هێرشه ئاسمانییه‌كانی روسیا له باكوری خۆرئاوای سوریا له شه‌ودا بوونه هۆی كوشتنی پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن، یه‌كه‌مین قوربانی له‌وكاته‌وه‌ی مۆسكۆ له 31 ئاب ئاگربه‌ستی رایگه‌یاند، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشه‌ممه (11 ئه‌یلول) رایگه‌یاند.
ئاگربه‌سته‌كه، كه بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانی چه‌ندین مانگه‌ی حكومه‌تی سوریا و روسیای هاوپه‌یمانی له پارێزگای ئیدلیب راوه‌ستاند، به‌رده‌وامبوو سه‌رباری چه‌ند مانۆڕێكی سه‌ربازیی زه‌مینی.
به‌گوێره‌ی رێكخراوی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، سێشه‌ممه روسیا یه‌كه‌مین هێرشی ئاسمانیی له ناوچه‌كه ئه‌نجامدا له‌وكاته‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه رایگه‌یاندراوه.
رێكخراوه‌كه رایگه‌یاند كه بۆردومانه‌كان چوارشه‌ممه تا پێش به‌ره‌به‌یان به‌ردوامبوون له گوندی زه‌هر كه تێیدا پیاوێكی 75 ساڵ كوژرا. راشیگه‌یاند كه هێرشه ئاسمانییه‌كان له‌وكاته‌وه وه‌ستێنرابوون.
په‌یامنێرێكی ئاژانسی فرانس پرێس وتی قوربانییه‌كه -- ئه‌حمه‌د عیسا مو‌سا -- چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له حه‌له‌به‌وه ئاواره‌ی ئیدلیب بووبوو.
كوڕی قوربانییه‌كه، ئه‌بو ئه‌ناس وتی: "ئێمه له خه‌ودابووین... كاتێك گوێمان له ده‌نگی موشه‌كێك بوو كه 50 مه‌تر دوور له ئێمه‌وه كه‌وت."
ئه‌بو ئه‌ناس وتی باوكی نه‌یتوانی به‌خێرایی ماڵه‌كه‌یان به‌جێبهێڵێت به‌هۆی سه‌ختیی بهپێڕۆیشتنهوه و كوژرا، كاتێك دووه‌مین هێرشی ئاسمانی له دوو مه‌تر ئه‌ولا ئه‌وی دا.
هاوپه‌یمانێتی تووندڕه‌وی ته‌حریر شام كۆنترۆڵی زۆربه‌ی ئیدلیب ده‌كات له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌شێكی پارێزگاكانی حه‌له‌ب و لازقیه.