە ئێمە داوە تا هەندێك بیرۆکەی سواو راستبکەیەنەوە و زۆر لە دونیابینیەکان بگۆڕین لە ڕێگەی گفتوگۆوە، بە پشتبەستن بە وێنە و ڤیدیۆی راستەقینە و چیرۆکە مرۆییەکان لە بەرەکانی شەڕەوە. لەو باوەڕەشدام لەمەدا سەرکەوتوو دەبین."

هەروەها وتی: "شەڕەکەمان لەگەڵ داعش شەڕێکی جیهانییە و پێویستە خەڵك و حکومەتەکانی دونیا پشتگیریمان بکەن، چونکە تێرۆریزم نوێنەرایەتی تەنها یەك گروپ لە خەڵك یان ئاینێك ناکات و هیچ سنورێکیش ناناسێت."

چالاکوان و رۆژنامەوان وەلید ئەلتائی بە مەوتینی وت کە ژمارەیەک هاشتاگی لەسەر لاپەڕەکانی فەیسبوك و تویتەری رۆژنامەکەی پۆستکردووە و داوای لە خەڵك کردووە "پشتگیری لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بکەن و بەشداری لە بەرزکردنەوەی ورەی جەنگاوەرەکاندا بکەن".

تائی وتی هاشتاگەکان کۆمەڵێك سەرنج و تێبینی باشیان بەدەستهێناوە لە لایەن هاوڵاتیانەوە کە خۆشەویستی و دڵسۆزی خۆیان دەردەبڕن بۆ نیشتمانەکەیان و پاراستنی یەکێتی خاکەکەی.

وتیشی زۆرێك لەو پۆستانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم شەڕە لەگەڵ داعش چارەنوسسازە و دەبێت سەرکەوتن بەدەستبێت.

هەورەها وتی: " دەستمانکردووە بە بەدواداچوونی سەرکەوتنەکانی هێزەکانمان لە فەلوجە و بەرەکانی تری شەڕ و بڵاوکردنەوەی راپۆرت دەربارەی شەڕەکان لەسەر سایتەکەمان خولەک بە خولەک، بە دەق و دەنگ و وێنە."

'هەمان بەرپرسیارێتیەکانی سەربازان'

تائی وتی زۆر لە چالاکوان و بلۆگەر و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ئەو ئەرکەیان خستۆتە سەر شانی خۆیان تا رێگا لە داعش بگرن تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی گومان و پڕوپاگەندە بۆ کارکردنەسەر بیروڕای جەماوەر و شێواندنی راستیەکان.

هەروەها وتی: "ئێمەش هەمان بەرپرسیارێتی سەربازەکانمان هەیە لە شەڕدا و هیچ بواری ئەوە نەماوە بەجێهێنانی ئەرکەکانمان پشتگوێ بخەین. وڵاتەکەمان پێویستی بە هەموومانە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی داعش و ئەوانەی پشتگرییان دەکەن بۆ شێواندنی راستی."

بلۆگەر و چالاکوان، مازی ئەلحوسەینی، کە رێکخراوی قیسارەی ئاڵتونی (القيثارة الذهبية) بۆ رۆژنامەوانی و میدیا دەبات بەڕێوە، بە مەوتینی وت چەندان هاشتاگ و وتاری دەربارەی شەڕی دژ بە داعش لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکردۆتەوە.

حوسەینی وتی: "لەم پۆستانەدا قسە لەسەر پێشڕەویەکان دەکەین لە شەڕەکانی ئێستادا بۆ لەناوبردنی تێرۆریستان لە فەلوجە، هەروەها دەربارەی هەموو ئەو داستانە قارەمانانەی لە لایەن سەربازەکانمانەوە تۆماردەکرێن لە روبەڕوبەنەوەی دوژمن و رزگارکردنی ئەو مەدەنیانەی لەوێ گیریان خواردووە."

وتیشی: "من هەوڵمداوە لە ڕێگەی ئەو ئامرازە میدیاییانەوە کە لە ئێستادا لەبەردەستدان وێنەیەکی تەواو پێشکەش بە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بکەم و بەرەنگاری پڕوپاگەندە و هەوڵەکانی داعش ببمەوە بۆ بەئەنقەست هێرشکردنە سەر ئابڕوی هێزە ئەمنیەکانمان و تێکۆشانیان."

هەروەها وتی قیسارەی ئاڵتونی بەرنامە و سیمینار سازدەکات بۆ لاوان تا گفتوگۆ لەسەر شێوازەکانی خەبات دژی ئایدیۆلۆژیا و پڕوپاگەندەی داعش بکەن و جەختیشی کرد لەسەر گرنگی "خستنەگەڕی هەموو هۆکانی راگەیاندن و هۆشیاریی جەماوەری بۆ بەشداریکردن لە شەڕدا دژ بە تێرۆریزم."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500